بەشێک لەوانەی کە لەناو دەزگای ئەمنی بەهۆی نووسین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداری ناڕەزایەتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ کاتژمێرێک یان زیاتر دەستبەسەر کراون، دەگێڕنەوە کە لێکۆڵەری بێ ئەزموون و نەشارەزا لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ، خەیاڵی تەنها لای مۆبایلی دەستگیرکراوانە، سەرەتای قسەکانی بریتییە لە: ئادەی مۆبایلەکەتم بدەرێ، ئەوە ئەگەر لەکاتی دەستگیرکردنەکە ئاسایش بە شەق زەوتی نەکردبێت.
وای لێهاتووە ئاسانترین و خێراترین ڕێگاکانی کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر کەسێک کە بۆ ئاوی خواردنەوە، بۆ شەقامێکی تەخت، یان بۆ موچەیەکی دزراو، ناڕەزایەتی دەردەبڕێت، یان بۆ دەرفەتی کاری یەکسان، یان کەرامەتی شکێنراوی، شەقامەکە بەڕووی هاتوچۆ دادەخات، کە دەبرێنە دەزگای ئەمنی، خەیاڵی بەشێک لە لێکۆڵەری تەمبەڵ لای مۆبایلی ئەو بەدبەختانەیە، تا لە رێی پشکنینیەوە مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نەتەوەییمان بزانێت!
پاساوی ئەم رەفتارەیان کۆکردنەوەی زانیاری نییە لەسەر چیرۆکی ناتەواوی ئاسایشی نەتەوەیی، کەهەر بنکەیەکی ئاسایشی ئەم وڵاتە جۆرێک گێڕانەوەو خوێندنەوەی بۆ دەکات و هەر بنکەیەکی ئاسایش جۆرێک حیکایەتخوانی تیایە، بەڵکو بۆ زانینی وشەی نهێنی (پاسۆرد)ی مۆبایلی دەستبەسەرکراوانە کە بە بێ ئەوە گێڕانەوەکەیان ناتەواوە.
دەستبەسەرکراون ئەندامی تۆڕی مافیای دەرمانی بەسەرچوو، یان مافیای ماددەی هۆشبەر یان بازرگانی کردن بەمرۆڤەوە نەبوون، چالاکوانان و بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستانن، رۆژنامەنووسان و رەخنەگرانن، کە دەستگیردەکرێن لە دامەزراوەی ئەمنییدا، مۆبایلەکانیان زەوتدەکرێت و پاسوۆردیان لێ وەردەگیرێت، ئیتر دەبێتە ئاهەنگێکی بە کۆمەڵ بۆ شکاندنی مافی پاراستنی نهێنی.
تا بەیانی هاوار بکە، "جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ، گەرەنتی پاراستنی تایبەتمەندی دەکات و مۆبایلەکانیشمان بەشێکە لە ژیانی تایبەتی"، ئەو مۆبایلەکەت لێوەردەگرێت لە پشتی مۆبایلەکە ناوی سیانی و پاسوۆردەکە دەنوسێت، بێ ئەوەی فەرمانی نووسراوی دادوەرت پیشان بدرێت. کام وێنەیە کام ڤیدۆیە لە مۆبایلکەی دەرهاتووە نازانرێت، بەڵام هەندێکیان لەکاتی لێکۆڵینەوەدا لە دژییان بەکارهاتووەتەوە.
ئینجا ئەندامانی پارتی و یەکێتی ئەوانەی وەک خەمخۆری کوردایەتی و مافی مرۆڤ خۆیان نمایش دەکەن، هەر دامەزراوەی بیرکردنەوەو مەعریفەتیان، تا مەکتەبەکانی میدیا و رێکخراوی جەماوەری و دیموکراتییەکانیان، بۆ رازی و ناڕازییان: ئەرێ جیاوازی ئەم رەفتارە و سانسۆری عەریفێکی دایرەی ئەمنی بەعس چییە؟
تەنها زەمان گۆڕاوە لە سانسۆری تەلەفونی ئەرزی، بۆ تەلەفونی دەستی، ئەو بە نهێنی سانسۆری لەسەر تەلەفونی ماڵان دادەنا، ئێستا بە ئاشکرا ئەم مۆبایل دەپشکنێت.
پشکنینی مۆبایلەکان، کە فەرمانی دادوەری هەبێت زۆر دەگمەنە، ئەوەی بەربڵاوە، لە دەستی دادوەرەوە کەوتووەتە دەستی ئەوانی تر. کاتی ئەوە هاتووە وەک خەمێکی گشتی و شکاندنی ماف و تایبەتمەندی هاووڵاتی کوردستان تەماشای بکەین و ئەم فەرھەنگە بگۆڕین.
رەنگە ئەمجارەیان ئاسایشێک بە تۆ بڵێت: ئادەی خێرا مۆبایل و پاسوۆردەکەت.