ئایندەی بەڕێوەبردنی غازی کوردستان لە نێوان چەقبەستویی سیاسی و واقیعیەتی بەغدادا

  01/01/2026  |    471 جار خوێندراوەتەوە
ئەو پاشەکشە گەورەیەی کە لە پێگەی بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستاندا ڕوویداوە، تەنها گۆڕانکارییەکی ئیداری نییە، بەڵکو گۆڕانێکی ڕادیکاڵییە لە فەلسەفەی حوکمڕانی وزەدا کە هەرێمی لە "یاریزانێکی سەربەخۆوە" بۆ "چاودێرێکی جێبەجێکار" لە چوارچێوەی هاوکێشەی (1+1)دا بچووک کردووەتەوە. ئەم واقیعە نوێیەی کە تێیدا حکومەتی ناوەند و کۆمپانیا بیانییەکان بڕیاردەری سەرەکین و هەرێم وەک لایەنی سێیەم تەنها ئەرکی ڕێکخستنی مەیدانی پێسپێردراوە، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی کۆتوبەندە یاساییەکانی دادگای فیدراڵی و فشاری سیاسییە کە دەرفەتی مانۆڕی لە بەردەم هەولێردا سفر کردووەتەوە.

درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە بۆ سێ مانگی تر، نیشانەی نەبوونی متمانەی سیاسییە  نەک چارەسەر، بەڵکو جۆرێکە لە سڕکردنی قەیرانەکان کە تێیدا کەرتی نەوتی هەرێم خراوەتە ناو تونێلێکی تاریکەوە و تەنها دەرچە لێی، تەسلیمبوونە بەو مۆدێلە مەرکەزییەی کە بەغدا دەیەوێت بەسەر هەموو جومگەکانی وزەدا بسەپێنێت.

لە پەیوەندی بە کێڵگە ستراتیژییەکانی وەک میران و تۆپخانە-کوردەمیر، هەر هەوڵێکی تاکلایەنە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ واژۆکردن و جێبەجێکردنی گرێبەستی نوێ، وەک خۆکوشتنێکی سیاسی و ئابوری دەبینرێت، چونکە ژینگەی ئێستای عێراق ڕێگە بە هیچ جۆرە پەرەپێدانێک نادات کە لە دەرەوەی چەتری وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بێت. مەترسییەکە لێرەدا تەنها یاسایی نییە، بەڵکو ڕەهەندی ئەمنی وەرگرتووە؛ هەر جوڵەیەکی بێ هەماهەنگی، دەبێتە هۆی چالاککردنی "ڤیتۆی سەربازی" لە ڕێگەی هێرشە درۆنی و موشەکییەکانەوە، کە ئامانجیان تێکدانی ژینگەی وەبەرهێنان و ترساندنی کۆمپانیا بیانییەکانە. 

کەواتە پێویستە تێڕوانین بۆ غازی سروشتی لە کوردستان لە "کارتێکی گوشار"ەوە بگۆڕدرێت بۆ "پردێکی پەیوەندی"؛ ئەمەش بەو مانایەی کە پەرەپێدانی ئەم کێڵگانە تەنها لە ڕێگەی لێکتێگەیشتنێکی فیدراڵی نوێوە دەبێت کە تێیدا غازی کوردستان ببێتە بەشێک لە تیکەڵەی وزەی نیشتمانی عێراق بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەی دەرەکی.

زانستیانە و واقیعیانە، سەردەمی گرێبەستەکانی "بەشداری لە بەرهەمهێنان" (PSC) لە کوردستان کۆتایی هاتووە و پێناچێت  بەغدا بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بدات ئەو مۆدێلە لە کێڵگە دۆزراوەکانی وەک میران و کوردەمیر جێبەجێ بکرێت، چونکە خاوەندارێتی یەدەگی غازەکە بە مافی ڕەهای دەوڵەت دەزانێت.

عێراق لە ئێستادا لە ڕێگەی گەڕەکانی پێنجەم و شەشەمی مۆڵەتدانەوە، مۆدێلی نوێی وەک "گرێبەستی قازانجی هاوبەش" یان "گرێبەستی خزمەتگوزاری تەکنیکی" بەکاردەهێنێت، کە تێیدا کۆمپانیاکان تەنها هەقی ماندووبوون و قازانجێکی دیاریکراو وەردەگرن نەک خاوەندارێتی بەشێک لە غازەکە. هەرێمی کوردستان دەتوانێت سود لەم مۆدێلانە وەربگرێت، گەڕێکی تری پیاچوونەوە بەو دوو گرێبەستە بکات کە لە مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ کۆمپانیای HKN بۆ کێڵگەی غازی میران و کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس بۆ کێڵگەی غازو نەوتی تۆپخانە - کوردەمیر واژووی کرد، هەروەها هەنگاوی نوێ بهاوێ  بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەکو کۆمپانیای شێڵ و تۆتاڵ ئینێرجی و پێترۆچاینا هاوشێوەی عێراق بێنە کوردستان وەبەرهێنەرانانی نوێ بکەن بە ئامانجی گەشەپێدانی زیاتر بە پڕۆسەکانی وەبەرهێنان لە نەوتی خاو و گازی سروشتی، ئەمە دەکرێت ڕووبدات بەو مەرجەی متمانەی بەغدا بەدەستبهێنێت کە ئەم غازە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی کارەبای عێراق و پیشەسازییە گەورەکان بەکاردێت.

بەبێ ئەم وەرچەرخانە ستراتیژییە، کێڵگە غازییەکانی هەرێم وەک سەرمایەیەکی خەوتوو دەمێننەوە و هەرێمیش لە بازنەی داخراوی قەیرانی دارایی و لاوازیی ئیداری تێپەڕ نابێت.
زیاتر