هەر چەندە وتەبێژی رەسمی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە کە هێشتا یەکێتی بە رەسمی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەست نیشان نەکردووە و پاشانیش هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی بەهەمان شێوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا و لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێکدا لەسەر هەمان بابەت بە پرسیارێک وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوەو وتی: (ئایا سەرۆک بافڵ یان یەکێتی بە رەسمی ناوی کەسێکی هێناوە کە کاندید بکرێت؟) وتیان نەخێر، وتی: (کەواتە هێشتا یەکێتی کاندیدەکەی خۆی دەست نیشان نەکردووە)، کەچی کەم رۆژ هەیە میدیای پارتی ناوی سەرکردەیەکی یەکێتی نەهێنێت گوایە لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە کاندیدکراوەو هەر خۆشیان کۆمەڵێک مەرج باس دەکەن.
ئەم جۆرە پەیامانە دەکەونە خانەی نابەرپرسیارێتی میدیایی و تەنها مەرامیان لەو پەیامانە لێدانە لەکەسایەتی سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبەرامبەردا میدیای ئێمە نەک ناوی هیچ سەرکردەیەکی پارتی نەهێناوە بەڵکو ئەو دوو کاندیدەی کە پارتی بە رەسمی کاندیدیکردن بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجونەنی نوێنەرانی عیراق (شاخەوان عەبدوڵڵا) و (د. فەرهاد ئەترۆشی) میدیای یەکێتی هیچ شتێکی لەسەر بڵاو نەكردنەوە، لەكاتێكدا تەنانەت زانیاری لەسەر شاخەوان عەبدوڵڵا هەبوو کە بەشێک لە لایەنی سوننەو شیعە ناڕازیبوون لەسەر کاندیدکردنی، بەڵام میدیای یەکێتی ئەو زانیاریانەی بڵاو نەکردەوە، بۆیە گەرەکە میدیای پارتی لەمە زیاتر پەیامی نابەرپرسیارانە لەسەر سەرکردەکانی یەکێتی بڵاونەکاتەوەو هەر رۆژێ ناوی کەسێک نەهێنێت گوایە کاندیدی یەکێتییە و بۆ رۆژی دواتر ناوی کەسێکی دیکە بێنێت، بەردەوامبوون لەسەر ئەم کارە نابەرپرسیارانەیە دەبێتە هاندەر و پاڵنەر کە میدیای یەکێتیش وەکو کاردانەوە هاوشێوەی ئەوان هەنگاوبنێت .