"ژن ئەبێت لە ماڵەوە بێت و خزمەتی پیاو بکات"!!
13/01/2026
|
532 جار خوێندراوەتەوە
ڕاستە ژن دەبێتە دایک و دایکیش زیاتر پێویستی بەوەیە لەگەڵ منداڵەکەی بێت و ئەگەر هەموو ژنان بچنە شەڕ و بەرگری و بکوژرێن ئەوا کۆمەلگە بەرەو داڕمان دەچێت و تەنانەت شەڕکەری پیاو کەم دەبێتەوە. بەڵام ئایا لە مێژووی ئیسلامدا ژنان هەمیشە لە ماڵەوە بوون وا ئێستا وتاربێژانی ئیسلامی دەیانەوێت ژنان لە ماڵەوەبن؟
ئایا خەدیجەی خێزانی پێغەمبەر خۆی بازرگان نەبوو؟
ئایا عایشەی کچی ئەبوبەکر مەرجەعی ئایینی و سیاسی نەبووە؟
ئایا (ئوم سەلەمە) لە سوڵحی حودەیبییە ڕاوێژکاری پێغەمبەر نەبوو؟
ئایا (نوسەیبەی کچی کەعب) لە شەڕی ئوحود بەشدار نەبوو؟
ئایا وەک واقدی و ابن اثیر باسی دەکەن، (خەولەی کچی ئەزوەر) فەرماندەو شەڕکەر نەبوو؟
ئایا (زەینەبی کچی جەحش) دەستڕەنگین و کاسب نەبوو؟
ئایا (روفەیدە) لەسەردەمی پێغەمبەردا و لە شەڕەکاندا پەرستار نەبوو؟
ئایا (هیندی کچی عوتبە) سیاسی نەبووە؟
ئایا (ئوم دەرداء) راوی حەدیس نەبوو؟
ئایا قورئان لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی (حەفسەی کچی عومەر)دا کۆنەکرایەوە و ئامادە نەکرا؟
ئایا (خەنساء) شاعیر نەبوو؟
ئایا (سومەیەی کچی خەیات) سیاسی نەبوو؟
ئایا وەک ابن اسحاق و ابن اثیر و ابن سعد دەیگێڕنەوە (سەفیەی کچی عبدالمطلب) لە شەڕی خەندەق جاسوسە یەهودیەکەی نەکوشت و شمشێر بەدەست نەبوو؟
ئایا (ئوم سەلیمی کچی مەلحان) هەمیشە خەنجەردار و تێکۆشەر نەبوو؟
ئایا دواتریش لە سەدەی ٧ی هیجری (شەجەرولدوڕ) سالی ١٢٥٠ ی میلادی سوڵتانی میسر و بەشداری جەنگی خاچپەرستان نەبوو؟
ئایا (راضیە سلطان)، لە ساڵی ١٢٣٦ بۆ ١٢٤٠ سولتانی دەهلی نەبوو؟
ئایا (زوبەیدە خاتون) کە پرۆژەی ئاوی مەککەی بەرێوەدەبرد کارکەر و سەربەدەرەوە نەبوو؟
ئایا (رابیعەی عەدەوی) و (بیبی فاتیمەی سەمەرقەندی) و سەدانی تری وەک ئەوان مامۆستایانی تەسەوەف و عیرفانی ئیسلامی نەبوون؟
کاتێک سەیری ئەمانەو دەیان نمونەی دیکەش دەکەین کە لە مێژووی ئیسلامدا باسیان کراوە و زۆریان بۆ سەردەمی خودی پێغەمبەر دەگەڕێنەوە، پێمان ناڵێن کە تەنها سەلەفیەتە کە لە پایەی ژن کەم دەکاتەوە؟
ئەگەر ژن بۆی نییە بێتە دەرەوەی ماڵ، کەواتە کاتێک ژنی پیاوێکی ئایینی یان سەلەفیەک نەخۆشیەکی ژنانەی دەبێت دەبێت بچێتە لای پزیشکێکی پیاو، تا لێ بنۆڕێت، چونکە ئەوکات پزیشکی ژن بوونی نابێت و نابێت ژنان بچنە زانکۆکان و لە نۆرینگەکاندا لەگەڵ پیاوان وانە بخوێنن!
|