شکستی کۆمەڵگەی دیموکراسی لە ڕۆژئاوا
19/01/2026
|
119 جار خوێندراوەتەوە
هەڵبەتە من وەک کوردێک هیچ نیگەرانیم لەوەی پڕۆژەی کۆمەڵگەی دیموکراسی لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرەو شکست دەچێت. ئێمە نزیکەی پێنج ساڵە لەگەڵ هەڤاڵانی قەندیل چەندینجار گفتوگۆمان کردووە لەسەر ترسناکی پڕۆژەی دیموکراسی، چونکە پڕۆژەیەکی ناواقیعیە و ناکرێت لەگەڵ داگیرکەری عەرەب و تورک و فارس، لەسەر خاکەکەی خۆت باسی پێکەوە حوکومڕانی بکەیت.
دەبێت ئەو پڕۆژەیە بەرهەمەکەی خۆی ببینێت، پێش هەمووشتێک کۆمیدیاییە لەگەڵ عەرەب و تورک و فارسدا باس لە پڕۆسەی دیموکراسی بکەیت، تەماشای کۆی نەخشەی ڕۆژهەڵات بکە، بزانە چەند حوکومڕانی دیموکراسی تێدایە! ئەو چەمکە بۆخۆی چەمکێکی پڕکێشەیە لە ڕۆژهەڵاتدا و دیموکراسیەتی ڕۆژهەڵات کورتکراوەتەوە بۆ ساتی دەنگدان بۆ پتەوکردنی حوکومڕانی، لەمە زیاتر نییە. هێنانی چەمکێکی لەوجۆرەی خۆرئاوا بۆ کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی عەرەبی و جێبەجێکردنی، وەک ئەوەیە کودەتایەکت لە تەواوی ڕەگوڕیشەکەیدا کردبێت، کۆمەڵگەی دیموکراسی تەنها بۆناو کورد خۆی جێگەی باسە، لەوە زیاتر بەرھەمەکەی شکست و لاوازی کوردە .
کۆمەڵەگەی دیموکراسی ھێنانی عەرەب و تورک و فارسە بۆ سەر خاکەکەت، تاکو بیانکەیتە بەشدار لە پڕۆسەی بەڕێوەبردن، لە کاتێکدا ئەم چەمکە ببە سەرخاکی عەرەب، یان تورک، یان فاس، باس لە پێکەوە بەڕێوبردن بکە، ھێشتا ڕستەکەت تەواو نەکردووە دەتکوژن، چونکە قبوڵناکەن تۆ لەسەر خاکی ئەوان قسە لە حوکومڕانی بکەیت، بەڵام تۆ وەک کوردێک کە فریوی چەمکی مافی مرۆڤی خۆرئاوات خواردوە، بە پڕۆژە کار بۆئەوە بکەیت ئەویتری داگیرکەر لەسەر خاکەکەت بمێنێتەوە و پێکەوە حوکومڕان بکەن، بەرھەمەکەی ئەو دژبوونەی خێڵە عەرەبییەکان و خەڵکە عەرەبەکەیە کە ئەمڕۆ لە رۆژئاوای کوردستان دەیبینن، بەھیوام ئیتر لە بانگەشەی کۆمەڵگەی دیموکراسی دەست ھەڵگرن و بگەڕێنەوە بۆ تێزی پێشینەکانی کورد، چونکە پێشنەکانی کورد بەباشی بەرکەوتنیان لەگەڵ تورک و عەرەب و فارس کردووە، بۆیە بانگەشەی جیاکردنەوەی ماڵی کوردیان کردووە.
ھەڵگرتنی چەمکی کۆمارەکەی قازی و ئیشکردن بۆی، واقیعی ترین خەونی کوردە بەرامبەر بە داگیرکەران. تەنھا ئەو چەمکەی قازی دەتوانێت لە داھاتوودا کورد بەرەو ئاسودەیی ببات، ھەر پڕۆژەیەکی تری، وەک لامەرکەزی، فیدراڵی، نەتەوەی دیموکراسی، ھیچ واتایەک بە داھاتووی کورد نابەخشن، جگە لە ھەڕەشەکردن بۆسەری و وێرانکردنی. کۆی پڕۆژەکانی وەک لامەرکەزی و فیدڕاڵی و نەتەوەی دیموکراسی، ھەوڵێ قۆناغە مێژووییەکانی کوردە بۆ خۆگونجاندن و شوێنکردنەوەی خۆی، ھەوڵێکی ناچارییە و بەرھەمەکەشی بە شکستی کورد وەرگەڕاوە.
ئێمە دوو ئەزموونی باش لە پێشمانن، کە دەتوانین بۆیان بگەڕێینەوە و شرۆڤەیان بکەین، تاکو لە داھاتوودا کاری لەسەر بکەین و ئیشی بۆ بکەین، ئەزموونی قازی محەمەد و سەرلەنوێ زیندووکردنەوەی چەمکی کۆمار، ئەزموونی سمکۆی شکاک، بۆ پاککردنەوەی خاکی خۆت لە ھەموو داگیرکەر و نۆکەرێک، پاشان دەرخستی ھزری داگیرکردن بۆئەوەی شەڕی خۆت لە سەرزەمینی ئەودا بکەیت و ماڵەکەی خۆت بپارێزیت و مێژوو دروستبکەیت. ئەم دوو ئەزموونە یارمەتیمان دەدەن، لە داھاتوودا پڕۆژەی لامەرکەزیەت و فیدڕاڵی و نەتەوەی دیموکراسی، پەراوێز بخرێن و ھزری کۆمار شوێنیان بگرێتەوە، ئەمە ئەگەر لە واقیعیشدا تەحقیق نەکرێت لە ھزردا دەچەسپێت و کۆتایی بەو چیرۆکانە دێت، کە ئەنجامەکەیان ئەوەیە دوێنێ لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی خاکی کوردستاندا دیمان و ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان دەیبینن.
ھەڵبەتە تا ئێرە لە ڕۆژئاوای کوردستان شەڕەکە لەناو خاکی عەرەبدایە. ھەڵگەڕانەوەی عەرەبەکان دژی کورد، چاوەڕوانکراوبوو، چونکە عەرەب نە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسییە، نە توانای قبوڵکردنی ئەوەی ھەیە گەلی تر ڕابەرایەتی بکات. عەرەب و داگیرکەرەکانی دیکەش، تەنھا بەھێز دادەمرکێنەوە. ئەو چیرۆکەی خۆرئاوا لە داھاتوودا ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتـەوە، چونکە کە ھەرێم پچڕاو کەوتە شەڕەوە لەگەڵ دەسەڵاتی عێراق، لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی دەرئەنجامەکەی دەبینین، کە چۆن ئەو عەرەبانە دژی کورد دەجوڵێنەوە.
بە ھیواین کوردانی ڕۆژئاوا دوای کشانەوە لە خاکی عەرەب، کە گەڕانەوە بۆ خاکەکەی کورد، دەست لە چەمکی نەتەوەی دیموکراسی بەردەن و وەک کورد بیرلە بەڕێوەبردن و پاککردنەوەی خاکەکەیان بکەنەوە. گەر ئەم بیرۆکەیە نەگۆڕن جارێکی تر تووشی شکست دەبنەوە و ھەڵگەڕانەوە دژیان لە چەندین شوێنی دیکە لەلایەن عەرەبەکانەوە ڕوودەدات.
|