ئەگەر ئەم مەزڵوم عەبدییە یەک ئۆکەی بکردایە..
21/01/2026
|
3142 جار خوێندراوەتەوە
ناماقوڵییان کرد ئەوانەی دەڵێن ئەم جیلە و خەڵک ئینتیمای نەماوە بۆ کوردبون، ئەوەی ئێستا کوردبون پەخشدەکات بۆ دونیا و گیان و دڵی بەر ئازاری کوردبونی دەکەوێت، خەڵک و ئەم جیلە بزێو و وتو وریایەیە، کە شەقام و سۆشیال میدیا و شارەکانیان خرۆشاندوە، سەنگەری جەنگ و بەرگریش لە ڕۆژئاوا، هەر ئەوانن گڕیانداوە و سنگ بە گولەوە دەنێن.
سەیری ئەکاونت و پەیج و سۆشیال میدیای سیاسیی و سەرۆک حیزب و پەرلەمانتارە ئەکتیڤە دەم قەرەباڵغەکانم کرد، بەشێکیان کە کەمنین! ئامادەنەبون بە دێڕێک پشتیوانی ئەم دۆخەی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن و خەمی کوردبون بیانهێنێتە قسە! ئەمە چ جای خوانەخواستە بگات بەوەی هەڵوێستی کرداریان هەبێت بۆ ئەوەی ئێستا لە ڕۆژئاوای نیشتیمان دەگوزەرێت!
خوانەکردە سبەی ئەم هەرێمەی باشور بکەوێتە بەر هەڕەشەی سەربازی، نە دۆستە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیەکان و نە بیڕوباوەڕە هاوردەکراوەکان ناتوان بەرگری لە بارەگا و مەقەڕ و حزب و بەرژەوەندیەکانتان بکەن، ئەوەی هیچکات نابێت گرەوی لەسەر بکرێت و دەبێت ئومێدی لەسەر دروستبکرێت ئەو گیانی یەکبون و کوردایەتیەیە کە هەمیشە ئامادەیە بۆ قوربانیدان.
لە دیبلۆماسیەت تێدەگەین، بەڵام جاشەیەتیمان لەژێر ئەو ناونیشانانەدا پێ مەفرۆشنەوە! لە دۆستایەتی تێدەگەین، بەڵام پاشکۆیەتی دوژمن بۆ یەکلاکردنەوەی دەستشکاندنەوە ناوخۆییەکان لە ژێر ئەو ناونیشانەدا پێ مەفرۆشنەوە.
ئەم پشتیوانییە سەرتاسەرییە لەخۆوە و لە خۆڕا دروستنەبوە! سەرەڕای هەر تێبینیەک لەسەر بیروباوەڕی مەزڵوم عەبدی، بەڵام ڕاست و ڕاسگۆبوو لەگەڵ خەڵک و دۆزی کورد، یەک ئۆکەی ئەم مەزڵوم عەبدییە بۆ تورکیا و سوریا، بۆ هەمیشە لە پێگەی سەرکردەیەکی قات لەبەری پارە بۆ ڕژێندراو دەمایەوە، لە بەرامبەردا، خەڵک و دۆزەکەی دەدۆڕاند، بەڵام نەئی هەڵبژاردو بۆ هەمیشە پشتیوانی هەمو کوردی بۆ ڕۆژئاوای نیشتیمان بردەوە.
کارزان عوسمان
|