ئەمریکا سیناریۆی بارزانی باوک دوبارە دەکاتەوە؟

  12/05/2026  |    1619 جار خوێندراوەتەوە

٥٦٧ رۆژ لەمەوپێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ئەنجام درا، هەڵبژاردنەکە دوای ٧١٤ ڕۆژ دواکەوتن بەڕێوەچوو!

واتە، ١,٢٨١ ڕۆژە ئەم کابینەیەی ئێستا ماوەکەی بەسەرچووە و شەرعیەتی خۆی لە دەستداوە کە ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ٤ ڕۆژ دەکات.

لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا، درێژترین ماوەی پێکهێنانی حکومەت پەیوەستە بە کابینەی نۆیەم و کابینەی دەیەمەوە (کابینەکانی مەسرور بارزانی) کە یەکەمیان دوای هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ پێکهێنرا.

ڕێکەوتی هەڵبژاردن: ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٨.

• ڕێکەوتی سوێندخواردنی کابینە: ١٠ی تەممووزی ٢٠١٩.

• ماوەی چاوەڕوانی: نزیکەی ٢٨٤ ڕۆژ (واتە ٩ مانگ و ١٠ ڕۆژ).

ئێمە ئێستا لە ١٠ی ئایاری ٢٠٢٦ داین، و هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ ئەنجام دراوە. واتە تاوەکو ئەمڕۆ ٥٦٧ ڕۆژ (نزیکەی ١٨ مانگ و ٢٠ ڕۆژ) بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە.

کە تاوەکو ئێستا حکومەتی نوێ (کابینەی دەیەم) نەک هەر دەستبەکار نەبووە بەڵکو ئاسۆی پێکهێنانی لە مەودای نزیکیشدا دیار نیە! ، کەواتە ئەم قۆناغەی ئێستا دەبێتە درێژترین ماوەی مێژوویی لە هەرێمی کوردستاندا، چونکە پێشتر هیچ کاتێک پێکهێنانی حکومەت نەگەیشتووەتە ساڵێک و شەش مانگ.

ئەم ژمارانە چیمان پێ دەڵێن!

لەو کاتەوەی مەسرور بارزانی کوڕە گەورەی مەسعود بارزانی هاتوەتە پێشەوە، پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت پارتی و یەکێتی بەردەوام خراپ بووە.

خراپ بوونی ئەو پەیوەندیانە زیانی بە پێگەی هەرێمی کوردستان لەلایەک و بەرژەوەندی زلهێزەکان بە تایبەت ئەمریکا لەلایەکی دیکە گەیاندووە.

لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە بۆ یەکەمجار ئەمریکا هاوکارییە داراییەکانی بۆ پێشمەرگە راگرت، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەمریکا لەو ھاوکاریانە یەکخستنی هێزەکانی پارتی و یەکێتی بوو لە چوارچێوەی هێزێکی نیشتیمانیدا.

بەڵام بە هاتنە پێشەوەی مەسرور بارزانی و خراپ بوونی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، ئەمریکا ئەو ئامانجەی لە هەرێم بە دەست نەهێنا و دواجار بە بڕینی هاوکارییە داراییەکان کۆتایی هات.

ئەوە جیا لەو پاشەکشە گەورەیەی کە لە کابینەی نۆیەمیەوە حکوومەتی ھەرێم لە بوارەکانی ئازادی و فەزای کاری میدیایی، سیاسی و رێکخراوەییدا تۆماری کردووە.

پەیامی ئەمریکییەکان ڕوونە، ھاوکارییە دارایی و سەربازییەکان بۆ پاراستنی قەوارەیەکی یەکگرتووە، نەک بۆ بەھێزکردنی باڵە جیاوازەکان لە دژی یەکتر.

ئەم ژمارانە پێمان دەڵێن، کە بەردەوامی دان بە سیاسەتی پشتگوێ خستن و بە کەمگرتنی یەکێتی لەلایەن مەسرور بارزانیەوە ،دوور نیە ھەرێمی کوردستان بەرەو دوو ئیدارەیی و تەنانەت تا پێکدادانی چەکداریی سنوردار ببات کە ئەمە لای ئەمریکییەکان قبوڵکراو نیە.

لای ئەوان، ھەرێمێکی لێکترازاو تەنیا مەترسی نییە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان، بەڵکو مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە، چونکە لێکترازانی ھێزەکان ڕێگە بۆ گروپە پەڕگیرەکان و دەستوەردانی زیاتری وڵاتانی دراوسێ خۆش دەکات.

وەک ئەوە دوای ١٩٩٢ روویدا و دەیان گرووپی جۆراوجۆری چەکدار پەیدا بوون.

بۆیە دوور نیە ھەمان سیناریۆی بارزانی باوک جارێکی دیکە دووبارە نەکرێتەوە و کاندیدی دڵخوازی زلھێزەکان لەناو پارتیدا دیاری نەکرێت، بەوەش دەسەڵات لە مەسرور بارزانیەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی بگوازرێتەوە.

چونکە ساڵی ٢٠١٧ ئەمریکییەکان ھەمان میکانیزمیان بەرانبەر بارزانی باوک گرتەبەر و دەسەڵاتەکانیان بەسەر کوار و برازاکەیدا دابەشکرد.

زیاتر