شەرمەزارکارانی (پاریس) لە بەغدا ..

کاوە محەمەد

ئەندامی پەرلەمانی عێراق
  02/09/2020  |    2121 جار خوێندراوەتەوە

دیاریکردنی (شوێن) بۆ دیدار و کۆبوونەوە سیاسیەکان، لەدنیای دیپلۆماسیەتدا مانا و مەغزای گرنگی خۆی هەیە ..

فەرەنسا، کە لەدوای راپەڕینی (١٩٩١)ەوە و لەسەردەمی سەرۆک ( فراسوا میتران) ەوە تا بە ئێستا دەگات، پشتیوانێکی بەهێزی پرسی کورد و هەرێمی کوردستان بووە و لەوپەڕی دۆخی خراپی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی کورددا، پاریس هەمیشە باوەشی بۆ سەرکردەکانی کورد کردۆتەوە، نەک هەر بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ سەرکردەی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش ..

پرۆژەی (رێککەوتنی پاریس) بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پارتی، زۆر لەوەی واشنتۆن و (مادلین ئۆلبرایت )ی سەرپەرشتیارەکەی، بەهێزتر و سترتیژیانەتر بوو بۆ هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەوسا پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەر خاتری تورکیا، بنکۆڵی نەکردبایە..

بۆیە ئەوکاتە مراندنی ئەو هەوڵانەی دۆستە فەرەنسییەکانمان، بۆ هەموو کورد مایەی شەرمەزاری بوو کە لایەنێکی سیاسی کوردی، پێش ئیمزاکردنی، ئەو مەرجەی پاریسی پشتگوێخست و بۆ رازیکردنی تورکیا لەخۆی، ناوەرۆکی رێککەوتنەکەی بۆ ئاشکراکردن .

لەماوەی رابردووشدا فەرەنسا لەچوارچێوەی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی (داعش)دا، جیا لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانی، هەمیشە تایبەتمەندییەکی سیاسی و دیپلۆماسی و ئەمنی، بە هەرێم و هەولێر دەدا

کە ئەگەر خاوەنی سەرکردەی حەکیم و دووربین بووینایە، ئەو پشتیوانییەی فەرەنسا و هاوپەیمانەکانی دیکەی کوردیان نەدەکردە قوربانی مەزاجی شەخسی و حزبیی خۆیان و بە هاشوهوشی ( ریفراندۆمێک) ی نامەدروس و سەرەڕۆیانە بەهەدەریان نەدەدا کە وەک یەکێک لەسەرەنجامە نێگەتیڤە زۆروزەوەندەکانی

ئەمڕۆ سەرۆک ماکرۆن لەباتی ئەوەی بۆ بینینی بەرپرسانی هەرێم سەردانی هەولێر بکات، هەموویان رابکێشێتە بەغدا و ئەو مەسیجەیان بەڕوونی پێ بڵێت کە ئیتر هەرچی پەیوەندی و بزاوتی دیپلۆماسیان هەیە، دەبێ لەرێگەی بەغدا و بە ئاگاداری حکومەتی فیدراڵ بێت

هەربۆیەش سەرۆکی هەرێم بێ رتوش رایگەیاند کە؛ "ئەوان شانازی بە عیراقیبوونی خۆیان-ەوە دەکەن".. ئەمەش حیکمەتی بێ حیمەتیی بڕیاری (ریفرادۆم)ەو داننان بەواقیعی پاشەکشەی پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیی هەرێم دەردەخات، نەک بەهێزبوونی، وەک هەندێ لەبانگەشاکارانی حزبی وێنای دەکەن .

زیاتر