منداڵەکانتان مەکەنە بێگانە

ئیسماعیل حەمە ئەمین

نوسەر و دەروناس
  24/09/2020  |    1583 جار خوێندراوەتەوە

گەندەڵی دووجۆرە یەکەمیان هی سیستمە و دووهەمیشیان شۆڕدەبێتەوە دەبێتە (خود-گەندەڵی) و خەڵک بێئەوەی بەخۆی بزانێت ژیانی خۆی گەندەڵ دەکات.

لێرەدا هەڵوێستە لەسەر گەندەڵییەک دەکەم کە باوکان و دایکان بێئەوەی مەبەستیان بێت لەبەرامبەر منداڵیان دەیکەن.

ئەم گەندەڵیە گەیشتۆتە ئاستێک منداڵ زمانی دایکی خۆی نازانێت. منداڵێکیش زمانی نەتەوەیی خۆی نەبێت، شوناسی سایکۆلۆژی خۆی وندەکات. هەمیشە هەستدەکات شتێکی کەمە، شتێکی لێ ونبووە.

جا گرنگ نییە، ئایا نەتەوەکەی هەژار بێت یان داگیراو یان وێران، ئەوا زمانی نەتەوە ڕەگێکە لە ڕۆحدا و مرۆڤ بێ رۆح بونەوەرێکی بێ بەهایە.


من لێرەدا نموونەیەک دێنمەوە؛ منداڵانی ئێمە کە لەدایکبووی ئەوروپان، سەرەتا کە منداڵن زۆر حەزناکەن بە کوردی قسەبکەن، بە کوردی قسەدەکەین لەگەڵیاندا بەڵام بە زمانی ئەوروپی وەڵامدەدەنەوە. بە مانای تێدەگەن بەڵام نایەوێت قسەبکەن بەکوردی. بەڵام سەیرە هەر کە دەبنە هەرزەکار چیتر بە زمانی دایکی خۆیان کە زمانە ئەوروپییەکەیە نەک کوردی، ئەو زمانەی لەگەڵیدا لەگەڵیدا گەورەبوون، قسەناکەن. ئیدی بایدەدەنەوە سەر کوردی قسەکردن و فێربوونی زمانی کوردی و پرسیارکردن لەبارەی مانای زۆر ڕستە و دەستەواژەکان.

 بۆچی ئەمە ڕوودەدات؟ وەڵامی ئەمە ئاسانە، چونکە هەستدەکەن زمانێک هەیە شوناسی خۆیانە، ڕەگی خۆیانە و ڕۆحی خۆیانە، مرۆڤ هەمیشە دەگەڕێتەوە بۆ ئەسڵی خۆی.

خۆ ئەگەر ئێستا یەکێک بێت و بڵێت؛ من دەمەوێت منداڵەکەم فێری ئینگلیزی و فەڕەنسی و ئەڵمانی بێت بۆ دواڕۆژی! ئەوا من پێیدەڵێم؛ ڕێگە زۆرە بۆ فێربوونی زمانی بێگانە و مرۆڤ لە ڕووی سایکۆلۆژیی مەعریفییەوە گەر زمانی خۆی بە باشی نەزانێت، زمانی دیکە بە باشی فێرنابێت.

 بەڵام دەبێت زمانی خۆی بە باشی بزانێت. بێگومان کوردی هەم وەک نوسین و هەم خوێندنەوە و هەم قسەکردن.

خۆ ئەگەر حونجەتێکی تر ئەوە بێت، کە قوتابخانەکانی حکومەت وێرانە و بە مەجبوری ئەوە دەکەیت، ئەمەش ڕاستە، بەڵام ئەوە بزانە لەو قوتابخانە بێگانانەدا منداڵەکەت دەبێت (بێگانەیەک لە وڵاتی خۆی) ئەمەش کارەساتە.

لەڕووی دەروونیەوە وێرانی دەکەیت، چونکە منداڵ لەم قوتابخانەدا لە کۆمەلگەی خۆی دادەبڕێت، چونکە زمان ماڵی بوونە وەک هایدگەر دەڵێت، تۆ زمانی لێدەستێنت و نیوە زمانی دەکەیت و بەمەش ڕۆحی نامۆ دەکەیت بە دەروروبەری. ئیدی منداڵ گەشتی لەگەڵ نامۆبوونێکی قووڵ دەستپێدەکات و لەگەڵیدا گەورە دەبێت.

تەنها ئەوانەی وەک ئێمە ئاوارە و دەربەردەبووین و ژیانمان سەد و هەشتا پلە گۆڕا، دەزانین مرۆڤی ئاوارە و نامۆ، کە یەکجار ئاوارە بوو ئیدی بۆ ئەبەد ئاوارەیە.

 ئاوەرایی بەڕێزان بارێکی دەروونییە پێش ئەوەی فیزیکی و لۆکالی بێت، نامۆبوون برینێکی دەروونی ئەوەندە قووڵە کە وەک فیشەکی گەرماو گەرم وایە، سەرەتا هەست بە ئازاری ناکەیت بەڵام لەناوەوە ڕۆحت دەخوات.

 برینی نامۆیی وایە بەڕێزانم، سەرەتا دڵشادیت بەوەی لە ئەوروپایت، وا دەزانیت لە سەر زەوی بەهەشتیت، بەڵام بێئەوەەی بەخۆت بزانیت هەڵسوکەوتت دەگۆڕێت، بەڵام گۆڕانێکی نا سروشتی. تەنانەت بیرکردنەوەت لەتدەبێت و ڕۆح لەتدەبێت لە نیوان ئێرە و ئەوێدا، لە نێوان دوو کایەی کولتوری و زمانەوانیدا، لەسەروو هەمووشیانەوە چاوی هاوڵاتیانی ئەوروپی و پرسیارەکەیان؛ لەکوێوە هاتوویت؟ دەمێنیتەوە؟ ئێرە خۆشە؟... هتد. نامۆبوون بەوە کۆتایی نایەت، تەنانەت کە دەگەڕێیتەوە بۆ وڵاتی خۆت ئەو هەستکردن بە نامۆیە بەدووتەوەیە.

هەستکردن بە نامۆیی هۆشیارییەکی قووڵی دەوێت، کەی هۆشیار بوویت کاری لەسەر دەکەیت. بەڵام کەهەستی پێ نەکەیت هەڵسوکەتت بۆ ئەبەد دەگۆڕێت و دەبیتە نیوە مرۆڤ.

هەربۆیە گوتوومە؛ ئیدی جارێک ئاوارە بوویت و هەمیشە ئاوارەیت. نامۆبوون برینێکی دەروونی سەختە، ڕۆح پارچە پارچە دەکات. لە ڕۆمانی (گۆشەگیری) دا بە ڕوونی باس لەو بارە دەروونی و گۆشەگیرییە ڕۆحیە سەختە دەکەم.

دیارە ئێمە لەبەر شەڕی ناوخۆ و جەنگی ئێران و ئێراق ئاوارەبووین، بەڵام ئێوەی دایک و باوک بۆ ئەم جەنگە دەخەنە ڕۆحی منداڵەکانتانەوە و ئاوارەیان دەکەن؟! خۆ ئەگەر لە ئێستاوە ئامادەی بکەین وەک خۆتان دەڵێن (بۆ خاریج)، ئەوا لە ئێستاوە حوکمی نەفکیردنی ڕۆحی و جەستەیی بەسەردا دەدەیت، چونکە منداڵێک هەموو تەمەنی لە قوتابخانەی ئینگلیزی و فەڕەنسی و ئەڵمانی بەسەربردبێت، حەتمەن دەیەوێت بچێتەوە بۆ نیشتمانەکەی خەیاڵبۆکراوەکەی خۆی کە ئەو زمانەیە تێیدا گەورە بووە.

کە دەشگاتە ئەوێ لە ئینگلاد و فەڕەنسا و ئەڵمانیا، دوای ئەم هەموو ساڵە بۆی دەردەکەوێت کە هیچیتر نەبووە جگە لەوەی ئامادەکراوە بە پارەی خانەوادەکەی بۆئەوەی وەک ئەجنەبیەک و پەناهەندەیەک و پەراوێزخراوێکی بێگانە بژی.

 سەیری جەزائیری و تونسی و مەغربیەکان بکەن، عەرەبی نازانن بەڵام بە حوکمی کۆلۆنیالیزم بە فەڕەنسی گەورە دەبن، کەچی لەفەڕەنسا وەک هاوڵاتی ژمارە چواریش سەیریان ناکەن.


بە دیوێکی تردا، ئەوروپا کاری نییە بۆ منداڵانی خۆی، ئێستا هیچ ناکات باوەش بۆ تۆ دەکاتەوە کە منداڵێکە بە لەتە زمانێکەوە لە دونیای سێهەم گەورە بووە؟...

 لە دواجاردا گەر مەسەلە فێربوونی زمان بێت بۆ دواڕۆژ، هەزارەها ڕێگە هەیە مرۆڤ فێری زمان بێت. لەهەر تەمەنێکدا بێت، مرۆڤ دەتوانێت بە ئیرادەی خۆی ژیان دروستبکات، بەڵام ئەوە بزانە کە منداڵی خۆت کرد بە بێگانە لە وڵاتی خۆیدا، ئەوا ئیرادەکەی لێ دەستێنیتەوە و مرۆڤی بێ ئیرادەش تا دواساتی تەمەنی هەست بەکەمی دەکات و ڕۆحی زەلیلە.

زیاتر