بەناوی موزایەدەی كوردایەتی بێ‌ دەنگی لەسوكایەتی كردن بەپێغەمبەر

د. ئیدریس کاریتانی

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
  26/10/2020  |    3302 جار خوێندراوەتەوە
نەزعەكی نەفامی و گێژانە بەناوی كوردایەتیەكی موزەیەف و بێ‌ بنەما پەیدا بوە ، بەردەوام موزایەدە بەكوردایەتی كردن بەخەڵك دەفرۆشنەوە ، وەك ئەوەی كەس ئاگای لەگەندەڵی و خیانەتی نیشتیمانی و هێنانی دەبابەو سەربازی وڵاتان نەبێ‌، هەمو خەڵك بەجاش و خۆفرۆش لەقەڵەم دەدەن ، هەر ئەوان نیشتیمان پەروەرو كورد، 

خۆزگەم دەخواست ئەوانە شەڕی خزمەتكردنی كوردایەتیان بكردایە،، كوردیان بگەیاندایە كەناری ئارامی، ئێستا حاڵی كورد و كوردستان بەم شێوازە نەدەبو، دوای 30 ساڵ حوكم ئێستا كوردستانێكی پارچە چارچە كراو ، بۆ چەند زۆن دابەشكراو، لێكترازاو و بێ‌ نان و بێ‌ ئاو، %51 لەدەستدراو، كۆمەڵێك دزو ماڵ بەتاڵان براو، هەریەك بەئاوازێك دەخوینێ‌، ڕۆژنامەنوس لەبەدینخانە دەمینێ‌، بۆ كورسی و پلەو پایە هەمو كوردستان چاچار فرۆشرایە،

 ئێستا بۆ پەردە پۆشكردنی ئەم هەمو كارەساتەی بەسەر ئەم میللەتەو خاك و نیشتیمانەیان هێناوە، بەناوی كوردایەتی و دۆستایەتی فەرەنسا دژایەتی ئەو كەسانە دەكەن كە دژی ئیرهابی فەرەنساو ماكرۆنن، وەك ئەوەی پشتگیری لەسوكایەتی كردنەكە بەپێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) بكەن، یان پێیان خۆش بێ‌، بەڵام لەوانەیە نەوێرن بەئاشكرا وا بڵێن، بەم ناوە خەڵك سارد دەكەنەوە. 

بەم كارەیان جارێكی تر سەركردایەتی سیاسی كورد هەڵەی مێژوی دوبارە دەكاتەوە، خۆی لەهەمو جیهانی ئیسلامی دادەبڕێ‌ ، كوردستان لەناو جەرگەی جوگرافیای ئیسلامیەو چارەنوسی لەگەل ئەوانە نەك لەگەڵ فەرەنسا، هەمو میللەتێك تەنانەت رۆژئاواش رێزی لە میللەتێك دەگرێت بەوەی بەرگری لەمەبادیئو ئایینی خۆی بكات، نەك حاشای لێ‌ بكات، 

دەبێ‌ بزانن دونیا جیهانگیریە و هەمو ڕاگەیاندنەكانتان جیهانی ئیسلامی پێی دەزانی خۆ ڕادیۆ نیە، دوای بەتەمای پشتگیری نەبن، بەدژایەتی ئیسلام تۆ لەلای فەرەنسا شیرن نابی، چونكە ئەمە قاعیدەیە لەلای ئەوان دەڵێن میللەتێك بەرگری لەدین و عەقیدەی خۆی نەكات بۆ ئێمەش هەر خائینەو بەكەڵك نایەت، سەركردە سیاسیە عەرەبەكانی پێشی ئیوە زیاتریان لەئیوە كرد بۆ رۆژئاواو فەرەنسا، هیچ سودی نەبو، كاتێك لێیان قەوما بەپەنا هەندەش وەریان نەگرتن، 

لەهەموی كارەساتر هەندی گەمژە هەن فەرەنسا كە داریژەری سایكس بیكۆیەو كوردی دابەش كردوە بەسەر ولاتان، دەڵێن فەرەنسا دۆستی كوردە، چۆن؟ چونكە ژنی فلانە بەرپرسی فەرەنسی كوردی خۆش دەوێ‌، تۆ وەرە ئەم چۆرە كەمژەیە تێ‌ بگەینە، بەتەمای ژنی بەرپرسێكی فەرەنسی بەرپرسەكەش نا ژنەكەی كورد رزگار بكات، ئێوە نابێ‌ ئەوە بزانن ئەگەر بەخۆت لەگەل میللەتی خۆت ڕاست نەبی نابێ‌ بەتەمای خەڵكی تر بی، كوردایەتی نابێ‌ لەسەر حیسابی دینت بی، 

بەتایبەتی ئێمەی كورد میژوو سەروەری و ناسراوی و شانازیمان تەنها بەئیسلامە، نازناوت هەبێ‌ بەسەركردەی سیاسی خۆ ناوی تۆی گەندەڵ نایەت، ناوی صلاح الدینی ئەیوبی دێت، ئەگەر زانست بێ‌ ناوی ئیبنو تەیمیە و ئیبن و خەلكان و شارەزوری و مامۆستای مودەریس دێت، مێژویكتان نەنوسیەوە جێگای شانازی بێ‌، پێم وایە خۆشتان میژوی خۆتان بخوێننەوە شەرمی لێ‌ دەكەن، ئینجا رجام وایە خەڵك بەناوی كوردایەتی فێری بێ‌ هەڵوێستی مەكەن، باخەڵك دژی توندڕەوی وئاژاوە گێڕی بێت، نیشتیمان و خاك و وڵاتی خۆی بەڕاستی خۆشبوێت و بەرگری لێ‌ بكات.

زیاتر