زۆرینەی كارئەكتەرە سیاسییەكانمان باسی گەندەڵی دەكەن ،هەموویان باسی چاكسازیی وچاكردن وباشكردنی حكومڕانی دەكەن ،لەمسەرەوە بۆ ئەوسەر قسە و فەیسبووكیان پڕە لە دروشمی چاكەی گشتی وگەڕانەوەی هەقی میللەت و پاكسازیی وپاكردنەوەی وڵات لە گەندەڵكار و لادەر ودز .هاوارتان دەڵیی سەدای بولبولە كاتێك باسی مافی خەڵك وموچەخۆردەكەن، پڕمان دەكەن لە رستەی پڕ جوانی شەفافیەت و نەهێشتنی مەحسوبیەت و گەڕانەوەی دەستپاكیی بۆ هەموو جومگەیەك.
تەماشابكەن ئەو بەرپرسانەی كە كە دوێنێ لە لوتكەی دەسەڵاتبوون ،پەرلەمانتارەكانی تەمەنێكە خانەنشینی وەردەگرن،وەزیر وبریكارەكانی عەیامی زوو ،سەركردایەتییەكان وبەرپرسە حزبییەكانی كە نەك خۆیان،بەڵكو كچ وكوڕ وبوكەكانیشیان خاوەنی دەیان پرۆژەی قەبەی بازرگانین، ئەم لەشكرە لە خەڵكی دەوڵەمەندبووی دوای راپەڕین هەموویان دەڵێن گەندەڵی هەیە ، كەواتە كێ گەندەڵە؟ ئەوان دەنگی تەقوای راستگۆیی ودەستپاكی بەرزدەكەنەوە، ئەی كەواتە كێ قورئانەكەی دزی ؟
یادی بەخیر دایكی باوكم ساڵی ١٩٥٦بەنەخۆشی كۆچی كردوە ،تەنانەت باوكم بە خەیاڵ شكڵی دایكی خۆی دێتە بەرچاو ،نەنكم پێش روخاندنی پادشایەتی وهاتنی ئاشوبی كۆماریی ماڵئاوایی لە ژیان كردوە ،زۆرجار گومانم لادروستدەبێت ،لەخۆم دەپرسم :تۆ بڵی هۆكاری گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی ئەو نەنكەی من نەبێت؟