یەکێتی پشتیوانی کاندیدە کوردەکان دەکات لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی سوید

  52   خولەک پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەمەبەستی پشتیوانی لە کاندیدە کوردەکانی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی وڵاتی سوید بەئامادەبوونی سالار مەحمود لێپرسراوی ناوەندی دەرەوەو ئەمەل جەلال لێپرسراوی بۆردی رێکخراوە دیموکراتیەکان و چەند کاندیدێکی کوردی ناو لیستی سۆسیالدیموکراتەکان کۆبونەوەیەک لە شاری یۆتۆبۆری رێکخرا.

شادیە حەیدەری پەرلەمانتاری پێشووی سوید و کاندیدی شاری یۆتۆبۆری بۆ پەرلەمان سوپاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی کرد بۆ پاڵپشتیان لە رەوەندی کوردی بەگشتی و ئەو پرۆسە نوێیە کە چەندین کوردی بەشەکانی کوردستان خۆیان پاڵاوتوە بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنە خۆجێیەکان.

لە وتەیەکدا سالار مەحمود ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی ناوەندی دەرەوە رایگەیاند: ئامادەبونی ئێمە بۆ پشتیوانیە لە کاندیدە کوردەکان لە لیستی سۆسیالدیموکرات و کاندیدە کوردەکان بەگشتی لەناو پرۆسەکە.

هانی رەوەندی کوردستانی دەدەین بچنە ناو حکومەت و پەرلەمان و رێکخراوە کەلتوریی و مەدەنیەکانەوەو، خۆشیان لەهەموو کەس باشتر دەزانن ئەمە خەباتێکی سەردەمیەو خۆیان سەرمەشقی ئەو تێکۆشانەن. ئەم جۆرە لەخەبات لەچەند روویەکەوە بۆ پرسی کوردستان و پەیوەندی نێوان کۆمەڵگاکان گرنگە.

لێپرسراوی ناوەندی دەرەوە جەختی لە گرنگی پێگەی کوردانی دەرەوەی وڵات کردەوە وەک سەرمایەیەکی گەورەی مرۆیی کاریگەر بۆ کوردستان و ئەو وڵاتانەشی لێی نیشتەجێن. ئەوان دەتوانن ناوو ناوبانگی کوردستان باشتر بناسێنن و جێگیر بکەن لە ئەندێشەی کۆمەڵی نێودەوڵەتیدا.

ئەمەل جەلال لێپرسراوی بۆردی رێکخراوە دیموکراتیەکان لە وتەیەکدا ئاماژەی بە گرنگی ئەم قۆناغ و هەلومەرجە نوێیە کرد وەک دەرفەتێک بۆ راپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانیەکان لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکانی ئەم وڵاتانەو خۆ رێکخستن لەناو رێکخراوە مەدەنی و کەلتوریەکان. تیشکی خستە سەر بەشداری کارای سیاسی کورد لە دەرەوە جۆرێکی گرنگترە لە تێکۆشانی گەلەکەمان بۆ پارێزگاری لە دەستکەوتەکان و بەدیهێنانی ئاماجەکانمان، هانی کوردانی دانیشتووی سویدی دا بەشداری هەڵبژاردن بکەن و پشتیوانی لە کاندیدە کوردەکان بکەن لەناو لیستەکاندا بەتایبەتی لیستی سۆسیالدیموکرات.

د چرۆ وەڵەدبەگی کاندیدی پەرلەمان سوپاسی یەکێتی نیشتمانی کرد بۆ ئەو بەدەنگەوە هاتن و پشتیوانیەی لەم ساتەوەختەدا لە سیاسیە کوردەکانی دەرەوە دەکات و بە هەنگاوێکی ئەرێنی و گرنگ باسی لێوە کرد.
لە رۆژی ٩/١٣ هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەکان لە وڵاتی سوید بەڕێوەدەچێت.

ئەگەرچی چەند رۆژێکە پرۆسەی بەرایی دەنگدان دەستی پێکردووە و هاووڵاتیان بۆ بەشداریی روویان لە ناوەندەکانی دەنگدان کردووە. بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردن، چەندین قەوارەی سیاسی لە کێبڕکێدان بۆ بردنەوەی زۆرترین کورسی پەرلەمانی سوید کە 349 کورسییە


ڕیکلام