‎تەلەفزیۆن یان فەیسبوك

ئارام سەعید

نووسەر و ڕۆژنامەنووس
  03/11/2020  |    1000 جار خوێندراوەتەوە

"تەلەفزیۆنەکانتان بکوژێننەوە، راگەیاندن درۆ ئەکات!"، زانیاریەکان لەسۆشیاڵ میدیاوە وەربگرن! ئەمە وتەی خۆپیشاندەرێکە لەسانتیاگۆ کە پەلاماری پەیامنیرەکەی دا و ئەم قسەیەی بە خێرایی بۆ تەلەفزیۆن کرد.

لەم ساڵانەی دوایدا و لەدوای بەهاری عەرەبیەوە نارەزایەتییەکان لەپاشەکشیێ و پارچە پارجەبوندان، زۆربەیان بێ ئاكامن، پێدەچیت ئەو نارەزایەتیانە زۆرترین پشتیان بە سۆشیال میدیا بەستبێت، لەكاتێكدا ژمارەیەکی زۆری دەسەڵاتە ستەمكارەكان و گروپ و هیزە توندرەوەکان، رەگەزپەرستەكان، هەروەها داعش پەنایان بردە بەر سۆشیال میدیا، چالاکیەکانیان و چیرۆکەکانیان لەویوە بڵاو دەکەنەوە،  "بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان لەساڵانی شەستەکان،حەفتاکان، هەشتاکانی سەدەی رابردوو ریژەی سەرکەوتنی بزوتنەوە نارازیەکان لەسەدا ٤٠-٥٠ بوو، بەڵام لە لەنێوان ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٥ ئەو ریژەیە دابەزی بۆ لەسەدا ٣٠ " .

لە کوردستان ساڵانی حەفتاو هەشتاکانی سەدەی رابردودا لەشار رێکخستنی نهێنی هەبوو،لەشاخ شۆڕش پشتگیر بوو، جگە لەوەی ئەگەر لەریگەی رادیۆیەکیش بوبێت میدیایەك کاری دەکرد، خۆپیشاندانەکان کاریگەر بوون، زۆر جار رژێمی بەعس ناچار دەبوو داوای گفتوگۆ بکات.

ئایا نارەزایەتیەکانی كۆمەڵگە كە لەرێگەی سۆشیاڵ میدیاوە رێكدەخرێن دەتوانن بۆ دورمەودا بەردەوام بن؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کەدەبێت چالاکەوانانی خۆپیشاندان لە خۆیانی بکەن، چونکە  وزەو پابەندبونی نارەزایی دورمەودایان نیە، هەندێک دەڵین ئەمە تەنها بە حزب دەکرێت، لەبەرئەوەی ئەو نارەزایەتیانە هەیکەلێکی رێکخراوەییان پێویستە کە بەردەوامی بدات بە  چالاکیەکان، لەكاتێكدا بڕوانەبون بەحزب وایكردوە خۆپیشاندەران روبكەنە سۆشیاڵ میدیا!  

لەسەر گۆی زەوی ٤ ملیار کەس لەسەر ئینتەرنێت هاوبەشن و تەنها فەیسبوک ٢،٤ ملیار بەشداربوی چالاکی هەیە، کە رۆژانە ئاگاداری هەواڵی ناوخۆ و دەرەکین،چەندین پرۆپاگەندە و درۆ و راستیی ئەبینن، رەگەزپەرست، پۆپۆلیست، توندرەوەکان لەسەر ئەو تۆڕانە هەن و پەیام پەخش دەکەن، زیان دەگەیەنن، چۆن ئەو وزە گرنگە باش بەکاربهێنریت و بکریتە ئامرازیکی گرنگ بۆ دیالۆگ و لەیەک گەیشتن و دەرفەتی زیاتر بۆ چاککردنی ئەو سیستمە کۆنەی کە توانای بەرێوەبردنی نەماوە، كام هێزی كۆمەڵگا دەتوانێت ئەو كارە بكات ؟ ئەگەر نا ئەو داخوازیانە  لەلایەن ئەو توندرەوانەو پۆپۆلیستەکانەوە بەکاردەهێنریت و زیانی گەورە دەگەیەنێت بە کۆمەڵگا...

رەنگە هۆکاری نارازیبونەکان جیاوازبن، یەکێک مامۆستایە و موچەی لێی دەبڕدرێت، یان گرێبەستە و ناکرێتە کارمەندی رەسمی، دەرچوی زانکۆیە و بێکارە، یەکێک کێشەی خزمەتگوزاری هەیە، یەکێک لەسەر ئازادی رادەربرین نیگەرانە، یان خاوەن پێداویستی تایبەتە و مامەڵەی پێویستی ناکرێت، ئەوی تر  نەوتی زستانی نیە!.. چۆن ئەم هەموو نیگەرانی و داواکاریە لە پەیامێک و بزوتنەوەیەکدا کۆبکرێتەوەو ببێتە تەنها پەیامێکی گرنگ؟... راستە داواکاریەکان جیاوازن،هەرکەس شەکوایەکی هەیە، بەڵام هەمویان لەیەک خاڵدا هاوبەشن،ئەویش ئەوەیە نوخبەی دەسەڵات شکستی هێناوە لەبەدیهینانی داخوازیەکانی خەڵکدا، لەپاراستنی کەرامەتیاندا.. ئەو سیستمە کۆن بوە و چارەسەری پێ نیە..


زیاتر