ئەوانە كێن خۆپیشاندان دەكەن؟

نەبەز گۆران

رۆژنامەنووس
  10/12/2020  |    12206 جار خوێندراوەتەوە
 
وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر قورس نییە، تەنها كەمێك بچۆ ناویانەوە تێدەگەین ئەوانە كێن. ئەوانە موچەخۆرە كڕوزاوەكانی بەردەم مایكەكان نین، ئەوانە گەنجانێكی بێ‌ پارە، بێ‌ ژیانن، ناشكڕوزێنەوە، تەنها دەیانەوێت لەم نیشتیمانەدا بەشی ئەوان ژیان بدرێت، بڕوایان بە خۆیانە، بەشكۆ و بەهێزن، براو خزم و هاوڕێ و دۆستەكانی هەریەك لە ئێمەن.

ئەوانە ڕۆشنبیرەكانی سەر شاشەكان نین هاژەهاژ بكەن و لەژێریشەوە دۆستی دەسەڵاتدارەكان بن، ئەوانە گەنجە بێ‌ كارەكانن، ئەو گەنجانەی لە بێكاریدا بەیانیان تا ئێوارە دەخەون و ئێوارە بە گیرفانی بەتاڵەوە دێنە دەرەوە، ئێوەش كوڕ و منداڵەكانتان بە ئۆتۆمبێلی گرانبەها، دەنێرنە خوێندنگە نمونەیەكان و بەتەماشان تا كۆتایی ژیان ئەم گەنجانە تەماشاتان بكەن و، جیاوازی نێوان ژیانی خۆیان و ئێوە و ماڵ و منداڵتان ببین و هیچش نەكەن؟! تۆزێك چاوتان بخورێنن با باشتر دیمەنەكە ببینن.

ئەمانە ئەو واعیزە دەنگە دەنگ كەرانەی سەر مینبەرەكان نین، باسی حەق بكەن و كاتێكیش حەق دێتە ئاراوە سەری خۆیان كزدەكەن و دەچنەوە ماڵ، ئەمانە ئەو پەڕلەمانتارە مشەخۆرانەی سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نین بە باوەش پارە لە ئێوە وەردەگرن و لەسەریشەوە خۆیان شین و مۆر دەكەنەوە، نمایشكارەكانیش نین بە شەو ڕۆژێك لەڕێگەی ئێوەی دەسەڵاتدارەوە ببنە خاوەنی هەموو شتێك، گەر دەوێرن وەرنە ناویان، فەرموون وەرن بیان بینن، ئەوانە ئەو گەنجانەن دەكەسیان كۆبكەرەوە دوو هەزار دیناریان پێنییە، دوای بەرد وەشاندنەكانیان دەوەتێكی_چا_یان بكە، دەجار پێتدەڵێن: خاڵە زۆر مەمنون.

ئەمانە پیاوە حیزبییەكانی ناو هۆڵی كۆبوونەوەكان نین، ئەو ڕۆژنامەنووس و قەڵەم بەدەست و رێكخراوی كۆمەڵگەی حیزبییەش نین، لەلایەك لە كانیاوەكەی ئێوە بخۆن و لەلایەكیش خۆیان بكەن بە نوێنەری ئازادی خەڵك، ئەمانە گەنجانێكی دەركراون لە ژیان. (تاقمێكیان تێدایە زۆر زۆر گەنجن، شارەزان لە پۆپجی، بە بۆمبی فرمێسك ڕێژ دەڵێت: سمۆكی، تفەنگیان بكەوێتە دەست هێز نییە پێیان بوێرێت، تۆش بۆخۆت هەر گاڵتە بە پۆپجی بكە، گەر دەتوانیت وەرە ناویان جەسارەتی خۆت بەرامبەر ئەوانە تاقی بكەوە.) تێیاندایە هەر نازانێت حیزب چییە، تەنها دەزانێت هاواربكات: من ژیانم نییە، ئێوە بۆ هەتانبێت، بیسوتێنن… دەریانكەن… وێرانیكەن…هتد.

تۆ كە خەونی ئەو هەموو گەنجە دەسوتێنیت، تۆ كە ناتوانیت ژیانیان بۆ دابینكەیت، ئەو وزە گەورەیەت وێرانكردوە بۆ خاتری دەوربەرەكەت، بەتەمایت ئەو بەو هەموو ئازار و دەردەی خۆیەوە بێتە سەر شەقام و هیچ نەكات؟ بیریشت نەچێت لەو نووسەرۆكە تۆسنۆكانە ناچن، لە هێزە چەكدارەكان بپاڕێنەوە تەقە نەكەن، رێك بەرامبەریان دەوەستن هەڕەشەیان لێدەكەن، پڕجنێویان دەكەن، هێندە بڕوایان بە خۆیانە بەبەردێكی دەستیانەوە لەبەردەم چەندین چەكدار دەوەستن! كێ‌ وایكرد ئەو وزە گەورەی ناو كۆمەڵگە بەو جۆرە توڕە بێت و لە مەرگی خۆی نەترسێت؟ بۆ كەمێك مێشكتان ناخەنە گەڕ تا تێبگەن لەو چینە هەژارە؟

تۆ ئەگەر دەتەوێت شوناسی ئەوانەت بۆ دەركەوێت، لە دورەوە تەحلیلچی و ڕاپۆرتی سیخوری و لێكدانەوەی پوچی شاشەیی بەكەڵكت نایەن، ساتێك بچۆ ناویان و گوێ‌ لە داخوازی و توڕەبوونەكەیان بگرە. تەماشای ئەو بێ‌ ژیانییە بكە تێیدا دەژین، ئەوكات تێدەگەیت ئەوانە كێن؟ بۆ توڕەن، بۆ ناوەستن؟ جیاوازی چینایەتی دروستدەكەیت و دەشتەوێت توندوتیژی ڕوونەدات؟ هەموو شەو لە بیست شاشەی میدیای پڕوپوچەوە ئایدۆلۆژیای توندوتیژی پەخش دەكەیت و بەتەمای نەوەیەكی _ئەیوب_یت هەبێت؟ بەدبەخت بۆ ئەوەی لە دورەوە لە رێگەی شاشەو حەشاماتی ملكەچەوە سەیری كۆمەڵگە و گەنج دەكات و، لەو دۆخە تێناگات جیاوازی چینایەتی دروستیدەكات. ئەم یاخی بوونە پێویستی بە شیكردنەوەی ڕۆشبنیرانەی بۆینباخ لە ملی قسەی باقوبریق نییە، وەك خۆیان زۆر ئاسایی: ژیانیان دەوێت، كاریان دەوێت. ئەمجارەش بەزەبری هێز بیانوەستێنی لە وێستگەیەكی ترەوە دەست پێدەكەنەوە، بڕوادەكەی بیكە، ناكەی بڕۆ ناویان ئایندە ببینە.

تێبینی: هیچ كەس خۆی نەكات بە نوێنەری ناڕەزایەتییەكەیان، كەس نوێنەریان نییە جگە لە خۆیان و شەڕی ئایندەی خۆیان دەكەن.
زیاتر