کوردستان و مافی خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی نەوت و غاز

رێبوار محەمەد

ماستەر لەگرێبەستی نەوت و غاز
  19/12/2020  |    1554 جار خوێندراوەتەوە

هەرێمی کوردستان لەململانێ یەکی توندایە لەگەڵ بەغداد لەسەر مافی خاوەندارێتی نەوت وغاز لەلایەک بەغداد دەیەوێت هەرێم دۆسێی نەوت ڕادەست بکاتەوە لەلایەکی تریشەوە هەرێم دەیەوێت دەست بەومافەوە بگرێت و تەنها داهات ڕادەست بەغداد بکات .

بەتەنیشت ئەم ململانێ وە بەشێک لە حزب وگوروپ وبەشێک لەپەرلەمانتارانی بەغداد ئەوڕاستیە دەشارنەوەو کە هەرێمی کوردستان مافی  خاوەندارێتی هەیە  وهەرلایەک بۆمەبەست وئامانجی تایبەتی خۆی چەواشەی ڕای گشتی دەکات وخۆڵ دەکاتە چاوی خەڵک و دەیەوێت لەهەڵویستە جوانە دەستوری ویاسایی یەکانی بەڕێز قوباد تاڵەبانی و تیمەکەی کەم کەنەوە کەسەرسەختانە بەرگری لەتاکەکارت کەبەدەستی کوردەوە مابێت دۆسێی نەوتە دەکات .

لەخوارە شیکاری یەکی ورد دەکەم بۆ مافی هەرێمی کوردستان لە مافی خاوەندارێتی نەوت وغاز لە چوارچێوەی دەستوری هەمیشەی عێراقی،بڕیارەکانی نەتەوەیەک گرتوەکان ،وەئەودەوڵەتە فیدراڵیانەی کەچۆن مافی خاوەندارێتیان داوە بەهەرێمەکانیان

یەکەم :مافی هەرێم لەخاوەندارێتی نەوت و غاز بەپێی دەستوری هەمیشەی عێراق ساڵی 2005 

-مادەی 111ی دەستوری عێراق دەڵێت  گەلانی عێراق  لەهەموو هەرێمەکان وپارێزگاکان خاوەندارێتی نەوت وغاز دەکەن بەبێ جیاوازی .

دەستور ئەم مافەی لە حکومەتی بەغدا سەندۆتەوە داویەتی بەهەرێمەکان و پارێزگان .

ـ مادەی 112 ی دەستور بڕگەی یەکەم بەهەمان شێوە بەڕێوەبردنی ئەوکێڵگانە کە هەبوون دەبێت ناوەند لەگەڵ هەرێم وپارێزگاکان بەڕێوی ببات و لەڕێگەی پەرلەمانی عێرراقەوە یاسای بۆدەربکرێت وەلەهەمان کاتدا دەبێت بڕێک لەداهاتی نەوت بۆماوەیەک بدرێت بەوهەرێمانەی کەبەعس زیانی پێ گەیاندوون .لەم بڕگیەدا بەهەمان شێوە ناوەند دەبێت لەگەڵ هەرێمەکان نەوت بەڕێوە ببات  یاسای بۆدەربکات بەڵام بەغدا بۆئەوەی مافی هەرێم نەدات  ئامادەنی یە یاسا دەربکات و کار بەیاسای سەردەمی بەعس ژمارە 84 ی ساڵی 1985 کەناوی یاسای پارێزگاریە لەهایدرۆکربۆنات دەکات .

بڕگەی دووەم هەمان مادە  دەربارەی ئەوکێڵگەنەوتیانەی کەلەدوای ڕێکەوتی جێبەجێکردنی دەستوور دەدۆزرێنەوە  لەلایەن هەرێمەکانەوە بەڕێوەدەبرێن .

دەستوری هەمیشەی عێراق لەمادەی 115 دا دەڵێت لەکاتی دروست بوونی کێشە لەنێوان هەرێم و ناوەند ئەولەویەت بۆ یاسای هەرێمەکانە بەمەرجێک ئەوکێشە لەچوارچێوەی مادەی 110ی دەستور نەبێت نەوت وغازیش لەچوارچێوەی مادەی 110 نی یەو دەسەڵاتی ڕەهای ناوەند نی یە و بەشێوازێکی تایبەت دەسەڵاتەکانی دیاری کردوە دەستور.وەهەروەها مادەی 121ی دەستوور مافی بەهەرێم داوە دەستورویاسا بۆخۆی دەربکات بەمەرجێک پێچەوانەی مادەکانی دەستور نەبێت .

کەواتە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوری ساڵی 2005 مافی خاوەندارێتی وبەکارهێنانی نەوت وغازی هەرێمی کوردستانی هەیە .

دووەم ـ  مافی هەرێم بەپێی بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان

بڕیاری  (١٨٠٣) ی کە لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەک گرتوەکان کە لەڕێکەوتی 14 کانونی یەکەمی ساڵی 1962 دەرچوە ودەڵێت ( سەروەری هەمیشەیی گەلانی بەسەر سامانی سروشتی یەکەیدا پەسەندکردوە) ئێمەش وەک گەلی کورد لەهەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی ئەم بڕیارەدا دەتوانین خاوەندارێتی نەوت وغاز بکەین .

وەهەروەها کۆمەڵێک بڕیاری تری نەتەوەیەک گرتوەکان هەمان مافیان بۆگەلان سەلماندوە لەوانەبڕیارەکانی(٢١٥٨ ی ساڵی١٩٦٦ ٫ ٢٦٩٢ی ساڵی١٩٧٠ ٫ ٣٠١٦ ی ساڵی ١٩٧٢ ٫ ٣١٧١ی ساڵی ١٩٧٣ ٫١ ٣٢ -١ ساڵی١٩٧٤ٚ .

وەهەروەها لە بڕگەی دووەم مادەی یەکەم لەجزئی یەکەم  لەپەیمان نامەی نێودەوڵەتی تایبەت بەمافی ئابوری ،کۆمەڵایەتی،ڕۆشنبیری ڕێکەوتی ١٦ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٦٦دا دەڵێت ( هەموو گەلان هەوڵدەدەن بۆ ئامانجێکی  کە سەربەستانە دەتوان خاوەندارێتی بکەن بەداهات و سامانی سروشتیانەوە .

سێ یەم :-  ڕێکخستنی خاوەندارێتی سامانی نەوتی لە دەوڵەتە فیدراڵیەکان

بەمەبەستی زیاتر ئاشنابوون بە مافی هەرێمەکان لەدەوڵەتە فیدراڵیەکانی بەرهەم هێنی نەوت  دەوڵەتانی ئەمریکا،کەنەدا. میرنشینە یەکگرتوەکانی عەرەب ( الامارات العربیە المتحدە) وەک نمونە دەهێنینەوەو بەراوردکاری دەکەین بەم شێوەیە :-

١ـ ولایەتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا (USA)

لەئەمریکا  دۆخێکی تایبەت بەنەوت هەیە چونکە دەستوری ئەمەریکا لەساڵی ١٧٨٧ نوسراوەو لەوکاتە نەوت نەدۆزراوەتەوەو پاش ٧٢ساڵ لەساڵی ١٨٥٩ نەوت دۆزراوە تەوە و سامانی سروشتی نەوت وغاز لەدەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی نیەو دەسەڵاتی هەرێمەکانە .

خاوەندارێتی نەوت وغاز خاوەن دارێتی یەکەی دەگەڕێتەوە بۆتاکەکان و کۆمپانیا تایبەتەکان و هۆزە هندیەکان کە دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمریکان وە هەرکە خاوەنی هەرزەویەک بێت بەشێوەی ستوونی چی لەژێر زەویدابێت هی خاوەن زەویەکە،وەخاوەن زەویەکە وەک هەرماڵیکی تری خۆی کە خاوەندارێتی پوختە دەتوانێت بیفرۆشێت واتە دەتوانێت نەوتەکەش وەک زەویەکەبفرۆشێت .

وەئەونەوتەی دەکەوێتە سنوری ئاوی هەرولایەتێکەوە حکومەتی هەرێمەکە خاوەنداڕێتی دەکات وەک ولایەتەکانی ئالاباما،نیۆرک،کالیفۆرنیا.وەلەهەندێ ولایەتی تر خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆهەمودانیشتوانی هەرێمەکە وەک کانساس، کۆلۆرادۆر،میرلاند،مسیسبی،واشنتۆن و ژمارەیەکی تر لەولایەتەکان .

٢ - خاوەندارێتی سامانی نەوتی لەکەنەدا

کەنەدا دەوڵەتێکی فیدراڵی خاوەندارێتی دەستوریە ،پێک هاتوە لە دە مقاتەعە و سێ هەرێم،دەوڵەتێکی بەرهەم هێنی نەوت ،وەلەکەنەدا مافی خاوەندارێتی وبەڕێوەبردنی نەوت وغاز دراوە بەهەرێمەکان .

بەپێی مادەی ( ١٠٩) ی دەستوری کەندی هەموارکراوی ساڵی ١٨٦٧کەدەڵێت هەموو زەوی وسامانی کانزای وسروشتی خاوەندارێتی یەکەی دەگەڕێتەوە بۆهەرێمەکانی وڵاتی کەندا .

٣ -خاوەندارێتی سامانی نەوتی لە ئیماراتی عەرەبی متەحدە :

دەستوری ئیماراتی ساڵی ١٩٧١ مافی خاوەندارێتی نەوت وغازی داوەبە میرنشینەکان واتە هەرێمەکان وەلە مادەی (٢٣) دەڵێت خاوەندارێتی سامان ومواردی سروشتی لە هەموو میرنشینەکان دەگەڕێتەوە بۆئەو میرنشینە بەتایبەتی ،وەگەلەکە بۆبەرژەوەندی نیشتمانی بەکاری دەهێنن.وەبەپێی ئەم مادە حکومەتی ناوەندی ئیمارات ناتوانێت خاوەندارێتی بکات بەڵکو بۆ میرنشینەکانە .

ئەنجام

بەپێی دەستوری هەمیشەی عێراق،ئەمریکا،کەندا،ئیمارات ،وە بڕیارەکانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان  مافی خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی سامانی نەوت وغازیان بۆهەرێمەکان سەلماندوەوهەرهەرێمێک مافی خۆیەتی خاوەندارێتی نەوت وغازەکەی بکات .

هەرێمی کوردستانیش وەیەکێک لەهەرێمە فیدراڵیەکانی ئەو وڵاتانەی کەنەوت بەرهەمدەهێنن مافی خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی نەوت وغازەکەی خۆی هەیە وهەمووگرێبەستەنەوتیەکانی دەستوری و یاساین و مافی خۆیەتی کە دۆسیەی نەوت لەدەستی خۆی بێت وڕادەستی بەغدای نەکاتەوە .

دەمێنێتەوە بۆ حکومەتی ناوەندی وئەوئەندام پەرلەمانانەی لەبەغدا وئەوحزب وگروپانەی کوردستانیش کە گوشارەدەخەنە سەر حکومەتی هەرێم وتیمی دانوستانکاری بەسەرۆکایەتی قوبادتاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کە وازبهێنن لەم کارەیان وپشتیوانی مافی سروشتی ودەستوری ویاسای خەڵکی کوردستان بکەن لەنەوت وغاز. چونکە بەڕادەست کردنەوەی دۆسێی نەوت کۆتای بە پێگەی ئابوری وسیاسی هەرێم دێت و دواجار هەموو کورد بەخۆشیانەوە زەرەرمەندی یەکەم دەبن وبەغداو دوژمنانی کوردیش بەئاواتی خۆیان دەگەن .

١٩/١٢/٢٠٢٠

سەرچاوەکان :

ـ دەستوری هەمیشەیی عێراقی ساڵی 2005 .

ـ پەرتوکی ( التنظیم الدستوری لاستغلال الموارد النفتیة فی الدول الفدرالیة ،هاشم عبدللە محمد ،التبعة الاولی ٢٠١٩.

زیاتر