وەڵامێك بۆ بەڕێز توانا عوسمان
كاك توانای بەڕێز،
من لە جیاتی دایكت ، وەڵام دەدەمەوە.
كۆنە پارێزنیم، مێشكم چەقبەستوو نییە، لە رابردوودا ناژیم، باوەڕم بە ئازادی تەواوی تاك هەیە، ژن بێت یان پیاو.
جوانی لای من، سروشتییە، نەك دروستكراو! باوەڕم بە پێشكەوتنی كۆمەڵگای كوردی هەیە. ئەمانەو زۆری تریش.
لێ:
دەمەوێت بڵێم، بەكاڵاكردنی كچان و ژنان ، رەتدەكەمەوە، بە هەموو شێوەیەك، نمایشكردنی كچان (مۆدێل)، تەنانەت لە وڵاتە پێشكەوتووەكانیش، رەتدەكرێتەوە، وە بەكاڵاكردنی ژن سەیر دەكرێت. ژن پێویستی بە خوێندن و زانست هەیە. دەبێت بزانێت لەكوێ قەدری دەگیرێت ، روو لەوێ بكات.
كچەتازە پێگەیشتووەكانمان، پێویستیان بە م مۆدێلانە نییە! دەبێت سەیری كەسانی بە نموونە ، وەكو، د. ئەختەر نجم الدین ، د. لاڤا محمد سعید ، د. چۆمان هەردی و دەیەها نموونەی گەشی تری ژنی كورد بكەین كە جێگای رێز و سەربەرزین.
بێزاربوین، لە نمایشكردنی فیلەرو بۆتۆكس و سیلیكۆن!
هەندێك لە كچە گەنجەكانمان، لە تەمەنی 18 ساڵییەوە، دەیانەوێت لاسایی مۆدێلی جانتا پڕ لە دۆلار بكەنەوە ! هەمان گۆڕانكاری بكەن لە جەستەیاندا.
پێشكەوتن ، لەسەر (رحلە) ی خوێندنگا ، دەستپێدەكات، نەك لە تاتوو دانان! توێكلی پێشكەوتن ، گەیشتووە بە ئێمە، توێكڵەكەش نازانین بۆكویمان دەبات.
لە دوایدا، كاك توانا ، دەڵێم:
سەت خۆزگە بە راوەستانی بەر تەباخی نەوت! سەت خۆزگە بە شوشتنی كراسە سپییەكانتان بە (فاست) سەت خۆزگە بە جوانكاری بە كل و سپیاوی قەڵایی!سەت خۆزگە بەو كوڕەی رێز لە ماندوبونی دایكی دەگرێت!
رێز و سڵاو بۆتان