تێچووی كارێكی خۆكوژیی و تەقینەوەی تیرۆریستی

حەسەن یاسین

نوسەر و وەرگێڕ
  24/02/2021  |    1934 جار خوێندراوەتەوە
بەپێی وردەكاری و لێكۆڵینەوەی شارەزایانی بواری تیرۆر و گروپە توندڕەوەكان، جێبەجێكردنی هەر تەقینەوەیەك یان كارێكی خۆكوژیی تیرۆریستی لەڕووی تێچوونی مادییەوە زۆر كەمی تێدەچێ، ئەوەندە هەرزانە، مایەی سەرسوڕمانە. رەنگە خوێنەر بەلایەوە سەیربێ، كە بڵێین تەنیا (150) دۆلاری تێدەچێ!.

ئەم تێچوونە هەرزانە، بەتێكڕایی دەبێتەهۆی كوژرانی (12) كەس و تۆقاندنی دانیشتووانی ئەو ناوچەیەی، كە تەقینەوەكەی تێدا دەكرێ. ئەمە جگە لە كوژرانی تیرۆریستەكە خۆی، كە بەلای منەوە ئەویش زیانێكی مرۆییە و خۆزگە نەبوایە بە تیرۆریست و خۆی و ئەو كەسانەشی نەكوشتایە، بەڵام هەڵبەت دەبێ ئەوە بزانین داری خۆزگە زڕە و بەرناگرێ، بەڵكو دەبێ بەدوای ئەو هۆكارانەدا بگەڕێین كە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی تیرۆر و بوونی ئەو خۆكوژانە بە تیرۆریست، تا بتوانین بە هەموو لایەك، پێكەوە، تیرۆر بنبڕ بكەین. گەڕان بەدوای ئەو هۆكارانە، بابەتێكی سەربەخۆیە و پێشتر لەسەرم نووسیوەو دەشێ لە دەرفەتی تریشدا بچینەوە سەری!.

كاری تیرۆریستی بەلای تیرۆریستانەوە تێچوونەكەی هەرزانە و پێویستی بە كەرەستەیەكی كەمی مرۆیی هەیە، لە هەمان كاتیشدا دەبێتە مایەی سەرنجڕاكێشانی هەموو جیهان، كە ئەمەش بەلای ئەوانەوە گرنگە! ئەمە جگەلەوەی بەپێی لێكدانەوەی ئەوان، كارە تیرۆریستییەكە رێگە بە لاواز و چەوساوەكان (بە زاراوەی ئەوان: موستەزعەفەكان) دەدات بەهێزەكان بتۆقێنن!.

لێرەوە دەكرێ بە كورتی هەندێ گرفتی تێچوونی بەگژداچوونەوەی تیرۆر باس بكەین و بەپێی توانا چارەسەریش بخەینەڕوو.

جیهانی پێشكەوتوو بۆ رێگریكردن لە تیرۆر و تیرۆریستان گەلێك بەربەستی رەچاوكردووە، هەر بۆ نموونە چوونە نێو فڕۆكەخانەكان و باڵیۆزخانەكان لە جاران زۆر زەحمەتتر كراون. لەدوای 11ی سێپتەمبەری (2001)ەوە جیهان پتر لە (70) ملیار دۆلاری لە ناوخۆی وڵاتاندا بۆ كاروباری ئاسایش و رێگریكردن لە كاری تیرۆریستی خەرجكردووە، وەك چاوەڕوانیش دەكرا ئەم تەدارەكانەی ئاسایش رۆڵی ئەرێنییان هەبووە لە رێگریكردن لە كاری تیرۆریستی و بەڕێژەی (%34) كاریگەریی هەبووە لەسەر كەمكردنەوەیان، كەچی رێژەی ساڵانەی قوربانییەكانی تیرۆر (60-70) قوربانی پتر بووە، كە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ لێزانیی تیرۆریستان و لە بەرامبەر پتربوونی رێگرییەكانی بەردەم تەقینەوە و كاری خۆكوژیی، هەوڵیانداوە كارە تیرۆریستییەكانیان بەشێوەك كاریگەر بن، كە ژمارەیەكی زۆری قوربانییان لێبكەوێتەوە.

بەهێزكردنی بەربەستەكانی بەردەم باڵیۆزخانەكان بۆتە مایەی پتربوونی كاری غافڵكوژی و كوشتنی كەسانی دیپلۆمات و پەلاماردانی كارمەندانی باڵیۆزخانەكان لەو شوێنانەدا، كە لەڕووی ئاسایشەوە لاوازن، لەبەرئەوەی لێپرسراوان دەستەی پاسەوانیی خۆیان بەهێزكردووە، تیرۆریستان روویان لە كوشتنی كارداران و بازرگانان و گەشتیاران كردووە، وەك ئەوەی لە ساڵی (2005) لە دوورگەی بالی كردیان و لە ساڵی 2019ش لە عیراقدا گەورە بازرگانێكی ئەمریكییان كوشت.

بەهێزكردنی بەربەست و رێگرییەكانی بەردەم كاری تیرۆریستی و پتركردنی خەرجیی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی لە ئەمریكا و كەنەدا و ئەوروپا، بوونەهۆی بەرزبوونەوەی تێكڕای پەلامارە تیرۆریستییەكانی دژ بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیادا، چونكە جێبەجێكردنی پەلامارەكان ئاسانن، جگە لەوەی تیرۆریستان پشتیوانییەكانی ژینگەی مرۆییشیان هەیە!.

ئەگەر بە بەرفراوانی و لە روانگەیەكی جیهانییەوە لە مەسەلەكە وردبینەوە، بۆمان دەردەكەوێ كە تۆكمەكردنی ئاسایش لەنێوان تەواوی وڵاتانی جیهاندا زەحمەت و قورسە، چونكە وڵاتان سوورن لەسەر ئەوەی لەڕووی بڕیارەوە سەروەرییان بەسەر بەڕێوەبردنی پۆلیس و كاروباری ئاسایشی وڵاتی خۆیانەوە هەبێت. هەڵبەت هاوكاریی نێودەوڵەتی، ئەگەر سەرتاسەریی نەبێت، سەرناگرێت، چونكە ئەگەر هەموو وڵاتان بیانەوێت هاوكاربن و تەنیا یەك دەوڵەت ژینگەیەكی ئارام لەسەر خاكی خۆی بۆ تیرۆریستان دابین بكات، ئەوا ئەو تاكە دەوڵەتە، كە پشتیوانی تیرۆریستانە، دەبێتەهۆی پەكخستنی كۆشش و هاوكاریی بەكۆمەڵی سەرجەم وڵاتانی جیهان!.

ئەگەر ویستی سیاسی هەبێ، ئەوا هاوكاریی پتری وڵاتان بۆ وشككردنی سەرچاوە داراییەكانی تیرۆریستان، تاڕادەیەك ئاسان دەبێ، ئەمەش لەڕێگەی:

–پتركردنی بەدەستەوەدانی تیرۆریستان لەنێوان وڵاتاندا.

–توندكردنی بەربەستەكانی بەردەم رێكخراو و دامەزراوە بەناو خێرخوازییەكان، كە سەرچاوەی دارایی بۆ تیرۆریستان دابین دەكەن.

–بەهێزكردنی هەوڵەكانی رێگریكردن لە قاچاخچێتیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان و بازرگانیی كەرەستەی ساختە و چالاكیی قەدەغەكراوی بازرگانی، كە رێگەخۆشكەرن بۆ تیرۆریستان تا كارە تیرۆریستییەكانیان بكەن.

لەبەرئەوەی تێچووی پەلامار و كارە تیرۆریستییەكان هەرزانە، بۆیە تۆكمەكردنی ئاسایش و بەهێزكردنی بەربەستەكان، نابنە مایەی كەمكردنەوەی تەقینەوە و كاری غافڵكوژیی، بەڵكو رێگری دەكەن لەبەردەم روودانی كاری تیرۆریستیی گەورە، كە كارەساتیان لێدەكەوێتەوە.
زیاتر