ڕێنمایی به‌ئاڕاسته‌ی كۆنتڕۆڵكردن

د.یه‌حیا عومه‌ر ڕێشاوی

مامۆستای زانكۆ
  08/06/2023  |    1779 جار خوێندراوەتەوە
باوه‌ڕ ده‌كه‌یت یان نا ! له‌م ڕۆژانه‌دا له‌ شوێنێك بووم، براده‌رێك باسی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان كۆمه‌ڵه‌ منداڵێك بۆ بژێوی ژیانیان له‌ نێو خاشاك و پاشماوه‌ی فڕێدراودا ده‌ستیانكردووه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی (پلاستیك)و ده‌یفرۆشنه‌وه‌، ئۆرگانێكی حزبیی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و ناوچه‌یه به‌مه‌ی زانیوه‌و‌ به‌رپرسێكی بۆ ئه‌و شوێنه‌ داناوه‌و هه‌ركه‌س له‌ باره‌گاكه‌ی ئه‌وه‌وه‌ مۆڵه‌تێكی نوسراوی پێنه‌بێت ڕێگه‌ی پێنادرێت (پلاستیك !) كۆبكاته‌وه‌ !!

ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت له‌ هه‌رێمی كوردستاندا مونافه‌سه‌یه‌كی ناشه‌ریفانه‌ له‌نێوان هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه‌ بۆ كۆنترۆڵكردن و به‌ حزبیكردنی هه‌موو شت: بازاڕ، زانكۆ، مه‌كته‌ب، مزگه‌وت، میدیا، موختار، موه‌لیده‌ی گه‌ڕه‌ك هتد، هه‌ربۆیه‌ هیچ سه‌یر نییه‌ كاتێك وه‌زاره‌تێكی حكومیی (دوو وه‌زاره‌ت) له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بێت كه‌ كۆنترۆڵی ژینگه‌ی میدیایی بكات و بیه‌وێت ئه‌ده‌بیاتی په‌نجا ساڵ پێشتر زیندووبكاته‌وه‌. (ئه‌گه‌ر ڕاستیشت ده‌وێ هه‌ر سروشتی ده‌سه‌ڵات وه‌هایه‌ ئه‌وه‌نده‌ی بیری لای كۆنترۆڵكردنه‌، ئه‌وه‌نده‌ نایه‌وێت به‌ ئاره‌زووی خۆت چیت بوێ بیڵێیت).

دیاره‌ له‌ چه‌ند ساڵی پێشوو هه‌ندێك هه‌وڵ هه‌بوون به‌م ئاڕاسته‌یه‌، له‌وانه‌ هه‌وڵێك بۆ دروستكردنی ئه‌نجومه‌نێكی باڵای ڕاگه‌یاندن، كه ناونیشان و ئامانجێكی جوان بوو، به‌ڵام به‌لاڕێدا براو هه‌ركام له‌و دوو حزبه‌ پێش دروستكردنی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌بیری ئه‌وه‌دا بوون چۆن (وه‌ك برا !) ده‌سته‌ی باڵاكه‌ دابه‌شبكه‌ن و چۆن چۆنی پله‌ی وه‌زیریی و وه‌كیل وه‌زیریی به‌سه‌ریاندا بپژێنن! هه‌وڵی دووه‌م داڕشتنی یاسایه‌ك بوو بۆ میدیای ئه‌لیكترۆنیی، كه‌ ئه‌ویش به‌ هه‌مان نه‌فه‌سی كۆنتڕۆڵكردن و موحاسه‌به‌كردن و سزادان داڕێژرا، به‌ڵام پاشتر چاوی به‌ دونیا هه‌ڵنه‌هێنا.

دیاره‌ بۆ كه‌سانێكی وه‌ك ئێمه‌ كه‌ له‌ ژینگه‌ی ئه‌كادیمیدا ده‌ژین و ئاگامان له‌ خه‌وش و كێشه‌كانی میدیایه‌، ناكرێت و ناسروشتییه‌ پشتیوانی له‌: (چاودێریكردن – ڕێنمایی – ڕێكخستن) نه‌كه‌ین، چون میدیا هه‌میشه‌ ئاتاجی پێداچوونه‌وه‌و ڕه‌خنه‌ لێگرتن و جه‌م و جۆركردنه‌، نه‌خاسمه‌ له‌ سه‌رده‌مێك كه‌ میدیا له‌ گه‌شه‌یه‌كی شێتانه‌دایه‌و وه‌ك چۆن له‌ كۆشكی سه‌ركرده‌یه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ ژووری نوستنه‌كانیشمانه‌، له‌ هه‌موو وڵاتێك وه‌ك چۆن ژینگه‌ی ته‌ندروستیی پێویستیی به‌ چاودێریكردن و ڕێنماییه‌، وه‌ك چۆن ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی پێویستی به‌ ئاڕاسته‌كردن و هۆشیاركردنه‌وه‌یه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ش ژینگه‌ی میدیایی نابێت بدرێته‌ ده‌ست فه‌وزاو ئۆخه‌ی ئۆخه‌ی هه‌ركه‌س بۆ خۆی، به‌ڵام چۆن چۆنی؟

پێش هه‌موو شت ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بزانێت (میدیا) ده‌سه‌ڵاتێكه‌ وه‌ك ئه‌و، نه‌ك فه‌رمانگه‌یه‌كی حكومیی و فه‌رمانی بۆ ده‌ربكات و پێی بڵێ ئه‌مه‌ بكه‌و ئه‌وه‌ مه‌كه‌، به‌مانا له‌ سیستمێكی دیموكراسی و بوونی قه‌ناعه‌تێكی ڕاستگۆیانه‌ به‌ ئازادی ڕاده‌بڕین، (میدیا) پێویسته‌ به‌ فیعلی ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م بێت و به‌ ئیشی خۆی هه‌ستێت، ئه‌و (میدیا) چاودێریی حكومه‌ت بكات نه‌ك‌ پێچه‌وانه‌وه‌كه‌ی ! پاش ئه‌وه‌ی ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانیدا ڕه‌نگیدایه‌وه،‌ ئه‌وكات ئه‌مه‌ ڕێگه‌ خۆش ده‌كات بۆ دروستبوونی متمانه‌ به‌ پێكهێنانی هه‌ر داموده‌زگایه‌ك یا لیژنه‌و ئه‌نجومه‌نێك كه‌ چاودێریی ڕه‌وشی میدیایی بكات و لێپرسینه‌وه‌ له‌م و له‌و بكات، دیاره‌ حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ ئه‌ندامانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ یا فه‌رمانگه‌یه‌ یا ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ یا هه‌ر ناوێكی دیكه‌ی هه‌بێت، ده‌بێت به‌ ته‌واوی دووربن له‌ (هه‌له‌و) (هه‌له‌و)ی ئۆرگان و ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسی حزبیی و كارێكی پیشه‌ییانه‌ بكه‌ن و ده‌سه‌ڵاتێكی فراوانیان هه‌بێت بۆ‌ چاودێریی و لێپرسینه‌وه‌ له‌ ده‌زگا میدیاییه‌كان و ئه‌م ئه‌زموونه‌ش له‌ زۆر وڵاتی پێشكه‌وتووی دونیا هه‌یه‌، ئیتر خۆتان ببنه‌ حه‌كه‌م ئایا ئه‌مه‌ له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌ دا كه‌ تا ئێسته‌ش سنوری دێگه‌ڵه‌و دوو زۆن هه‌ن كه‌ رۆژ به‌ رۆژ ڕه‌نگه‌كانیان تۆختر ده‌بنه‌وه‌، تا چه‌ند ئه‌مه‌ مه‌یسه‌ر ده‌بێت و ئه‌م مرۆڤه‌ (ناحزبیی و به‌رپرسیارو به‌جورئه‌ت)انه‌ هان له‌ كوێ؟!

پاشتر ئه‌بێ ئه‌و پرسیاره‌ بكه‌ین كه‌ ئایا له‌ سه‌رده‌می گه‌شه‌كردنی ته‌كنه‌لۆجیای ڕاگه‌یاندن و هاوڵاتی رۆژنامه‌نووس و لایڤ و میتاڤێرس و سكایب و چات جی پی تی و زیره‌كی ده‌ستكرد و سناپ چات و ئه‌وانی تردا، ئایا تا چه‌ند ئاسانه‌ بتوانیت میدیاو ده‌زگا میدیاییه‌كان كۆنتڕۆڵ بكه‌یت و ڕۆژنامه‌نووسان ئه‌و ناوه‌ڕۆكه‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ حه‌زو ویست و ئایدۆلۆجیای ئه‌م حزب و ئه‌و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌دا بگونجێت؟! ئه‌م جۆره‌ بیركردنه‌وانه‌ له‌ هه‌زاره‌ی سێهه‌م و له‌ ساڵی (2023) دا جێبه‌جێكردنیان ڕووبه‌ڕووی هه‌زار ئاسته‌نگی ته‌كنه‌لۆجیی و گه‌شه‌ی میدیایی ده‌بێته‌وه‌‌، خۆ ئه‌گه‌ر به‌ گریمانه‌یی نیه‌تێكی باشیش له‌ پشتیانه‌وه‌ هه‌بن.. ئه‌وا جێبه‌جێكردنیان نزیكه‌ له‌ ئه‌سته‌م.

دواجار بریا ئه‌م ڕێنماییانه‌ به‌و په‌له‌ په‌له‌یی‌ و له‌ سه‌رده‌می حكومه‌تێكی كاربه‌رێكه‌رو له‌ ئان و ساتی چاوه‌ڕوانی خه‌ڵك بۆ په‌سه‌ندكردنی بودجه‌و مه‌ترسییه‌كانی دوو ئیداره‌ییدا ده‌رنه‌كرایه‌.. له‌ ژینگه‌یه‌كی له‌باری سیاسیی و ئابوریداو له‌ پاش ئه‌وه‌ی جۆره‌ متمانه‌و قه‌ناعه‌تێك دروستبوو به‌ دیموكراسیه‌تێكی حه‌قیقیی و هه‌ڵبژاردنێكی دوور له‌ ساخته‌كاریی و ئابورییه‌كی دوور له‌ حزبایه‌تی و دادگایه‌كی دوور له‌ ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌م و ئه‌و.. ئه‌و كات ڕێنماییه‌كانتان سه‌ر سه‌رو سه‌رچاو.
زیاتر