ئه‌گه‌ر عێراق به فه‌رمی له ساڵی (١٩٢١)ەوه بوونی هه‌یه و دامه‌زراوه، ئه‌وا كه‌ركووک، وه‌ک به‌شێک له ویلایه‌تی موسڵ، دوای پێنج ساڵ له‌و مێژووه (واته له ساڵی (١٩٢٦)ەوه) به فه‌رمی بوو به به‌شێک له ده‌وڵه‌تی نوێی عێراق. دره‌نگ هاتنی كه‌ركووک و سه‌رجه‌م ویلایه‌تی موسڵ بۆ نێو جه‌سته‌ی ده‌وڵه‌تی نوێی عێراق، ته‌نها هۆكاره‌كه‌ی ململانێی بەریتانیا و توركیا نه‌بوو، به‌ڵكوو په‌یوه‌ستیش بوو به پێكهاته‌ی جیاوازی ویلایه‌تی موسڵ (به كه‌ركووكیشه‌وه) كه به پێی دوا ڕاپۆرتی لیژنەی گه‌ڕان به‌دوای ڕاستییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان زۆرینه‌ی كورد (٢\٣) له پاڵ بوونی توركمان و عه‌ره‌ب بوو. ئه‌م واقیعه جیاوازه‌ی كه‌ركووک تاكوو ئێستا كاریگه‌ریی له سه‌ر دۆخی سیاسی و ئاینده‌یی شاره‌كه جێ هێشتووه.
هه‌ر چه‌نده كورد به پێی سه‌رجه‌م ئامار و ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كان گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی ئه‌م پارێزگایه‌یه، به‌ڵام شاراوه نییه كه لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه له به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاتی شاره‌كه به ته‌واوی دوور خرایه‌وه. به‌ڵام پاش هه‌ڵبژاردنه ناوخۆییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای ئه‌مساڵ (٢٠٢٣)، جارێكی تر كورد به‌رزترین ژماره‌ی ده‌نگ و كورسییه‌كان به به‌راورد به نه‌ته‌وه‌كانی تر بۆ خۆی مسۆگەر کرد. ئه‌م ژماره‌یه ئه‌وه ده‌رده‌خات كه هیچ كاتێک له هیچ پڕۆسه‌یه‌كی دیموكراسیدا ناتوانرێت سه‌نگ و قورسایی كورد له به‌ڕێوه‌بردنی شاره‌كه و پارێزگاكه فه‌رامۆش بكرێت. كورد ئه‌م جاره (سه‌رباری نایه‌كگرتوویی و فه‌وتانی ده‌نگه‌كانی به هۆی لیسته جیاوازه‌كانه‌وه) توانیی پێگه‌ی خۆی له نێو ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای شاره‌كه به‌هێز و قایم بكات، كه بێگومان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی له سه‌ر پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نێوخۆیی له شاره‌كه ده‌بێت.
کەتواری ئێستای كه‌ركووک زۆر په‌رته‌وازه و هه‌ستیاره، سه‌رباری بوونی سێ نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌كی (كورد و توركمان و عه‌ره‌ب) و كه‌مینه‌یه‌كی كرستیانی، خودی نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كان لیستی جیاواز پێک دەهێنن، به‌م شێوه‌یه پێده‌چێت پڕۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نێوخۆیی له كه‌ركووک زۆر ئاڵۆز ببێت و له هیچ حاڵه‌تێكدا بێ سازش بۆ یه‌كتری و ڕه‌زامه‌ندی و هاوبەشی (شەراکەتی)ی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كان تێناپه‌ڕێت، له راستیدا ناتوانین هۆكاری هێزه ده‌ره‌كی و هەرێمییەكانیش له جێگیربوون و ئایندهی كه‌ركووک فه‌رامۆش بكه‌ین.
به‌م پێیه له ماوه‌ی زیاتر له شه‌ش ساڵ فه‌رامۆش و په‌راوێزخستنی كورد له‌م شاره، له دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م دواییه چه‌ند ڕاستییه‌كمان بۆ ده‌ركه‌وت:
یه‌كه‌م: له هیچ كاتێکدا یه‌ک نه‌ته‌وه ناتوانێت ئه‌م شاره فره‌پێكهاته‌یه به‌ڕێوه ببات. سه‌پاندنی ئیراده و ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا، نائارامی و ناجێگیریی سیاسی و ئه‌منیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
دووه‌م: گرنگه نموونه‌یه‌كی جیاواز له هاوبەشیی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كان له كه‌ركووک دروست بكرێت. پێویسته ئه‌م نموونه‌یه له سه‌رجه‌م ئاسته‌كانی ده‌سه‌ڵات و لای سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كان ڕه‌نگ بداته‌وه. بنه‌ما و پێوه‌ری ئه‌م نموونه‌یه، پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌كان و عه‌داله‌ت له دابه‌شكردنی پۆست و سامان و خزمه‌تگوزارییه‌كان بێت.
سێیه‌م: هیچ كات چاره‌سه‌ری سه‌ربازی و ئه‌منی ناتوانێت كێشه‌كانی كه‌ركووک یه‌كلا بكاته‌وه، پێویسته سه‌رجه‌م خه‌ڵكی پارێزگاكه پێكه‌وه به‌شدار و هاوبەشی ڕاسته‌قینه بن له به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رجه‌م دۆسیەكان، به دۆسیەی ئه‌منییه‌وه.
چواره‌م: سیاسه‌تی سڕینه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر، چ له ڕێی بەعەرەبكردن و زه‌وتكردنی زه‌ویوزاری كورد و توركمانه‌كان یان دوورخستنه‌وه‌یان له فه‌رمانگه‌كان؛ هیچ سوودی نییه و ناتوانێت جێگیریی كۆمهڵایەتی و سیاسی و ئه‌منیی درێژخایه‌ن له دوای خۆی دروست بكات، بۆیه باشتره سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ده‌ست له‌و سیاسه‌ته هه‌ڵبگرن و دان به فرهكولتووری و فرهپێكهاتهیی شاره‌كه‌دا بنێن.
ده‌كرێت كه‌ركووک له بریی ئه‌وه‌ی به‌رمیلی بارووت و چه‌قی ململانێی نێوان نه‌ته‌وه سه‌ره‌كییه‌كانی عێراق و گرژیی هەرێمی بێت، خاڵی تێگه‌یشتن و نموونه‌ی پێكه‌وه‌ژیانی شارستانی و دیموكراسیی نه‌ته‌وه‌كانی عێراق و كۆڕبه‌ندی یه‌كگرتنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه جیاوازه‌كان بێت.
كورد ده‌توانێت به هۆی به‌هێزیی پێگه‌ی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان؛ ده‌ستپێشخه‌ری بۆ ئاینده‌یه‌كی جێگیرتر و ڕووناكتر بۆ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام ئه‌م ده‌سپێشخه‌رییه پێویستی به ئیراده‌ی سیاسیی سه‌رجه‌م لایه‌ن و پێكهاته‌كانی تره و كارێكه پێویسته به زووترین كات په‌سه‌ند و كاری له سه‌ر بكرێت.
*لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی ی. ن. ک