درۆن، سەردەمێکی نوێی شەڕی فرە ڕەهەند

د.یوسف گۆران

لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دیراساتی گشتی یه‌كێتی
  23/12/2023  |    574 جار خوێندراوەتەوە
شەڕی درۆن، یان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، مێژوویەکی کۆنی هەیە بۆ دەیان ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بەڵام تەنها لەسەرەتای سەدەی بیست و یەک بەشێوەیەکی فراوان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژ بە بە قاعیدە و پاشان لە شوێنی تری لەلایەن ئیسرائیلییەکان و ڕووسەکان و تورکەکان بەکارهات.

هەرچەندە بەکارهێنانی درۆن لەسەرەتادا تەنها لایەنێکی سەربازی-هەواڵگری هەبوو، بەڵام هەر زوو چەندین رەهەندی یاسایی، سیاسی و پڕوپاگەندەیی لەخۆگرت، لە دوایشدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆجیای دروست کردن و ئاڕاستەکردنی درۆن بەشێوەیەکی فراوان و دەستەبەرکردنیان لەلایەن چەندین رێکخراوی چەکداری نادەوڵەتی (داعش، حزبوڵا، حەماس، حوسییەکان، مافیاکان...هتد) ئەم ئامرازە سەربازییە نوێیە کاریگەری گەورەی لەسەر شێوەی شەڕی نوێ و ئۆپەراسیۆنە هەواڵگیرییەکان و تەنانەت پەیوەندییە دبلۆماسییەکانیش بەجێ هێشت.

یەکێک لە خەسڵەتە نوێی و گرنگەکانی درۆن کەمی تێچووی دروستکردنی بوو بە بەراورد لەگەڵ فڕۆکە کلاسیکییەکان و موشەکە بەکارهاتووەکان کە لەڕووی مادییەوە دەیان جار لە درۆنەکان گرانتر بوون، ئەم خەسڵەتە بواری بە وڵات و رێکخراوە نادەوڵەتییەکانیش دا کە تا ڕادەیەک بە ئاسانی دەستیان بگاتە ئەم تەکنەلۆجیایە نوێیە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی فراوانی خودی تەکنەلۆجیاکە بەشێوەیەکی بازرگانی سەردەمێکی نوێی پشتبەستوو بەهێزی ئاسمانی هەرزان و کاریگەری لە سەرجەم بوارەکان دەستی پێکرد.

لەڕووی یاساییەوە، یاسای جەنگ و یاسای نێودەوڵەتی، بەهۆی ناڕوونی سەرچاوەکانی بەکارهێنانی درۆنەکان و هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی لەلایەن بەکارهێنەرانیەوە، هەڕەشەیەکی نوێی سەربازی و ئابوری لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەرکەوت کە پێشتر پێشینەیەکی یاسایی ڕوونی نێودەوڵەتی نەبووە. بەم شێوەیە بابەتەکانی وەک دووری سەرچاوەکانی هەڕەشە و جوگرافیا و تۆپۆگرافیای وڵاتان کە پێشتر رێگرییەکی زۆری لە پێکدادا لە نێوان نەیاران هەبوو، ئەم لەمپەڕانە بەرامبەر تەکنەلۆجیای نوێ و سادەی درۆنەوە گرنگییان نەما و جیهان و ئاسمانی وڵاان بوو بە گۆڕەپانی ئازادی شەڕی نهێنی و ئاشکرای درۆنەکان.

بەهۆی جیاوازی شێوازەکانی بەکارهێنانی درۆنەکان و ئەو وزەیەی دەیجوڵێنێ و ئاڕاستەی دەکات و جیاوازی قەبارەیان لەنێوان چەند سانتیمەترێک و زیاتر لە دە مەتر شێوازەکانی ڕوبەڕوبونەوەی ئەم هەڕەشەیە ئاڵۆزتر و قورستر بووە. هەربۆیە لە ئێستادا زۆربەی وڵاتان لە هەوڵی دەستەبەرکردنی ئەم تەکنەلۆجیایە نوێیەن و هەروەها شێواز و ئامرازەکانی خۆپارێزیش.

بەکورتی ئەم ئامرازە نوێیە هەرچەندە لە بواری مەدەنی و زانستیدا زۆر سود بەخش بووە، بەڵام لە ڕووی سەربازی و ئەمنی و سیاسی و ستراتیجی وەک ئامرازێکی بەهێزی هەڕەشە بەکارهاتووە و پێدەچێ بۆ دەیان ساڵی تر بەردەوام بێت. لێرەوە سەرجەم وڵاتان و داڕێژەرانی ئەمنی نەتەوەیی و ناوخۆیی وڵاتان بە ئەرکی خۆیان دەزانن کە بەرنامەی درێژخایەنیان بۆ شێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم چەکە سەربازییە کوشندەیە هەبێ، چونکە وەک چۆن لە دەرکەوتنی تۆپ و تانک و فڕۆکە گۆڕانکاری لە چەمک و شێوازی شەڕ ڕوویدا، ئەوا بێگومان دەرکەوتنی بەهێزی درۆن وەک ئامرازێکی سەربازی کاریگەری لەسەر سەرجەم شێوازەکانی ململانێ و شەڕی ئایندەیی وڵاتان و بکەرە نا نێودەوڵەتییان دەبێ.
زیاتر