پەیامێکی هاوسەنگ و بەرپرسیارانە

لەتیف نێروەیی

لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی
  04/03/2024  |    378 جار خوێندراوەتەوە
پەیامەکەی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی لەدیداری رافیدەین كەلە شاری بەغداد لەبەردەم ژمارەیێکی زۆر لە سەرکردەو سیاسەتمەدار و دیپلۆماتکاران و سەرچاوە میدیاییەکانی ناوخۆیی وجیهانی خستییەروو،  پەیامێکی فرە رەهەند،راشكاوانە،هاوسەنگ وبەرپرسیارانەبوو لەسەر کۆی پرسە ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەولەتییەکان .

* هاوسەنگی پەیامەکە خۆیی لەوەدا دەبینێتەوە، کە دورلەمەیلداری بۆلایەنێکی دیاریکراوی سەرجەم لایەنە پەوەندیدارە ناوخۆیی و ئیقلیمی و نیودەوڵەتییەکان، (هەرێم ،بەغداد)،(ئەمریکا،ئێران)،(عيراق،ئەمریکا، ئێران)، (تورکیا ،یەکێتی)،(ئیسرایل،حەمماس)،(دادگای باڵای فیراڵی عيراق و حزبە کوردستانییەکان)و ....هتد. سەرۆکی یەکێتی لەسەر هەموو ئەم مژارە گەرم وگرنگانە بەوپەری راشکاوییەوە سیاسەت و دیدی خۆی و یەکێتی خستەروو ، بەبێ ئەوەی هەست بکرێت کە مەیلی هەبێت ،بەرژەوەندی وڵاتێک بیخاتە سەرووی بەرژەوەندی وڵاتێکی دیکەوە ،بەرژەوەندی لایەنێک بیخاتە سەرووی لایەنێکی دیکەوە ،تەنانەت بەبێ ئەوەی هەست بکرێت کە بەرژەوەندی یەکێتی بیخاتە سەرووی بەرژەوەندی لایەنێکی دیکەوە. یان بۆ مەبەستێکی دیاریکراو ،خۆی لەلایەنێکەوە نزیک بکاتەوە لەدژی لایەنێکی دیکە .بەڵکو بەشێوازێکی بابەتیانەو هاوسەنگ تیشکی دەخستە سەر  کێشەو دیاردەو مەترسییاکان و هۆکارەکانی سەرهڵدانی ئەو کێشانەو کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەردەوامبوون و چارەسەرنەکردنیان لەسەر ئایندەی ناوچەکە .

* بەرپرسیارانەبوو ،چونکە لەگەڵ خستنەرووی نەخشەی رووداوەکان،چارەسەرێکی ریشەیی  پێبووە،بۆ کۆی پرسەکان. تاکە بژاردەو میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەکانیش ،بریتی بوو لە گرتنەبەری دانوستان و نەهێشتنی گرژی وتوندوتیژییەکان وگەیشتن بەرێکەوتن لەسەربنەمای بەرژەوەندی هاوسەنگ وهاوبەش.

بریارەکانی دادگای فیدراڵ و سیاسەتی یەکێتی .

سەبارەت بەبریارەکانی دادگای باڵای فیدراڵ ،سەرۆک بافڵ پەیامێکی شەفاف ئاراستەی ئەولایەنانەی هەرێم دەکات کە رەخنە لە بریارەکانی دادگا دەگرن و پێیان دەڵێت : راستە بریارەکان قورسن ،بەڵام رەخنە لەدادگا مەگرن ،بەڵکو رەخنە لەو هۆکارانە بگرن کەکاریان گەیاندە ئەو دۆخەی کە بەناچاری هانا ببرێتە بەر دادگای فیدراڵ بۆچارەسەرکردنی کێشەکان لەرێی یاسایی و دەستورییەوە،ئەمەش دیدێکی زۆر بەجێییە ،چونکە ئەگەر لەهەرێم لایەنە پەیوەندیدارەکان لەرێیی دانوستانەوە کێشەکەیان چارەسەربکردایە ،ئەوکاتە پێویست نەدەکردن هانا ببرێتە بەر دادگای فیدراڵ ،بەڵام کاتێ دادگا بۆیەکلاکردنەوەی کێشەکە بریاریدا و بەهۆی بریارەکەوە رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەردو دیموکراتیانە دیاریبکات ،ئێمە رێزی لێدەگرین و پابەندی بریارەکە دەبین . ئەمەش دانپیاناکێکی دیپلۆماسییە کە هۆکارەکە بۆ هەرێم دەگەرێتەوە نەک دادگای فیدراڵ ،هۆکارەکە بۆ نادادپەروەری و یاساشكێنی هەرێم دەگەرێتەوە ،نەک بەغداد.چونکە ئەو یاساشکێنییەی هەرێم وایکردووە، بۆچارەسەرکردنێکی  یاساییانە رووبکەنە دادگای فیدراڵ، دەبێ ئاماژە بەو راستییەش بدرێت کە دادگای فیدراڵ بۆ چەندین جار بریاردانەکەی دوواخست وەکو دەرفەتێک بۆ حزبە کوردستانییەکان تاوەکو لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان رێبکەون ،بەڵام بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبایەتی هەموو  دەرفەتەکانی لەباربرد.

عیراق و ململانێی ئەمریکاو ئێران 

لەمژاری تایبەت بە پەیوەندییەکانی نێوان عيراق وئەمریکاو ئێران ،سەرۆکی یەکێتی بەبیرێکی سەردەمیانە ، راڤەی دۆخی ئێستای عيراق وناوچەکەی کردو تیایدا ،هەڵوەستە لەسەر رووداوەکان دەکات وبروای خۆی دووپات دەکاتەوە کە بەردەوامبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران کاریگەری نەرێنی لەسەر عيراق دروست دەکات ،بۆیە لەمەشدا  پەیامێکی هاوسەنگ ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغداد دەکات و پێیان دەڵێت هەردوو وڵات بۆ عیراق گرنگن و هەوڵبدەن بەپێی دۆخی ئێستا پەیوەندییەکانی عیراق لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە بەرێوە ببەن و نابێ هیچ یەکێک لەو دوو وڵاتە فەرامۆش بکرێت ،گرنگیشە ئەو دوو وڵاتە لەدوۆخی ئێستای عيراق بگەن ،چونکە هەردوو وڵات کاریگەرییان لەسەر عيراق هەیە . 
 
هەڵوێستێکی بوێرانە 

رەهەندێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی لە دیداری رافیدەین دا،خۆی لە هەڵوێستێکی بوێرانەی یەکێتیدا دەبینێتەوە ،کە رایگەیاند شانازی بە مێژووی پرشنگداری گەلی کورستانەوە دەکەم . پاشان لەسەر هەڵوێستی نەگۆری یەکێتی وەک نەریتێکی هەمیشەیی دووپات کردەوە کە  یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هیچ هێزو وڵاتێک بەدوژمنی خۆیی نازانێت و ناشخوازێت هیچ وڵاتێک بەچاوی دوژمنەوە سەری یەکێتی بکات و ئێمە ئامادەین  لەرێی دانوستانەوە کێشەکان چارەسەر بکەین و پشتگری هیچ گرۆپێکی چەکداری کوردی و غەیری کوردی ناکەین کە دژی تورکیا  چالاکی بکات،بەڵام یەکێتی سازش لەبەرامبەر هیچ لایەنێک لەسەر هەڵوێستەکانی خۆی ناکات. واتە یەکێتی لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانە لەرێی دانوستانەوەو ئامادەیە بۆدانوستان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش . نەک سازش و دەستبەردانبوون لەسەر هەندێ بەهاو پرەنسیپە مێژووییەکانی خۆی . یەکێتی لەو بروایەدایە کە هاتنەکاییەی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی ،سەقامگیری ئابووری و بازرگانی بەداوخۆییدا دێنێت و ئەمەش لەبەرژەوەندی هەموولایەنەکاندایە .  ئەو سەقامگیرییەش تەنها بە لێکتێگەشتن وبەرژەوەندی هاوبەش دێتەدی .
زیاتر