زابخودێ.!

د.ڕێبوار محمد صالح

مامۆستای زانکۆ
  04/09/2024  |    1907 جار خوێندراوەتەوە

خوێندنەوەیەک بۆ پەیامەکەی (سەرۆک بافڵ)

د.ڕێبوار محمد صالح

سوێندی مەحکەمەیە و مەجالی تیانییە و گوزەشت ئەو عەیامەی پارتی چی بوێت بۆی بچێتەسەر. لەپاش (٢٠ی ئۆکتۆبەر) کاک مەسرور، نەک سەرۆکی حکومەت وەرناگرێتەوە، بۆئەوەی ببێت بە مودیرعامێکیش؛ دەبێت چاوەڕێی ئۆکەی یەکێتی بێت.

ئەمڕۆ سەرۆک بافڵ لە چوارچێوەی (گوتاری سەنگین و ڕاشکاوانە)ی یەکێتی نوێ؛ پەیامی ڕوونی یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان بەیان کرد. ڕوونتر لەبارەی قەبارە و پێگەی یەکێتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان قسەی کرد. سەرۆک خۆیئاسا تەمومژ و تەفسیر و تەئویلی بۆ هیچ شتێک نەهێشتەوە و بەدەنگێکی بەرز و دلێر جاڕی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی حکومەت و هەولێریدا.

سەرۆک گووتی: یەکێتی هی ئەوە نییە دوای هیچ هێز و لایەن و سیاسەتێک بکەوێت و گوتییەوە: یەکێتی هێزە، خوێنی شەهیدە، هەر خۆیشی نەخشەی سیاسیی و حوکمڕانی ئاییندەی وڵات دیاریدەکات.

پەیامی کاریگەر و پڕ لە متمانەی سەرۆکمان لەخۆڕا نییە. هەرێمەکەمان بەدەستی تاکڕەویی و تاکحیزبی بەرەو لاوازی و نەمان دەچێت. ورد و درشتی پەیامەکەی سەرۆک؛ لە سۆنگەی خەمخۆریی بۆ داهاتووی گەل و نیشتیمانە و یەکێتی نوێ بە کەلیمە لێی لانادات و خەباتی گەورەی بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی چەوتی حوکمڕانی کردووە و دەکات.

یەکێتی تا هێنانەدی هاوسەنگی هێزی سیاسیی، ئابووریی، دارایی و دیبلۆماسیی لە هەرێمی کوردستان و باشکردنی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک ڕاناوەستێت و بەرهەمی سیاسەتی دیراسەتکراو و ژیرانەی دوو ساڵی ڕابردووش؛ دەرخەری ئەو حەقیقەتە؛ یەکێتیەکەی ئێستا زۆر شتی گەورەتری پێدەکرێت. ڕەنگبێت لە خەیاڵی زۆرێک هەر نەبێت

.
قسەکانی سەرۆک بافڵ دڵنیاییدان لەبارەی سەرکەوتنی هەوڵە دیبلۆماسییەکانی یەکێتیەکەمان لە ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیی پیشان دەدات. پێمان دەڵێت تا یەکێتی مابێت هەرێمی کوردستان دەمێنێت. تا یەکێتی بەهێز بێت؛ کوردستان بەهێز دەبێت. پێمان دەڵێت خەباتی سیاسیی یەکێتی نوێ؛ بەردەوامە و ناوەستێت.

گومانمان نییە یەکبڕیاری، یەکدەستی و یەکسەرۆکی یەکێتی هەوێنی گشت دەستکەوتەکانە و لەبری فرەمینبەری و فرەکوێخایی و باڵباڵێن؛ ئێستا هەموو یەکێتی خەبات بۆ هێنانەدی ئەوە دەکات سەرۆک دەیڵێت.
پەیامەکەی سەرۆک لەمکاتەدا؛ گوڕ و ئیلهامی گەورە بە ئێمەی جەماوەری یەکێتی دەبەخشێت. وەهامان لێدەکات شەو و ڕۆژ بۆ خەباتی دیموکراسیی و گۆڕینی هاوکێشەی هێز و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی خواری حوکمڕانی تەرخانبکەین. وەها دەکات خەباتمان بۆ سەرکەوتنی یەکێتییەکەمان زیاتر بکەین. بەری ئومێدمان بۆ داهاتوو بەرینتر بێت. کردوومانە و هەوڵی زیاتر و شەونخونی زیاتری بۆ بدەین. پەیامەکەی سەرۆک بەرپرسیاریەتی هەموومان لە هەموو ئاستەکان زیاتر دەکات. هیوای گەورەمان بۆ داهاتوو پێدەدات. هەر بەڕاستی ناهێڵێت یەکێتییەکان چیدیکە لەسەر چەپکە گوڵەکەیان بخەون.!

زیاتر