هەژماری من » وەک ێەڕافێک

  04/09/2024  |    247 جار خوێندراوەتەوە

دروستکردنی بانکێکی نیشتیمانی چارەسەرە

لە ماوەکانی رابردوودا و بە دیاریکراویش لە دوو ساڵی ڕابردوودا کێشەکانی نێوان بەغداد و هەرێم لەسەر چەند دۆسیەیەکی جیاواز بە تایبەتیش لەسەر پرسی و بودجە و موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو رویان لە ھەڵکشان کرد .

ئەم تەنگژە و گرژییانەش ئاسۆی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێمی خستە بەردەم ئاقار و قۆناغێکی دژوارتر لەوەی کە هەبوون لە رابردوودا . دەرئەنجامی ئەم دۆخە دژوارەش، لەلایەک بووە هۆکاری لاوازبوونی پێگە و ڕۆڵی حکومەتی هەرێم لەسەر هەردوو ئاستی دەرەکی و ناوخۆیی ، لەلایەکیدی بووە هۆکاری خراپتر بوونی دۆخی ئابووری و دارایی و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

بە شێوەیەکی گشتیش کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند ئەکرێت وا وێنا بکرێن کە کۆمەڵە کێشەیەکی  فرە ڕەهەند ، هەمەچەشن ، جۆراوجۆر، تا ڕادەیەکی زۆریش چارەنووسسازن . بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان هەم بۆ داهاتووی ژیان و گوزەرانی ھاونیشتمانیان.

لەبەر هەستیاری دۆخەکەش لەسەر هەموو لایەکمان وا  پێویست ئەکات کە مامەلەیەکی دروست و ئیدارەدانێکی دیبلۆماسیانە لەگەل ئەو دۆخە دژوارانە بکەین . مامەلەیەک کە پشت ئەستوور بێت بە دنیا بینینێکی نیشتمانیانە،  بە شێوەیەک کە چارەسەر کردنی کێشە و تەنگژەکان  بکرێتە ئەولەویەت و بخرێنە پێش هەموو بەرژەوەندیەکی حزبی و سیاسی و کەسی .چونکە هۆکاری سەرەکی زۆربونی هەموو ئەو کێشانەی کە ئەمڕۆ بەرۆکی هەرێمی کوردستان گرتوە و هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەیان پێوە گیرۆدە بووە ئەگەڕێتەوە بۆ خراپ ئیدارەدان و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا . سەرئەنجام ئەوەی کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات دەرهاویشتە و ئەنجامن نەک هۆکار .. ئەوەی کە لە ئێستادا ئەگوزەرێت  کاردانەوەیە لە هەمبەر خراپ مامەڵەکردن و ئیدارەدانی دۆسیەکان کە گرنگرتینیان لە دۆسیەی ئیدارەدانی مەلەفی نەوت بودجە و موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمدا خۆی بەرجەستە ئەکات . 

ئەوەی کە لەم نوسینەدا گرنگە ڕوونی بکەینەوە بۆ سەرکردایەتی کورد و خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، کە ئەبێت ئەولەویەت بۆ چارەسەرکردن مەسەلەی ئیدارەدانی سیستەمی دارایی هەرێمی کوردستان بێت، بەر گرنگیدان و چارەسەری کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و  یەکلاییکردنەوەی بابەتی بەبانکی کردن (تەوتین)  بێت. بە شێوەیەک کە لە زووترین کاتدا بتوانرێت ئالیەتێکی گونجاو بۆ چارەسەر کردنی ئەو دۆسیە هەستیارە بدۆزرێتەوە .

بۆ هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕوون و ئاشکرایە، کە دادگای فیدڕاڵی بە بڕیارێکی فەڕمی کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی چارەسەرکردووە، کە لە دواین نوسراویشدا کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ کە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانیعێراقی ناردووە تێدا هاتووە بە پشت بەستن بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراقی بڕی (١١،٥ ترلیۆن)ی بەبێ مەرج تەرخانکردووە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم وە جێگیر کراوە لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ .

بەڵام، ئەوەی تاوەکو ئەمڕۆ بۆتە هۆکاری خەرج نەکردن یان دواخستنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە یان خەرج نەکردنی موچەی هەندێ توێژی موچەخۆرانی هەرێم بریتیە لە دواکەوتنی پرۆسەی بەبانکی کردن پارەدان (تەوگین) و بە بانکی کردنی موچەی مووچەخۆرانی هەرێم و پێداگری حکومەتی هەرێم لەسەر لە بە بانکیکردن لە رێگەی هەژماری من، کە سەرەرای ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا هەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان وە هەم لەسەر ئاستی حکومەتی ناوەند و دامەزراوە ئیتیحاددیبەکان بە دادگای ئیتیحاددی بالاشەوە زۆرترین مشتومر و نارەزایی و رەتکردنەوەی پرۆژەکەی لەگەل خۆیدا ھێناوە.

بەڵام پێداگیری حکومەتی ھەرێم لەسەر پڕۆسەی ھەژماری من (سیستەمی قاێە و ێەراف)  لە ئێستا ئەم کێشەیەی گەیاندۆتە دۆخێکی ناجۆر کە بەردەوام موچەخۆرانی هەرێم دەبێت باجەکەی بدەن.

ئێمەش، لە سۆنگەی هەست کردنمان بە بەرپرسیارێتی و لەگەل قەناعەتی تەواومان بە زەڕووریەتی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ، ھەوڵ ئەدەین لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی گشتگیر و نیشتمانیدا  پێشنیازە چارەسەرێک بخەینە ڕوو بە جۆرێک  کە لە بەرژەوەندی حکومەت و خاک و خەڵکی ھەرێمی کوردستان بێت:. 
بێگومان ھەرێمی کوردستان بە ھۆکاری خراپ بەڕێوەبردن و نادامەزراوەیی لە بواری دارایی و بانکیدا تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە نە سوود لە دەرفەت و کەلێن و بۆشاییەکانی دەستووری عێراق وەربگرێت نە سوودیش لەو پێگەو نفوزە سیاسیەی خۆی وەربگرێت کە لە ڕابردوودا ھەیبوو. بەڵام لەگەل ئەوەشدا ھێشتا کاتەکە درەنگ نیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە. تاوەکو بتوانین کۆمەڵێک دەرچە و چارەسەری یاسایی پێشنیار بکەین ھیچ نەبێت بتوانین بەشێک لەو کێشانەش چارەسەر بکەین تا دەرفەتەکان لەدەست دەرنەچوون.
بەبۆچوونی  ئێمە پەیوەست بە کێشەی موچەی فەرمانبەران، ئەکرێت حکومەتی ھەرێم لە جیاتی پێشنیارکردنی پڕۆژەی ھەژماری من وە زیاتر قوڵکردنەوەی کێشەکانی نێوان بەغداد و ھەرێم پێشنیار و چارەسەرێکی گونجاوتری ھەبێت کە لەلایەک ھەم مەرجەکانی حکومەتی فیدڕاڵی جێبەجێ بکات وە ھەم لە خەمی خزمەتی موچەخۆر و خەڵکی ھەرێمی کوردستان بێت. واتە بەجۆرێک ھەم دژیەکی نەبێت لەگەڵ یاسا و ڕێساکان ھەم لەبەرژەوەندی حوکمڕانی ھەرێم بێت لەبەرئەوە ئێمە پێمان وایە کە چارەسەری بنەڕەتی و گونجاو بۆ ئەم کێشەیە بریتی ئەبێت لە پێشکەشکردنی پڕۆژەیەکی شامل و گشتگیر بۆ دامەزراندنی بانکێکی نیشتمانی لە ھەرێمی کوردستان چونکە ئەم بابەتە جگە لەوەی گرنگیرکی زۆری ھەیە وە ئەبێتە بەشێک لە چارەسەری کێشەکان وە لە ھەمان کاتدا زەمینە سازی یاساییشی ھەیە چونکە ئەم بابەتە بە بریاری ژمارە ٦٦ی ساڵی ٢٠٠٨ی بانکی ناوەندی عێراق چارەسەرکراوە و ماف بە ھەرێمی کوردستان دراوە کە ببێتە خاوەندی بانکێکی نیشتمانی کە وێنەیەکی کۆپی کراو و بچوک کراوەی بانکی مەرکەزی عێراق دەبێت لە ھەرێمی کوردستان وە بانکی ناوەندی عێراق بە پشت بەستن بە یاسایی -
دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتی فەرمی دەبێت بە بانکی حکومی ھەرێمی کوردستان وە لە چوارچێوەیەکی یاساییدا ئەم بانکە دروست دەکرێت وە لە خوارەوە باس لە گرنگی دامەزراندن و تەفعیل کردنی ئەکەین و پاش خستنە ڕووی گرنگی و سوودەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان ئەتوانن لەگەڵ پڕۆسەی ھەژماری من بەراوردی بکەن بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ھەرێمی کورستان ڕوون و ئاشکرا بێت:.
گرنگترین سوودەکانی ئەم بانکە نیشتیمانیە :
١. کۆکردنەوەی ھەموو بانکە حکومی و بازرگانیەکانی ھەرێمی کوردستان لەژێر چەتری ئەم بانکە و دەبێتە بەشێکی گرنگی سیاسەتی نەختینەیی عیراق.
٢. بە ئەلکترۆنی کردنی سیستەمی بانکی ھەرێمی کوردستان.
٣. سوودمەندبوون لە ھەموو ئەو شایستە داراییانەی کە لە بەغدادەوە بڕیاریان لی دەدرێت.
٤. سوودمەندبوون لە پێشینەکانی خانوبەرە و پیشەسازی و کشتوکاڵ و پێدانی قەرز.
٥. دابینکردنی دۆلار بۆ بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بە نرخی بانکی مەرکەزی عێراقی و فەراھەمکردنی سەکۆیەکی ئەلکترۆنی بۆ داواکردنی دۆلار.
٦. بەستنەوەی سیستەمی بانکی ھەرێم بە جیھانەوە بە شێوەیەک کە حەوالاتی دەرەکی راستەخۆ لە ڕێگەی جەی پی مۆرگان و سیتی بانکەوە ئەنجام بدات.
٧. گێڕانەوەی متمانە بۆ ھاوڵاتیان و بازرگانان و وەبەرھێنەران.
٨. جێگیرکردنی ئەندامێتی حکومەتی ھەریم لە بانکی مەرکەزی عێراق.
٩. راستەوخۆ مانگانە بەشە بودجە و شایستە داراییەکانی ھەرێم و بەتایبەت مووچەی فەرمانەران لە ڕێگەی ئەم بانکەوە بە ئاسانی ئەگوازرێتەوە.
١٠. ڕێگە ئەگرێت لە بەھەدەردان و سپیکردنەوەی پارە و تۆمارکردنی داھات و خەرجیەکان بە شێوەی سیستەماتیک کە مەجالی گەندەلی و فەسادی ئیداریش کەم ئەکاتەوە.
١١. سیولەدارکردنی بانکی نیشتیمانی لە جیاتی بانکە ئەھلیەکان واتە ئەو پارەیەی کە بۆ مووچەی فەرمانبەران دێت لە جیاتی ئەوەی لە بانکێکی ناحکومی ببێتە سیولە ئەو کاتە دەبێتە سیولە لە بانکی نیشتمانی.
وەک دەرئەنجام دەردەکەوێت کە دامەزراندنی ئەم بانکە زەڕووڕەت یاخود پێویستیەکی ھەنوکەییە وە لایەنە ئەرێنیەکانی جیاوازیەکی زۆر و نابەرابەری ھەیە لەگەڵ پڕۆسەی ھەژماری مندا لەگەڵ ئەوەی بەڵێ بۆ بنیاتنانی بانکێکی نیشتمانی بە دامەزراوەییکردنی سیستەمی بانکی وە نەخێر بۆ سیستەمی قاێە و ێەڕاف (ھەژماری من)، چونکە لە ئێستادا دەرکەوتوە، زۆرینەی ئابووری ناسەکان ھاورا نین، پاشەکەوتی گشتی مووچەی مووچەخۆران لە چەند بانکێکی ئەھلی کۆببێتەوە، وە حکومەتی ھەرێمی کوردستان خاوەنی ھیچ یەدەکێکی نەختێنەی نەبێ بۆ حاڵەتەکوتوپرەکان، ئەویش لەو دۆخە ئاڵۆز ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ھەرێم، عێراق و ھەرێمایەتی ناوچەکە.
بەم پێیەش پەلە کردن لە دروستکردنی بانکێکی نیشتمانی لە ھەرێمی کوردستان کە  ببێتە ناوەندی ئیدارەدانی بانکەکانی تر و ھەموویان بە سیستمێکی زیرەکی ئەلکترۆنی بەیەکەوە ببەستێتەوە، ئەو دەرئەنجامەمان بۆ بەدی ئەھێنێت، کە چیتر بانکەکانمان تەنھا وەک قاسەیەک نەبن و ئیشی دابەشکردنی موچە بکەن، بەڵکو وەک بانکەکانی تری عیراق و ناوچەکە ھەموو کاروباری بانکی بکەن و جێی متمانەی خەڵکی بن.
ھەر بۆیە پێویستە حکومەت کار لەسەر بەھێزکردنی دامەزراوە دارایی و بانکییەکانی خۆی بکات، نەوەکو ببێتە ھۆکاری بەھێزکردنی بانکە ئەھلییەکان، چونکە پرۆەی ھەژماری تەنھا بانکە ئەھلییەکان لێی سودمەند دەبن، بە لایەکی دیشدا لاوازکردنی بانکە حکومییەکانی بەدوودا دێت.
باشتر وایە حکومەتی ھەرێم بەپێی یاسا و بڕیارەکانی بانکی ناوەندی عیراق، پەلەبکا لە دامەزراندن و وەگەرخستنی بانکی نیشتیمان بکات، تا وەک بانکەکانی تری رەشید و رافدەین، کارەکانی خۆی رایی بکات، ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ بە سیستماتیکی کردنی بانکسازی لە ھەرێمی کوردستان وعێراق.
بەم شێوەیە بانکی ناوەندی عیراق، دەتوانێ لە چوارچێوەی یاسا و بڕیار و رێنماییەکانیدا رێگە بە دروستکردنی لقێکی دیکەی بانکی ناوەندی لە ھەرێم بدات تاوەکو ناوەندێکی چاودێری گەورە بێت لەسەر کارکردنی بانکە حکومی وتایبەتەکان
وەک دەرئەنجام، دەردەکەوێت کە دامەزراندنی ئەم بانکە ئێجگار زەرورە یان دەکرێ بگوترێ پێویستیەکی ھەنوکەییە و لایەنە ئەرێنیەکانی جیاوازیەکی زۆر و نابەرابەری ھەیە لەگەڵ (ھەژماری من) دا، لەبەرئەوە بەڵێ بۆ بنیاتنانی بانکێکی نیشتمانی و بە دامەزراوەییکردنی سیستەمی بانکی و نەخێر بۆ پشتیوانیکردنی بانکە ئەھلییەکان لەڕێی (ھەژماری من)وە، لە کۆتایدا ئێمە تێبنی رەخنەمان لە ھەژماری من لە ئەھلی کردن یاخو قۆرخ کردنیەتی بۆ چەند بانکێکی تایبەت نەک بە نیشتیمانی کردن و خۆماڵی کردنی.
شاڵاو کۆسرەت ڕەسول

زیاتر