کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١ و چەند دێڕێک
23/05/2025
|
418 جار خوێندراوەتەوە
کۆڕەوەکەی مانگی نیسانی ساڵی١٩٩١ لە سابونکەران ماڵێک لە خانووکەی ئێمەدا بوون (ماڵی هونەرمەندێک ناسراوە)، باوکی ئەو هونەرمەندە گەڵابەیەکی پێبوو کە پێم وابێت فەرمانبەری شارەوانی بووبێت، لە کاتی کۆڕەوەکەدا نزیکەی ٢٠ ماڵێک بە خاو و خێزانەوە پێی ڕۆشتین و شارمان بەجێهێشت.
لەو کاتەدا تا گەیشتینە گۆخڵان باران و قوڕ و ترس ژیانی لێ کردبوینە کابووس، جا باس لە مردن و برسێتی و بەجێهێشتنی ئازیزان با لەوەلاوە بوەستێت، ئەوەی لەو کۆڕەوادا نەژیابێت هەست بە ئازارەکانی ناکات.
کاتێک گەڕاینەوە بۆ سلێمانی من ماوەی دوومانگ زیاتر بەس بۆنی نەوت و میز و خۆراکی تێکەڵبوو لە بۆنمدا مابووەوە وە، توشی نەخۆشی گرانەتا و زەردوویی پێکەوە ببووم، دۆخێک کە بیر کردنەوەش لێی سامناکە، (کۆڕەو پڕە لە بیرەوەری تاڵ).
کرتەیەکی ڤیدیۆیم بینی، خێزانێکی کورد لەسەر سفرە باس لە دووبارە بونەوەی خوانەکانیان دەکەن، نازانم ریکلامە یاخود کارێکی هونەری، ئەوەندە دەزانم کچە گەنجەکە بە باوکی دەڵێت، ئەمرۆ شلە و برنج، سبەینێ برنج و شلە.
دایکە کە تورە دەبێت و باوکەکە دەڵێت" لێیان گەرێ ئەوان ئاوارە بونەکەیان نەبینیوە"، کچە گەنجەکەش پاش ئەوەی دەڵێت دیسان بەزمی ئاوارە بوونەکەیە، پاشان بە خوشکە بچوکەکەی دەڵێت تۆ ئاوارەییەکەت نەبینیوە (هەڵبەت بەشێوەیەکی توانجئامێز).
لێرەدا پێویستە بڵێم ئەو کرتە ڤیدیۆییە زۆر شتمان پێدەڵێت، بۆ نمونە؛ کاڵکردنەوەی ئازارەکانی گەلێک، نەمانی پیرۆزی لە ڕابردووی میللەتێک، شێواندنی خوێنی هەزاران شەهید و ئاشکرا کردنی بێ ئینتیمایی نەوەیەک کە هیچ بەهاو پیرۆزییەک ناناسێت.
جا من نەوەی ئێستا بە گوناهبار نابینم لە ئاست مێژووی دڵ پڕ لە زووخای ئەم میللەتەدا، ئاخر بۆ ئەوان هیچ شتێک نەمایەوە بەناوی پیرۆزی و مێژوو.
کێ هۆکارە؟ کێ سەبەبکارە؟
چی بکرێت باشە؟
جا من لە کورتی بریمەوە.
|