پشیلە تووڕەکانی ئەمریکا بەڕێگـاوەن بەرەو سنورەکـانـی ئێران

  1     کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە گەرمەی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرزبوونەوەی ئەگەری پێکدادانی سەربازی، ئەمریکا چەکێکی نوێ و جیاواز بەرەو ناوچەکە دەجوڵێنێت، چەکێک، کە بە "پشیلە تووڕەکان" ناسراوە.

بەپێی نوێترین زانیارییەکان، پۆلێک فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی جۆری (F-١٦ Block ٥٢)  سەر بە پاسەوانی نیشتمانیی ئەمریکا، زەریای ئەتڵەسییان بڕیوە و بەرەو ڕۆژهەڵات بەڕێکەوتوون. 

ئەم جوڵەیە تەنها گواستنەوەیەکی ئاسایی نییە؛ چونکە فڕۆکەکان بە سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی زۆر پێشکەوتوو تەیارکراون، کە پێی دەوترێت "Angry Kitten" (پشیلە تووڕەکان).

بەڵام نهێنیی ئەم پشیلانە چییە و بۆچی ئێستا؟

ئەم سیستەمە لە بنەڕەتدا پڕۆژەیەکی ڕاهێنان بوو بۆ دروستکردنی کەشێکی خەیاڵیی جەنگی ئەلیکترۆنی، بەڵام سوپای ئەمریکا درکی بە توانا سامناکەکەی کرد لە گۆڕەپانی جەنگی ڕاستەقینەدا، ئێستا، ئەم "پشیلە تووڕانە" ئەرکێکی قورسیان پێسپێردراوە، کە لە زاراوەی سەربازیدا بە  (وایڵد ویزڵ - Wild Weasel)  ناسراوە؛ ئەویش بریتییە لە چوونە ناو قووڵایی خاکی دوژمن، تەشویشکردن، پەکخستن و لەناوبردنی تەواوەتیی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و ڕادارەکان.

بە گەیشتنی ئەم فڕۆکانە بۆ بنکەی (لاجیس) لە دوورگەکانی ئازۆر و جێگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکە زەبەلاحەکانی سووتەمەنی پێدەر بۆ پاڵپشتیکردنیان، شارەزایانی سەربازی پێیان وایە ئەمە پەیامێکی ڕوونە، ئەمریکا قەبارەی ئامادەباشییە ئۆپەراسیۆنییەکانی لە ناوچەکەدا گەیاندووەتە لوتکە.

دەرکەوتنی ئەم پۆدە پێشکەوتووانەی جەنگی ئەلیکترۆنی لەسەر باڵی فڕۆکەکان، ئاماژەیە بۆ تاقیکردنەوەیەکی کرداری لە ژینگەیەکی جەنگیی ڕاستەقینەدا، کە ڕەنگە ھەر سیناریۆیەک بگرێتەوە و سیستەمە بەرگرییەکانی وڵاتێکی وەکو ئێران بکاتە ئامانجی یەکەم.


ڕیکلام