براوەکانی بەشی پێشبڕکێی جۆرێک ڕوانین لە 78مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان راگەیاندرا

  24/05/2025  |    444 جار خوێندراوەتەوە

مەراسیمی بەخشینی خەڵاتەکانی بەشی پێشبڕکێی جۆرێک ڕوانین Un Certain Regard لە حەفتا و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لەلایەن ئەندامانی لیژنەی دادوەرانی ئەم بەشەی فێستیڤاڵە، لە ئێوارەی ڕۆژی ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٥ لە هۆڵی دیبۆسی Debussy شوێنی پیشاندانی بەرهەمەکان بۆ ڕەخنەگران، ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سینەمایی لە شاری کان لە وڵاتی فەڕەنسا بەڕێوەچوو؛ و براوەکانی ئەم بەشەی فێستیڤاڵەکە، خەڵاتی بەشە جیاوازەکانیان وەرگرت.

 

ئەندامانی لیژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی جۆرێک ڕوانین:

ئەندامانی لیژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی جۆرێک ڕوانینی فێستیڤاڵی ئەمساڵ پێکهاتبوون لە؛ مۆلی مانینگ واڵکەر Molly Manning Walker دەرهێنەر، فیلمنامەنووس و بەڕێوەبەری وێنەگرتن ـ سەرۆکی لیژنەی دادوەران لە وڵاتی ئینگلتەرا، هەروەها خاتوو لوویز کووڕڤووازیێ Louise Courvoisier  دەرهێنەر و 

فیلمنامەنووس لە وڵاتانی فەڕەنسا و سویسرا، خاتوو ڤانیا کالووجەرچیچ Vanja Kaludjercic  دەرهێنەر لە وڵاتی کرواسیا، ڕۆبێرتۆ مینێرڤینیRoberto Minervini دەرهێنەر، بەرهەمهێنەر و فیلمنامەنووس لە وڵاتی ئیتاڵیا و هەروەها ناهوویل پێرێز بیسکایارت Nahuel Pérez Biscayart  ئەکتەر لە وڵاتی ئەرژەنتینەوە؛ لە نێوان ٢٠ فیلمی سینەمایی لە دەرهێنەرانی وڵاتانی جیاوازی جیهان، براوەکانی ئەم بەشە، کە دووەمین بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی کانە و بۆ بەهرەکانی نوێی سینەما لە جیهان تەرخانکراوە، بەم شێوەیەی خوارەوە راگەیاندرا:

خەڵاتی باشترین فیلم:

خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی پێشبڕکێی جۆرێک ڕوانینUn Certain Regard  بەخشرا بە فیلمی سینەمایی تێڕوانینە نهێنیەکەی فلامینگۆ The Mysterious Gaze of the Flamingo لە دەرهێنانی دیێگۆ سێسپێدێس Diego Céspedes بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی چیلی، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا و بەلجیکا.

 

خەڵاتی لیژنەی دادوەران:

فیلمی سینەمایی شاعیرێک A Poet لە دەرهێنانی سیمۆن مێسا سۆتۆ  Simón Mesa Soto بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی کۆلۆمبیا، ئەڵمانیا و سوید؛ خەڵاتی لیژنەی دادوەرانی ئەم بەشەی فێستیڤاڵەکەی وەرگرت.

 

خەڵاتی باشترین دەرهێنان:

خەڵاتی باشترین دەرهێنانی ئەم بەشەی فێستیڤاڵەکە، بە شێوەیەکی هاوبەش بەخشرا بە عەرەب ناسر و تارزان ناسر بۆ دەرهێنانی فیلمی سینەمایی رۆژێ لە ڕۆژان لە غەزە Once Upon a Time in Gaza بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی فەڕەنسا، فەلەستین، ئەڵمانیا و پورتوگاڵ.

 

خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو:

خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو بەخشرا بە «فرانک دیلان» Frank Dillane لە وڵاتی ئینگلتەراوە، بۆ نواندنی لە فیلمی سینەمایی Urchin لە دەرهێنانی هاریس دیکنسۆن Harris Dickinson.

 

خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن:

خەڵاتی باشترین ژنەئەکتەر بەخشرا بە خاتوو کلیۆ دیارا Cleo Diára لە وڵاتی پورتوگاڵەوە، بۆ نواندنی لە فیلمی سینەمایی من تەنها لە ڕەشەبادا ئارام دەگرم I Only Rest in the Storm بە دەرهێنانی پێدرۆ پینهۆ Pedro Pinho.

 

خەڵاتی باشترین فیلمنامە:

خەڵاتی باشترین فیلمنامە بە «هاری لایتۆن» Harry Lighton بۆ نووسینی فیلمنامەی Pillion لە وڵاتی ئینگلتەراوە پێشکەشکرا.

زیاتر