قوربانیانی بەپاڵەوان کردنی مەسرور بارزانی!

  03/07/2025  |    1496 جار خوێندراوەتەوە

ئایاری ئەمساڵ مەسرور بارزانی سەردانێکی بۆ ئەمریکا رێکخست، تەواوی میدیاکانی پارتی وا وێنایان کرد کە گرێبەستێکی زەبەلاحی ١١٠ ملیار دۆلاری لەگەڵ دوو گەورە کۆمپانیای ئەمریکی ئەنجام داوە!

ئەم گرێبەستانەیان وا وێنا کرد کە گۆڕانکاری جەوهەری بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و ئیدارەی نوێی کۆشکی سپیدا بەرانبەر بە عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی هاتووە بۆیە راستەوخۆ و بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا ئەم گرێبەستانە واژۆ کراون.

لە چەند نوسینێکی پێشوومدا باسی گرێبەستەکان و کۆمپانیاکانم کردووە کە نەک هەر ئەمریکی نین بەڵکو بە کوردییەکی پەتی زەرد ڕەنگ ئەدوێن.

بەهۆی ئەم گرێبەستانەوە خەڵکی کوردستان جارێکی دیکە کەوتەوە بەر چەقۆی شیعە وەلائییەکانی تاران.
مەسرور بارزانی بە واژۆکردنی ئەو گرێبەستانە بە دوای دوو ئامانجی سەرەکییەوە بوو! 
یەکەم بە پاڵەوانکردنی خۆی بەرانبەر نێچیرڤان بارزانی!
دووەم تۆڵەکردنەوە لە شیعەکان و  ئێرانییەکان!
ئەو رۆژەی مەسرور بارزانی بەرەو ئەمریکا کەوتەڕێ، لوتکەی عەرەبی لە بەغدا بەڕێوەدەچوو، لە هەرێمی کوردستانەوە نێچیرڤان بارزانی داوەتی بەغدا کرابوو تا لە پەراوێزی لوتکەکەدا ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە ساز بدات.

دواتریش لە تارانەوە بانگهێشت کراو هاوشێوەی سەرۆک وڵاتانی دراوسێ پێشوازی لێکرا، ئاڵای کوردستانی بۆ هەڵکرا!
ئەم دوو دیدارەی تەنیا دوای زنجیرەیەک دیداری یەک هەفتەیی ھات کە بۆ کەنداو و ئەورووپا ئەنجامیدا و کە بینینی سەرۆکی فەڕەنساشی تێدا بوو!

ئەم جوڵانەی نێچیرڤان بارزانی لاوازی مەسرور بارزانی پیشان دەدا، بە جۆرێک وێنای دەکرد کە هێشتا نێچێرڤان کەسی یەکەمی هەرێمە و هەر ئەویش گوێلێگیراوی هێزە کاریگەرەکانی دنیایە.

ئەمە پێچەوانەی ئەو هەوڵە بەردەوامانەی مەسرور بارزانیە کە بەردەوام هەوڵی بچووکردنەوە و دەست و باڵ کردنی نێچیرڤانی ئامۆزای لە ناو حیزب و حکوومەتدا داوە.

ئەو کاتەی کە نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا لە پەراوێزی لوتکەکەدا دیدارەکانی ئەنجام دەدا، میدیاکانی باڵی مەسرور بارزانی تا ئەندازەی سوکردن، هەوڵی کەمکردنەوەی بەهای لوتکەی عەرەبیان دەدا!

تەنانەت بێ ناوھێنانی فوئاد حوسێن! چەندین توانجیان ئاڕاستەی کرد لەبەرئەوەی دەستی لە رێکخستنی لوتکەکەدا هەبووو، دژایەتی کردنی لوتکەکەش  تەنیا لەبەرئەوە بوو مەسرور بارزانی بانگهێشتی بەغدا نەکرابوو.

سەردانەکەی ئەمریکا!
مەسرور بارزانی بە واژۆکردنی گرێبەستەکان ویستی جوڵەیەکی جیاواز لە دوای١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ئەنجام بدات چاوی لەوەبوو خۆی وەک کەسایەتییەکی حساب بۆکراوی لای کۆشکی سپی نیشان بدات، خۆی بخاتە ناو هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانەوە و کاریگەری خۆی نیشان بدات، بێ گوێدانە ئەو لێکەوتە خراپانەی کە دەکرێت بەهۆی ئەو گرێبەستانەوە بێنە ئاراوە.

لە لایکی دیکە، ویستی پێگەی لاوازی شیعەکانی عێراق و ئێرانییەکان لەناوچەکە بقۆزێتەوە و هەنگاوێک بە پێچەوانەی ئەو پاشەکشە بەردەوامەوە بهاوێت، کە لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە دژی هەرێمی کوردستان گیراونەتە بەر.

چونکە لەناوچەی نفوزی ئێرانییەکان ئەنجام دراون بە درێژای ساڵانی رابردوو هەر باسکردنێک لەو کێڵگە غازییانە یەکسان بووە بە هاویشتنی ژمارەیەک درۆن و مووشەکی بالیستیک!

پێش سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا! بارزانی باوک بە زمانێکی زبر هەڕەشەی لە بەغداد کرد! هەڕەشەکان پشتی بەو حساباتە هەڵەیە بەستبوو کە پێی درابوو! کە گوایە ئەمریکییەکان هەڵوێستیان گۆڕاوە و بەغدا چیتر هێزی ئەوەی نیە بودجەی خەڵکی کوردستان ببڕێت!

ئەم کورتهێنانە لە حساباتەکان لە کاتی ریفڕاندۆمیش روویدا و هەڵەیەکی  هاوشێوەی بە بارزانی باوک کرد کە تا ئێستاش لێکەوتەکانی بەسەر خەڵکی کوردستانەوەن.

پەیوەندیدار بە گرێبەستەکانەوە؛  ئەگەر لە بنەڕەتدا ئامانج لێیان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێم بوایە، دەکرا هاوشێوەی گرێبەستەکانی دیکە، بێدەنگ و لە ژێر پەردە ئەنجام بدرێن و ختوکەی شیعەکانی پێ نەدرایە تا بیانوو بدەنە دەستیان قوتی مووچەخۆران ببڕن.

کاردانەوەی شیعەکان!
کاردانەوەی گرووپە شیعەکان بەرانبەر ئەم هەنگاوەی مەسرور بارزانی چاوەڕوانکراو بوو! نوسراوەکەی تەیف سامی بۆ بەیەکجاری راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەڵامێکی زۆڕ ڕوون بوو بۆ مەسعود بارزانی کە نەک هەر لە وادەی خۆیدا مووچە ڕەوانە ناکرێت بەڵکو بە یەکجاری رادەگیرێت!هاوشێوەی ئەوەی ساڵی ٢٠١٤ بودجەی خەڵکی کوردستانیان بڕی! بەڵام بە فۆڕمێکی جیاوز!

شیعەکان ترسی ئەوەیان هەیە، کە ئەگەر بێدەنگی لەم گرێبەستانە بکەن ئەوا هەرێم هەنگاوی زیاتر بنێت و تاک لایەنانە دەست بە هەناردەی نەوت بکاتەوە دۆخەکە بگەڕێتەوە پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر.

بۆیە بە تەنیا بە رادەستکردنی نەوت ناوەستن! بەڵکو داوای مەلەفی غازیش دەکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا  جەنگی ئێران و ئیسرائیل کۆتایی هاتووە و ئەوەی باڵی دەستڕۆیشتووی ناو ماڵباتی بارزانی خەونیان پێوەی دەبینی کە کەوتنی ئایەتوڵاکان بوو رووی نەداوە! هەڵوێستیان بەرانبەر بەغدا چووەتەوە هەمان قۆناغی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر بەردەوام دەڵێن دەرگای حیوار کراوەیە و مۆدێلی هەڕەشەکردنیان بەسەر چووە!

مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بووەتە قوربانی بە پاڵەوانکردنی مەسرور بارزانی! بۆیە سوپاس دەکرێن!

زیاتر