هەستی غەریبی لەناو نیشتیمان کارەساتێکی نەبینراو

ئاری عومەر

نوسەر
  18/07/2025  |    326 جار خوێندراوەتەوە

کاتێک خۆت لەناو خۆتدا ئەبیتە بێگانە!!! 
غەریبی لەدەرەوەی نیشتیمان ئازارێکی هەستپێکراوو ناسراوە مرۆڤ چاوەڕوانیی هەموو شتێکی لێ دەکات لە ووڵاتێکی بێگانەدا هەست بە دابڕان دەکات  لەبەر نەزانینی زمان و شارەزایی کەلتوورو دابوو نەریتەکان 
تووشی ئاستەنگ و نامۆیی ئەبیت 
ئەم جۆرە غەریبییە ئەگەرچی چەند سەخت بێت، بەڵام لانی کەم چاوەڕوانکراوە و لێکدانەوەی جیاوازی هەیە. 

دەزانین کە دەبێت وەک خۆی مامەڵەی لەگەڵ بکەین دەبێت بگونجێین و لەگەڵیدا هەڵبکەین چونکە لە جێگایەکی نوێ و نیشتیمانێکی دیکەین .

بەڵام غەریبی لەناو نیشتیمان جۆرێکی دیکەی ئازارە  ئازارێک کە لە قووڵایی دەروونەوە هەڵدەستێت و وەک ژەهرێک بەناو جەستەی مرۆڤ دا  بڵاو دەبێتەوە. 

ئەم جۆرە غەریبییە رەگ و ڕیشەکانی لەناو خۆی ئەو زەوی و نیشتیمانەدایە کە لێی لەدایک بووین، لەناو ئەو هەوایەدا کە هەناسەی پێدەدەین، 

لەناو ئەو کۆمەڵگەیەدایە کە دەبوو سایەو سێبەرمان بێت و پارێزگاریمان لێبکات 

ئەم جۆرە غەریبییە لە غەریبی جوگرافی جیاوازە. لێرەدا مرۆڤ لە نیشتمان ناڕوات بەڵکوو لە خۆی دەڕوات، نەک لە شوێنێک. 
دەبێتە بێگانەیەک لە ناو خۆیداو لە ناو ئەو کۆمەڵگایەدا کە دەبوو هەستی ئاسوودەیی و سەربەخۆیی پێبدات. کاتێک مرۆڤ لە ماڵەوە بێگانە دەبێت ئەو کارەساتە دەروونییە دەخوڵقێت کە دەکەوێتە نێوان حەقیقەت و چاوەڕوانیەکانی.

چاوەڕوانی ئەوەی هەیە کەئێرە  جێگای سەلامەتی و ئاسوودەیی ئەو بێت بەڵام حەقیقەت  ئەوەیە کە هەر لەو جێگایەدا تووشی غەریبی و بێگانەبوون دەبێت.

کاتێک مرۆڤ لەناو خۆیدا دەست لە خۆی هەڵدەگرێت یەکەم نیشانەی لەشێوەی گومان لە بایەخدانەکانی  خۆیدا دەردەکەون. 

ئەو کۆمەڵگاو نیشتیمانەی تێیدا لەدایک بووە و گەورە بووە ئیتر وەک جێگایەکی نامۆو غەریبی لێدێت بۆی 
زمانی دایک دەبێتە زمانێکی بێگانە کلتووروداب ونەریتەکان دەبنە شتگەلێکی  بێ ماناو خەڵکی دەوروبەری دەبنە کەسانی نامۆ و بێگانە 

 پەیوەندییەکانی لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانی نامێنێت بەڵام نەک بەهۆی دووری جوگرافییەوە بەڵکو بەهۆی دووری لە ناخ و دەروونییەوە.

ئەم هەستە بە جۆرێکە وەک ئەوەی مرۆڤ لە شوێنێک بێت بەدڵی خۆی نەبێت لە ناو خۆیدا هەست بە تەنیایی دەکا. 

کاتێک بە نێو یادەوەری و کۆڵانەکانی شارەکەی خۆی گوزەر دەکات هەست دەکات وەک میوانێک بێت کە ڕێگای وون کردووە کاتێک لەگەڵ خەڵکی دەوروبەری قسە دەکات هەست دەکات وەک هەردوولا بە دووزمانی جیاواز بدوێن  هەرچەندە هەردوولا بە هەمان زمان قسە دەکەن. 

ئەم جۆرە بێگانەبوونە ئەم جۆرە غەریبییە ئەم جۆرە ئازارە پێناسەی قووڵترین جۆری تەنیایی دەکات 

چونکە مرۆڤ لە ناو ئازادیەکانی خۆیدا زیندان دەبێت زیندان.

زیاتر