رۆژانێک پێگەی کورد لە عێراق لە ئاستێکدابوو کە رێگری لە حکوومەتی فیدڕاڵی دەکرد گرێبەست لەگەڵ واشنتن بۆ کڕینی ئێف ١٦ ەکانی بکات، دەیوت دەکرێ لە دژمان بەکاری بهێنێ!
چی کابینەی حکوومەتی عێراق بوو دەهاتنە هەولێر و لەسەر دەستی کورد شیعەکان یەک دەخران و کابینەکە پێک دەهات!
لە ئاستی سەرۆکی ئەمریکا و فەڕەنسا پێشوازی لە سەرۆکی هەرێم دەکرا!
وەزیری دەرەوەی وڵاتانی زلهێز کەمتر سەرۆکی هەرێمیان دەبینی و زیاتر چاویان بە سەرۆکی حکوومەت دەکەوت! لە ئاستی ئەودا نەبوون!
پێگەی کورد لە ئاستێکدا بوو هەرچی شیکەرەوە و لێکدەرەوەی سیاسی بوو دەیوت، باشووری کوردستان تا سەربەخۆیی تەنیا راگەیاندنی ماوە!
ئێستا گەیشتوەتە ئاستێک مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەو کاتی هەرێم و سەرۆکی ئێستا پارتی بە هەموو هێزی خۆی چووەتە پاریس تا ڕێڕەوی ناو پارکێک کە کراوە بە ناوی پێشمەرگەوە بکاتەوە!
تۆ بڕوانە ئەو پاشەکشێیە لە ماوەی ١٠ -١٢ ساڵی رابردوو کورد وەک نەتەوە لە عێراق کردوویەتی!
ئەو ١٢ ساڵە دروست لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە دەستیان دایە فرۆشی نەوت و بردنی سامانەکەی لە ژێر ناوی جیاجیاوە.
نەوت تەنیا پارەی بۆ بنەماڵە دەستڕۆیشتوەکانی ناو پارتی و یەکێتی کۆکردەوە بەڵام بەها و پێگەیانی لە بنەوە هەڵتەکاند!
بە هەرچی دۆستی ئەم میللەتەیان وت ئێمەی کورد شایەنی دەسەڵاتێکی خۆبەڕێوەبەر نین تا هەنگاو بەرەو کەناری ئارامی بنێت! کە دەرفەتمان بۆ دروست بوو تەنیا بیر لە گیرفانی خۆمان و نەوەکانمان دەکەینەوە.
ئێستا خەڵک خەبات ئەکات بگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی بەغدا و خۆی لە ژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی نەجات بدات.
ئێستا هەموو فەلسەفەی حوکمڕانی کورد بووەتە لیستی مووچە ئامادەکردن و شاند ناردن بۆ سواڵی مووچە لە بەغدا.
ئیتر پرسی ماددەی ١٤٠ و و ئاسایی کردنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان و یاسای نەوت و غاز و دۆسیەی پێشمەرگە و ئەنفال و کیمیایی باران باسی نەماوە.
مەسعود بارزانی ١٠-١٢ ساڵ پێش ئێستا لە پاریس بوایە سارکۆزی سەرۆکی ئەوکاتی فەڕەنسای دەبینی نەوەک سەرۆکی شارەوانی ئێستای پاریس!
هەرچەندە من گومانم هەیە ئەوەی ئەمڕۆ لە پاریس کرا لۆبی پێشوەختەی بۆ کرابێت و هێنانە ناوەوەی ناوان بووە بۆ سەر ساحەی سیاسی!
بەرەنجامی ئەو دۆخەی ئێستا کورد تەنیا لە یەک گوزارشتی سادەدا کورت دەکرێتەوە، ئەویش گەندەڵی و فەسادە!
مەسعود بارزانی ئەگەر لە ژیانی سیاسی خۆیدا بۆ نمونە رێگەی بە نێچیرڤان بارزانی برازای نەدایە بۆری نەوتی کوردستان لە دوا ساتەکانی حوکمڕانییەکەیدا بە کۆمپانیاکەی خۆی بفرۆشێتەوە لانیکەم دەیتوانی رێگری لەوە بکات ئێستا کە نەوت هەناردە نەکراوە کەچی کرێی بۆرییەکەی لەسەر داهاتی گشتی خەڵک وەربگیرێت!