وەزارەتی کارەبا ڕێنمایی نوێی بۆ بەرنگاربوونەوەی سەرپێچیکردن لە تۆڕی کارەبا بڵاوکردەوە

  2025-07-29  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت کە ڕێنمایی نوێ بۆ بەرنگاربوونەوە و ڕێگریکردن لە سەرپێچیکردن لە تۆڕی کارەبادا بەشێوەیەکی نایاسایی دەخرێنەکار لەو ناوچانەی کارەبای بەردەوامی پڕۆژەی ڕووناکییان هەیە.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "رێنمایی نوێ بۆ بەرنگاربوونەوە و رێگری لە سەرپێچیکردن لە تۆڕی کارەبادا بەشێوەیەکی نایاسایی دەخرێنەکار لەو ناوچانەی کارەبای بەردەوامی پڕۆژەی رووناکییان هەیە".

ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم ڕێنماییانە لە ئێستادا لە بواری جێبەجێکردنن. بەپێی ڕێنماییەکان هەر کەسێک کارەبای نایاسایی ڕابکێشێت، ئەوا دووچاری ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە و تاوەکو 4 ملیۆن دینار پێبژاردنی بۆ دەکرێت و بڕی پارەی کارەبای بەکارهێنراو لەماوەی ڕاکێشانی کارەبا بەشێوەیەکی نایاسایی لەسەر هەژمار دەکرێت. هەروەها بەدواداچوونی یاسایی بۆ دەکرێت و هێڵی کارەبای دەپچڕێت.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە گرنگی دابینکردنی کارەبای بەردەوام دەکاتەوە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بۆ ئەو هاوڵاتییانەی بەشێوەیەکی ڕێک و پێک پسوولەی کارەبای مانگانەیان دەدەن. هەروەها وەزارەتی کارەبا ڕایدەگەیێنێت کە هەر سەرپێچییەک لە تۆڕی کارەبا و دەستکارییکردنی پێوەری کارەبا مەترسیدارە و دەکرێت ببێتە هۆی زیانی گیانی بەهۆی تەزووی کارەبا یاخود ئەو ئاگرەی بەهۆیەوە درووست دەبێت.

 


ڕیکلام