قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی باڵای سەربازی بەریتانیا بە سەرۆکایەتی ئیدوارد ئاڵگرن، راوێژکاری باڵای وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و پێکەوە تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و دواین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکەیان کرد.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە: لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە(٣٠/٧/٢٠٢٥) لە هەولێر بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە بەڕێوەچوو، ئاڵوگۆڕی بیروڕاکرا لەبارەی دۆخی ئەمنی عێراق و ناوچەکە. هەردوولا هاوڕابوون لە شەڕ و بارگرژییەکانی ماوەی رابردووی ناوچەکەدا سیاسەت و هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵی عێراق ئەرێنی بووە و جەختیشیان کردەوە پێویستە حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت و هەموو لایەنەکانیش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق بە وریاییەوە مامەڵە بکەن.
ئاماژە بەوەشدراوە: سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکان و بە ئامانج گرتنی ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستانیش، جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا هەنگاوی باش نراوە بە ئاراستەی سەقامگیری عێراق، بەڵام دووبارەبوونەوەی ئەمجۆرە هێرشانە مەترسییە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراقیش و هیواشی خواست ئەنجامدەرانی هێرشەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن و رووبەڕووی سزای یاسایی بکرێنەوە.
لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەشدا ئەوەش هاتووە: لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنییەتی بەهێزترکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا کرا. لەمبارەیەوە وەفدی سەربازی بەریتانیا جەختیان کردەوە کە بەریتانیا وەک هاوبەش و هاوپەیمان لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و کار دەکەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان بە تایبەت لەڕووی راوێژی سەربازی و راهێنانی زیاتر بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی کوردستان.