ئیلهام ئەحمەد: ئەوەی دژی کورد دەکرێت تاوانی جەنگە

  5   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایدەگەیەنێت، ئەو تاوان و پێشێلکاریانەی کە لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دژی کورد ئەنجام دەدرێن، دەگاتە تاوانی جەنگ. لەوانە ڕفاندن و لەسێدارەدانی گەنجان، دزین و تاڵانکردنی موڵک و ماڵی مەدەنی و بڕینی جەستەی شەڕڤان و مەدەنی.

ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە پەیامێکدا هۆشداری دەدات لەو تاوانانەی بەرانبەر کورد لە حەلەب ئەنجام دەدرێن و داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دەکات.

ئیلهام ئەحمەد داوای لەو وڵاتانە کرد کە پشتگیری دارایی هەندێک لە کەناڵە عەرەبییەکان دەکەن، پێداچوونەوە بە سیاسەتی میدیایی خۆیاندا بکەن، چونکە بە گوتەی ئەو ئەو کەناڵانە هانی سوورییەکان دەدەن بۆ دژایەتیکردنی یەکتر و کوشتنی پێکهاتەکان، ئەوەش لە ڕێگەی شێواندنی ڕاستییەکانەوە.

 

ئاماژەی بەوەشداوە، قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، مافی ئەوەی پێ نادات توندوتیژی و ترس و تۆقاندن بەرانبەر گەل و کۆمەڵگە بەکار بهێنێت و یاساکانی مافی مرۆڤ پێشێل بکات.

 

ئیلهام ئەحمەد ئاشکرای کرد، ئەو تاوانانەی لەوێ بەرانبەر کورد دەکرێن دەچنە خانەی تاوانی جەنگەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت، گەنجان دەڕفێنرێن و لەناو دەربدرێن، ماڵ و موڵکی هاووڵاتییان دەدزرێت و تاڵان دەکرێت، هەروەها سووکایەتی بە تەرمی قوربانییەکان چ مەدەنی و چ سەربازی دەکرێت و دەشێوێنرێن.

 


ڕیکلام