هەسەدە: وەزارەتی بەرگریی سوریا هەواڵی چەواشەکارانە بڵاودەکاتەوە

  5   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) ڕایدەگەیەنێت، ئەو ڕاگەیەندراوانەی وەزارەتی بەرگریی سوپای عەرەبیی سووریا بڵاوی دەکاتەوە، دوورە لە ڕاستیەوە.

هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هێزەکانمان چاودێری ئەو لێدوانە چەواشەکارانە دەکەن کە وەزارەتی بەرگری حکومەتی دیمەشق سەبارەت بە دۆخی مەیدانی دەوروبەری مەسکەنە و دێرحافەر بڵاویان کردووەتەوە، ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە هیچ جموجۆڵێکی سەربازی یان کۆکردنەوەی سەرباز لەلایەن هێزەکانمانەوە لە ناوچەکانی پێشوودا نییە و هەموو ئەو بانگەشانەی باس دەكرێن بێ بنەمان.

دەشڵێت، دووبارەبوونەوەی ئەم بانگەشانە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە بۆ جاری دووەم، هەوڵێکە بۆ دروستكردنی گرژی و خولقاندنی بیانوی پەرەسەندن، ئۆباڵی تەواوی هەر لێكەوتەیەكی چاوەڕوانكراو دەخەینە ئەستۆی ئەوانەی لە پشت ئەم کارەوەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆشداری دەدەین لە بەردەوامی ئەم شێوازە لە دنەدان، پابەندبوونمان بە بژاردەی هێوكردنەوە دووپات دەکەینەوە، هاوکات مافی ڕەوای خۆمان دەپارێزین بۆ گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێکی پێویست بۆ بەرگریکردن لە ناوچەکە و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی.


ڕیکلام