مەسعود بارزانی پێشوازی لە تۆم باراك نوێنەری ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا و شاندی یاوەری كرد.
دەقی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی..
مەسعود بارزانی پێشوازی لە نوێنەری سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا دەكات
ڕۆژی شەممە 17ی كانوونی دووەمی 2026 لە پیرمام، مەسعود بارزانی پێشوازی لە تۆم باراك نوێنەری سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا و شاندی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا كە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادەی بوو، بەڕێز تۆم باراك سڵاو و ڕێزی سەرۆك ترامپی بە بارزانی گەیاند، هەروەها پێزانینی بۆ ڕۆڵی بارزانی هەبوو لە پڕۆسەی ئاشتی و هێوركردنەوەی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی سووریا.
هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوایین گۆڕانكارییە مەیدانیەكان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەخت لەوە كرایەوە كە بۆ گەییشتن بە چارەسەریی كێشەكان پێویستە پشت بە دیالۆگ و لێكتێگەیشتن و شێوازی ئاشتیانە ببەسترێت.
لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا بارزانی سوپاسی ڕۆڵی ئەمەریكای لە یارمەتیدانی لایەنەكانی سووریا كرد بۆ گەیشتن بە چارەسەركردنی كێشەكان و جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە لە داهاتووی سووریادا مافەكانی گەلی كورد گەرەنتی بكرێت.