دەقی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سوریا بڵاوکرایەوە
رێککەوتننامەی ئاگربەست و تێکەڵکردنەوەی تەواو...
یەکەم: راگەیاندنی ئاگربەستی گشتگیر و دەستبەجێ لە سەرجەم بەرەکان و خاڵەکانی بەرکەوتن لەنێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لەگەڵ کشانەوەی هاوتەریبی سەرجەم پێکهاتە سەربازییەکانی سەر بە "هەسەدە" بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فورات وەک هەنگاوی سەرەتایی بۆ سەرلەنوێ بڵاوەپێکردنەوە.
دووەم: ڕادەستکردنی هەردوو پارێزگای دێرەزوور و ڕەققە لەڕووی ئیداری و سەربازییەوە بە حکومەتی سوریا بەشێوەیەکی دەستبەجێ، ئەمەش وەرگرتنەوەی تەواوی دامەزراوەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان دەگرێتەوە، لەگەڵ دەرکردنی بڕیاری دەستبەجێ بۆ جێگیرکردنی فەرمانبەرانی ئێستا لە چوارچێوەی وەزارەتە تایبەتمەندەکانی دەوڵەتی سوریا، و پابەندبوونی حکومەت بەوەی کە ڕێگری لە فەرمانبەرانی هەسەدە و ئیدارەی مەدەنی لەو دوو پارێزگایە ناکرێت.
سێیەم: تێکەڵکردنەوەی سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکە لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا و پەیکەرە ئیدارییەکانیدا.
چوارەم: وەرگرتنەوەی تەواوی دەروازە سنوورییەکان و کێڵگەکانی نەوت و گاز لە ناوچەکە لەلایەن حکومەتی سوریاوە، و دابینکردنی پاراستنیان لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە بۆ مسۆگەرکردنی گەڕانەوەی سەرچاوەکان بۆ دەوڵەتی سوریا.
پێنجەم: تێکەڵکردنەوەی سەرجەم توخمە سەربازی و ئەمنییەکانی "هەسەدە" لە چوارچێوەی پەیکەری هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی سوریا بە شێوەی "تاک" دوای ئەنجامدانی وردبینی ئەمنیی پێویست، لەگەڵ پێدانی پلەی سەربازی و شایستە دارایی و لۆجستییەکان بەپێی یاسا، لەگەڵ پاراستنی تایبەتمەندی ناوچە کوردییەکان.
شەشەم: سەرکردایەتی هەسەدە پابەند دەبێت بەوەی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو نەخاتە ناو ڕیزەکانییەوە و لیستێک بە ناوی ئەفسەرانی پاشماوەی ڕژێمی پێشوو کە لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریان ڕادەست بکات.
حەوتەم: دەرکردنی مەرسوومێکی سەرۆکایەتی بۆ دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی پارێزگاری حەسەکە، وەک گەرەنتییەک بۆ بەشداری سیاسی و نوێنەرایەتی خۆجێیی.
هەشتەم: نەهێشتنی بوونی سەربازی قورس لە شاری کۆبانێ، و پێکهێنانی هێزێکی ئەمنی لە ڕۆڵەکانی شارەکە، و هێشتنەوەی هێزێکی پۆلیسی ناوخۆیی کە لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سوریا بێت.
نۆیەم: تێکەڵکردنەوەی ئەو ئیدارەیەی بەرپرسە لە دۆسیەی زیندانیان و کەمپەکانی ڕێکخراوی داعش و هێزە بەرپرسەکان لە پاراستنی ئەو دامەزراوانە لەگەڵ حکومەتی سوریا، بۆ ئەوەی حکومەتی سوریا بە تەواوی بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەمنییان لە ئەستۆ بگرێت.
دەیەم: پەسەندکردنی لیستێکی سەرکردایەتی کاندیدکراو کە لەلایەن سەرکردایەتی "هەسەدە"وە پێشکەش دەکرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵای سەربازی و ئەمنی و مەدەنی لە پەیکەری دەوڵەتی ناوەندیدا بۆ مسۆگەرکردنی هاوبەشی نیشتمانی.
یازدەیەم: پێشوازی لە مەرسوومی سەرۆکایەتی ژمارە 13ی ساڵی 2026 دەکرێت کە دان بە مافە ڕۆشنبیری و زمانییە کوردییەکاندا دەنێت، هەروەها چارەسەرکردنی کێشە یاسایی و مەدەنییەکانی "مەکتومی قەید - بێ ناسنامەکان" و گەڕاندنەوەی مافی خاوەندارێتی کە لە دەیەکانی ڕابردوودا کەڵەکە بوون.
دوازدەیەم: هەسەدە پابەند دەبێت بە دەرکردنی سەرجەم سەرکردە و ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)ی ناسووری لە دەرەوەی سنوورەکانی کۆماری عەرەبی سوریا بۆ مسۆگەرکردنی سەروەری و سەقامگیری دراوسێیەتی.
سێزدەیەم: دەوڵەتی سوریا پابەند دەبێت بە بەردەوامیدان بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (داعش) وەک ئەندامێکی کارا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لەگەڵ هەماهەنگی هاوبەش لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان لەم چوارچێوەیەدا بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
چواردەیەم: کارکردن بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن تایبەت بە گەڕانەوەی ئارام و شکۆمەندانەی دانیشتوانی ناوچەی عەفرین و شێخ مەقسود بۆ ناوچەکانیان.