مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ هه‌ڵسوڕێنه‌ری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له عێراق رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێست و پشتیوانی ئه‌مریكا نه‌بوایه له ساڵی 1991 نه‌مانده‌توانی ده‌ستكه‌وته‌كانی ڕاپه‌ڕین و په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بپارێزین.
به‌گوێره‌ی باره‌گای بارزانی، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه له پیرمام مه‌سعود بارزانی پێشوازی له جۆشوا هاریس هه‌ڵسوڕێنه‌ری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له عێراق و ویندی گرین كونسوڵی گشتی ئه‌مریكا له هه‌رێمی كوردستان كرد، له دیداره‌كه‌دا هه‌ڵسوڕێنه‌ری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا به‌ناوی سه‌رۆك و حكومه‌تی ئه‌مریكا سوپاس و پێزانینی ئاڕاسته‌ی مه‌سعود بارزانی كرد بۆ هه‌مو ئه‌و پشتیوانی و پاڵپشتیانه‌ی كه بۆ دوایین ڕێككه‌وتنی نێوان حكومه‌تی سوریا و هێزه‌كانی سوریای دیموكرات خستویه‌ته‌ڕو.
له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق، جارێكی دیكه پاڵپشتی و پشتیوانی و هه‌ڵوێستی ئه‌مریكای بۆ هه‌رێمی كوردستانی به‌هێز له چوارچێوه‌ی عێراقدا دوپاتكرده‌وه، مه‌سعود بارزانی وێڕای به‌خێرهێنان، سوپاسی ڕۆڵ و هه‌ڵوێستی ئه‌مریكای كرد بۆ پشتیوانییه‌كانیان بۆ گه‌لی كوردستان و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، "ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێست و پشتیوانی ئه‌مریكا نه‌بوایه له ساڵی 1991 نه‌مانده‌توانی ده‌ستكه‌وته‌كانی ڕاپه‌ڕین و په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بپارێزین".
له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراقه‌وه بیروڕای ورد ئاڵوگۆڕ كرا و هه‌ردوولا جه‌ختیان له گرنگیی پابه‌ندبون به ده‌ستوركرده‌وه و هاوڕابون كه عێراقییه‌كان خۆیان بڕیار له ڕه‌وشی وڵاته‌كه‌یان له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شی و هاوسه‌نگی و سازان بده‌ن.
هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، هه‌ردولا پێشوازییان له گفتوگۆ و راوێژكارییه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی به‌غدا كرد بۆ هینانه‌ئارای رێكار و سیناریۆ سیاسیه‌كان كه تێیدا به‌رژه‌وه‌ندیی عێراقییه‌كان ره‌چاوبكرێت و له هه‌مو ڕویه‌كیشه‌وه شه‌راكه‌تی ئه‌مریكا و عیراق به‌هیزتر بكرێت.