قوباد تاڵەبانی: حکومەتێکی کاربەڕێکەر لە هەرێم ناتوانێت بەپێی پێویست کێشەکانی هەرێم چارەسەر بکات

  2   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند حکومەتی کاربەڕێکەری ئێستای هەرێم ناتوانێت بەپێی پێویست خزمەتی هاوڵاتییان بکات و کێشەکانی هەرێم چارەسەر بکات.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەمە(2/2/2026) لە هەولێر بە ئامادەبوونی ئەندرۆ بیزڵی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا بەڕێوەچوو، گفتوگۆکرا لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە دۆخی ناوچەکە و هەروەها دۆخی سیاسی ناوخۆی عێراق، رایگەیاند پێویستە لایەنە عێراقییەکان لە گفتوگۆکانیان بە رەچاوکردنی دۆخی ناوچەکە و هەروەها داواکارییەکانی هاوڵاتییانی عێراق هەوڵی پێکهێنانی حکومەتێک بدەن کە بتوانێت سەقامگیری عێراق بپارێزێت و هاوکات هەنگاوی جدی بنێت بەرەو گەشەپێدانی ئابووری و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری لە هەموو عێراقدا.
 لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان کرا. قوباد تاڵەبانی کۆسپ و گرفتەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی بۆ باڵیۆزی بەریتانیا روون کردەوە و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی بە پێویستییەکی بنەڕەتی دانا بۆ پاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێم و راشیگەیاند ئەم حکومەتە کاربەڕێکەرە و لە ئاستی قۆناغەکەدا نییە و ناتوانێت وەک پێویست متمانەی گەلی کوردستان و دۆستانمان لە ناوچەکەو جیهان بەدەست بهێنێت و لە هەمان کاتدا هەنگاوی پێویست بنێت بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان لە هەرێم.


ڕیکلام