پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریداوە تیمەکەی لە بەغدا نوێبکاتەوە و پۆست بە هیچ بەرپرسێکی حزبەکەی نەداتەوە کە ئێستا پۆستیان هەیە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: بڕیارەکەی پارتی گرنگترین ڕوخسارەکانی ئەو حزبە لە بەغدا دەگرێتەوە، بەشێوەیەک پێناچێت فوئاد حسێن- وەزیری دەرەوە و بەنگین رێکانی- وەزیری ئاوەدانکردنەوە و شارەوانیش، لە بەغدا پۆستیان پێبدرێتەوە.
دەشڵێت: پارتی دەیەوێت سیاسەتی خۆی لەبەغدا نوێ بکاتەوە و تیمی نوێی حیزبەکەی ڕەوانەی ئەو شارە بکات.
لەبارەی هۆکاری ئەم هەنگاوەوە، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا کە پارتی و بەتایبەتی سەرۆکی حزبەکە- مەسعود بارزانی، وایدەبینێت تیمەکەیان سەرکەوتوو نەبوون، ئەمەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی لەبەغدا لەڕووی پێگە و هەژموونەوە پاشەکشە بکەن.
سەرچاوە: پەنجەرە