دەزگای ئاسایشی هەرێم راگەیەنراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی سێ بازرگانی مادەی هۆشبەر بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، دەستیان بەسەر 12 کیلۆگرام مادەی ماریوانا گرتووە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیرکردنی سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر رادەگەیەنێت و دەستبەسەر بڕی 12 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری ماریوانەدا دەگرێت.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی سلێمانی/بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی هەولێر/بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکانی حکومەتی عیراقی فیدراڵ، لە دوو چالاکییدا، توانیان دەستبەسەر بڕی 12 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ماریوانە بگرن و سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر کە خاوەن رەگەزنامەی بیانین لە سنووری سلێمانی دەستگیربکەن.
چالاکی یەکەم: لەڕۆژی 21ـی 5ـی 2026 لەدوای بەدواداچوون و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ورد، توانرا تۆمەتبارێکی بیانی لەشاری سلێمانی دەستگیربکرێت و دەستبەسەربڕی پێنج کیلۆ و 200 گرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری ماریوانە بگرن و لەدوای لێکۆڵینەوەکان دەردەکەوێت تۆمەتبار بڕی پێنج کیلۆ و 500 گرام ماددەی هۆشبەری ماریوانەی لەماڵەکەی خۆی لەشارۆچکەی حاجی ئۆمەران شاردوەتەوە.
دەستبەجێ پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی هەولێر ئەنجام دەدرێت و دەستبەسەر ماددە شاراوەکەدا دەگیرێت، تۆمەتبار بڕی10 کیلۆ و 700 گرام ماددەی هۆشبەری هێناوەتە هەرێمی کوردستان.
چالاکی دووەم: لە ڕۆژی 21ـی 5ـی 2026 بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بازگەکان، لەسنووری سلێمانی توانیان دوو تۆمەتباری بیانی دەستگیربکەن و دەستبەسەر بڕی یەک کیلۆ و 300 گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ماریوانە بگرن.
لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی 25 لە یاسای ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانیان بەردەوامە.