پێگەیەکی ئیسرائیلی:پرسی هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان یەکلابووەتەوە تەنها پەیوەستە بەکاتەوە

  2024-09-30  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سوپای ئیسرائیل ئاماددەکاری تەواوی کردوە بۆ ئەوەی هێرشی زەمینی بۆسەر لوبنان دەستپێبکات و دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو بەچڕی لە ئاسمانەوە بۆردومانی وڵاتەکەی کرد

پێگەی (walla)ی ئیسرائیلی، لەزاری بەرپرسانی ئەمنیی وڵاتەکەیەوە ئاشکرایکردوە، لەسەر هەردوو ئاستی سیاسی و سەربازی کۆدەنگی هەیە لەسەر پرسی هێرشی زەمینی بۆ سەر لوبنان، تەنها پەیوەست بە کاتەکەیەوە.

پێگە ئیسرائیلییەکە دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی لەسەر ئاستی سیاسی تائێستا بڕیاری لێنەدراوە، بەڵام سوپای ئیسرائیل سەرقاڵی تەواوکردنی ئامادەکارییەکی گەورەیە، لە چوارچێوەی خۆ سازدان بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی زەمینی لە لوبنان، لەسەر ئەو بنەمایەی گێڕانەوەی دانیشتوانی باکوری ئیسرائیل بۆ ماڵەکانیان، پێویستی بە وێرانکردنی ژێرخانی نزیکی تیرۆرستان و لەناوبردنی حزبوڵایە.

ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشی زەمینی، بە کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری ورد لەبارەی ئامادەکارییە سەربازییەکانی حزبوڵا بەشێوەیەکی گشتی و هێزی رزوان بەتایبەت دەستیپێکردووە،  لەگەڵ دانانی پلانی نوێ کە تەریب بێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکان لەناو خاکی باشوری لوبنان و هێزی مرۆیی حزبوڵا.

هاوکات سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند: دوو لیوای یەدەگی بانگهێشت کردووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە باکوری ئیسرائیل.

ئەمە لەکاتێکدایە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە کۆکردنەوەی هێزەکانی بە درێژایی سنورەکانی لەگەڵ لوبنان، وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشی زەمینی، لەکاتێکدا خۆشی ئامادەکردووە بۆ وەڵامی حزبوڵا، دوای ئەو هێرشە گەورەیەی کردییە سەر باشوری بەیروتی پایتەخت.