پۆلیسی سلێمانی شەش ئافرەتی بەتۆمەتی دزیکردن دەستگیرکرد

  2021-04-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی شەش ئافرەتی بەتۆمەتی دزیکردن دەستگیرکرد و دەستیشیگرت بەسەر بڕی ١٠ ملیۆن دینار کە لەلایەن ئەو ئافرەتانەوە دزرابوو.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بلاویکردەوە، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی وارماوای سەر بەبەشی پۆلیسی شارەزوور، لەدوو ڕووداوی جیاوازدا و پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، شەش ئافرەتیان بەتۆمەتی ئەنجامدانی دزیکردن دەستگیرکردووە .

روونیشیکردووەتەوە، پاش ئەوەی هاوڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد کە بڕی ١٠ ملیۆن دیناری لەناحیەی عەربەت لێ دزراوە، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد و توانرا چوار ئافرەت لەناحیەی سەیدسادق و عەربەت بەتۆمەتی دزینی پارەکە دەستگیربکرێن و دەستیشگیرا بەسەر ئەو بڕە پارەیەدا کە دزیبویان .

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەلایەکی دیکەوە مەفرەزەکانی پۆلیس دوو تۆمەتباری ئافرەتیان لەماڵێکدا لەناحیەی وارماوا دەستگیرکردووە کە بەنیازبون کەلوپەل و پارە لەو ماڵە بدزن .

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی راشیگەیاندووە، سەرجەم تۆمەتباران لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بەتاوانەکانیاندا ناوە و لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٤٤ لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون.



ڕیکلام