ئارام سدیق
سەرەتا دەمەوێت لەو پرسیارەوە دەست پێ بكەم بۆ مێژووی ئەدەب دەنووسرێتەوە؟ نووسینەوەی مێژووی ئەدەب چ بایەخ و گرنگییەكی هەیە؟ ئایا هەر مرۆڤێك لەنێو میللەتێكدا قەڵەمی خستە سەر كاغەز دەكرێت بچێتە نێو مێژووی ئەدەبی ئەو میللەتەوە؟ یان دەكرێت بپرسین كێن ئەوانەی دەچنە نێو مێژووی ئەدەبەوە؟ ئایا ئەو هەوڵانەی بۆ نووسینەوەی مێژووی ئەدەبی كوردی دراون تا چەند جێی بایەخن؟ كەموكوڕی ئەو هەوڵانەی نووسینەوەی مێژووی ئەدەب چییە؟
لەو چەند ساڵەی لە ئەدەب نزیك بووم هەمیشە شتێك لەلام جێی سەرنج بووە ئەویش ئەو كتێبانە بوون، كە مێژووی ئەدەبی كوردی‌یان تێدا نووسراوەتەوە. یان هەوڵ بوون بۆ نووسینەوەی مێژووی ئەدەبی كوردی. هەر لە هەوڵەكەی ئەمین فەیزی بەگ و عەلادین سەجادییەوە تا هەوڵەكانی سدیق بۆرەكەیی و مارف خەزنەدار. گومانێكی گه‌وره‌م له بوونی ئه‌م هه‌موو شاعیر و نووسه‌ره هه‌بووه و زۆرجار له خۆمم پرسیوه، ئەگەر ئێمه ئه‌م هه‌موو شاعیره‌مان هه‌یه كوا شیعره‌كانیان؟ بۆ به‌ر ده‌ق و داهێنانه‌كانیان ناكه‌وین. زۆرجار گه‌یشتوومه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كە بەشی زۆری ئەو نووسەر و شاعیرانەی لەم پەرتووكانەدا ناویان هاتووە ناكرێ بچنە نێو مێژووی ئەدەبەوە، به‌ڵكو ده‌كرێت به‌دوای ناوێكی دیكه‌وه بین بۆ ئه‌م له‌شكره قه‌ڵه‌مبه‌ده‌سته‌ی كه خزێنراونه‌ته نێو ئه‌م كتێبانه‌ی بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژووی ئه‌ده‌ب ته‌رخان كراون. له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵی گه‌ڕان و نزیكبوونه‌وه ده‌ده‌م له‌وه‌ڵامی پرسیارانه‌ی له سه‌ره‌وه خستمه‌ڕوو و ده‌كرێت ئه‌م نووسینه سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ بینین و نووسینه‌وه‌ی مێژووی راسته‌قینه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی .
چۆن مێژوو ئه‌ده‌ب دەنووسرێتەوە؟
ئەگەر ئێمە لە هەوڵی نووسینەوەی مێژووی ئه‌ده‌بدا بین ده‌بێت له كوێوه ده‌ست پێ بكه‌ین؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه كه له‌م به‌شه‌دا ده‌مه‌وێت به‌دوای وه‌ڵامه‌كه‌یدا بگه‌ڕێم. به‌ر له هه‌موو شتێك پێویستمان به پێناسه‌كردنی ئه‌دیب هه‌یه، كێن ئه‌وانه‌ی ده‌كرێت پێیان بوترێت (ئه‌دیب/نووسه‌ر/ شاعیر)، لاموایه له‌گه‌ڵ پێناسه‌كردنێكی ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌دا ده‌توانین به جۆرێك له جۆره‌كان ئاسانكاریمان بۆ بكات بۆ ئه‌وه‌ی كه (ئه‌دیب/نووسه‌ر/ شاعیر) بناسینه‌وه، چونكه لاموایه ناكرێت هه‌ر مرۆڤێك كه ڕۆژێك له ڕۆژان قه‌ڵه‌می گرت به ده‌ستییه‌وه و هه‌وڵی نووسینه‌وه‌ی ده‌رده‌دڵه‌كانی خۆیدا ئه‌وه ناوبنرێت شاعیر، یان نووسه‌ر. لاموایه (نووسه‌ر/شاعیر)بوون په‌یوه‌ست نییه به‌وه‌ی بنووسین، به‌ڵكو په‌یوه‌سته به‌وه‌ی ئه‌زموونی نووسین بكه‌ین، نووسین خه‌ون و خولیای سه‌ره‌كی بێت. هه‌ر مرۆڤێك خاوه‌نی تێڕامان و بیركردنه‌وه بوو نابێته نووسه‌ر، به‌ڵكو نووسه‌ربوون بیركردنه‌وه و ئه‌فراندن و بینینی دونیایه له دیدگای دیكه‌وه، كه جیایه له دیدگای باو، یان هه‌وڵه بۆ تێپه‌ڕاندن و ئه‌فراندنی شتێكی دیكه، كه پێشووتر په‌ی پێنه‌براو بووبێت، یان هەوڵدانە بۆ جێکردنەوەی دونیا لەنێو دەقدا و بونیادنانی دونیایەکی نوێ .
گرنگی نالی له‌وه‌دا نییه، كه شیعری نووسیوه، به‌ڵكو گرنگی ئه‌و له به‌كارهێنانی زمان و دۆزینه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌كردنێكی دیكه‌دا بووه له‌گه‌ڵ وشه و ئه‌م شێوه زاره‌ی ئێستا كه من پێی ده‌نووسم. هاوكات گرنگی جه‌میل سائیب له‌وه‌دا نه‌بووه، كه چیرۆكی نووسیوه. به‌ڵكو بایه‌خی ئه‌و له‌وه‌دا بووه، كه هێزی ڕه‌خنه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌ی له چیرۆكه‌كه‌یدا تواندووته‌وه و چاوێکی ڕەخنەیی لەدونیای گێڕانەوەدا جێکردووەتەوە. ئه‌م دوو نووسه‌ره شیاوی ئه‌وه‌ن بچنه نێو مێژووی ئه‌ده‌به‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌یان كۆپیكاری نالی و جه‌میل سائیب بوونیان هه‌بێت گرنگیی چیان بۆ مێژووی ئه‌ده‌ب دەبێت و ئایا دەتوانن ده‌وڵه‌مه‌ندی بكه‌ن و شایانی ئەوەن بچنە نێو مێژووی ئەدەبەوە؟
ئه‌گه‌ر به‌و ژماره زۆره‌ی ئه‌دیب و شاعیران بێت، كه له‌نێو په‌رتووكی مێژووی ئه‌ده‌بی عه‌لادین سه‌جادی و سدیق بۆره‌كه‌یی و مارف خه‌زنه‌داردا هه‌یه، ده‌بوایه خاوه‌نی ئه‌ده‌بێكی باڵا و جیهانی بووینایه، له چه‌شنی ئه‌ده‌بی فه‌ره‌نسی. نه‌ك ئه‌ده‌بێكی لۆكاڵی كۆڵه‌وار كه ته‌نها له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا توانیویه‌تی له‌رێی هه‌ندێك ده‌قی كه‌مه‌وه له سنوور بپه‌ڕێته‌وه. بۆیه مێژووی ئه‌ده‌ب به ڕیزكردنی زۆرترین ژماره‌ی شاعیر و نووسەر نانووسرێته‌وه و هه‌ریه‌كه له‌و مێژوونووسانه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی ده‌ڵێی له پێشبڕكێدا بوون و بۆ ئه‌وه‌ی هەر یه‌كه‌یان له هه‌وڵی نووسینی ژیاننامه‌ی زۆرترین نووسه‌ر و شاعیردا ببێته پله‌یه‌ك. به‌بێ ئه‌وه‌ی گرنگی به به‌های نووسین و شیعری ئه‌م شاعیرانه بدرێت. ئیتر به‌دوای ئه‌و پرسیاره‌وه نه‌بوون ئه‌وه‌ی مێژووی ئه‌ده‌بی میلله‌تێك ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كات، زۆری ژماره‌ی شاعیران و نووسه‌رانی نییه، به‌ڵكو بایه‌خ و گرنگی ده‌قه‌كانیانه، كه ئایا تا چه‌ند وزه‌ی تێهزرینیان له خۆیاندا هه‌ڵگرتووه .
مێژووی ئەدەب كەی دەست پێدەكات؟
ئه‌گه‌ر به وردی له‌م پرسیاره (مێژووی ئەدەب كەی دەست پێدەكات؟) ورد بینه‌وه ڕه‌نگه به‌ر ڕای جیاواز بكه‌وین، چونكه به‌شێك له مێژوونووسانی ئه‌ده‌ب پێیانوایه مێژووی ئه‌ده‌ب ئه‌وكاته ده‌ستپێده‌كات، كه یه‌كه‌م تێكستی كوردی دۆزراوه‌ته‌وه. كه‌ی ئه‌حمه‌دی خانی یه‌كه‌م شیعری نووسیوه ئه‌وكاته مێژووی ئه‌ده‌ب ده‌ست پێده‌كات؟ یان مێژووی په‌خشان له مه‌ولوونامه‌كه‌ی (شێخ حسێنی قازی) ده‌ست پێده‌كات و به‌شێكی دیكه ده‌یگێڕنه‌وه بۆ ده‌رچوونی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی. كاتێكیش باس دێته سه‌ر باسی مێژووی چیرۆكی كوردی ئه‌وا باس له چیرۆكی له "خه‌وما"ی جه‌میل سائیب و "مه‌سه‌له‌ی ویژدان"ی ئه‌حمه‌د موختار جاف ده‌كرێت. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی مێژووی رۆمانی كوردی بۆ "ژانی گه‌ل"ی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و "پێشمه‌رگه"ی ره‌حیمی قازی و "قه‌ڵای دم دم"ی عه‌ره‌ب شه‌مۆ ده‌گێڕنه‌وه .
به‌ڵام پرسیاره جه‌وهه‌رییه‌كه ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌م مێژووانه‌ی مێژوونووسانی ئه‌ده‌ب نووسیویانه‌ته‌وه دروسته؟ دیسان ده‌كرێت به‌دوای وه‌ڵای پرسیاره‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌دا بگه‌ڕێین. ئه‌گه‌ر به‌پێی بوون و ئاماده‌یی تێكستی ئه‌ده‌بی بێت ئه‌وا ئه‌و مێژووه‌ی كه مێژوونووسانی ئه‌ده‌ب دیاری‌یان كردووه ته‌واوه و هیچ كێشه‌ی نییه. به‌ڵام ئایا ئاماده‌یی ئه‌و تێكستانه له‌كوێی تێكستی جیهانیدایه؟ له ڕووی بونیادی هونه‌ریی و فیكرییه‌وه ڕووی ئه‌وه‌یان هه‌یه له‌گه‌ڵ تێكستی هاوسه‌رده‌مه‌كانی خۆیاندا به‌راورد بكرێن؟ ئایا ته‌نها بوونی تێكست نیشانه‌یه بۆ بوونی مێژووی ئه‌ده‌بی، ئایا چەندێتی گرتنگە یان چۆنێتی؟
مێژووی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌ده‌بی هەر نەتەوەیەک ئه‌وكاته ده‌ستپێده‌كات، كه تێكستی داهێنه‌رانەی پێ ده‌نووسرێت و ئه‌و تێكسته له ڕووی بونیادی هونه‌ری و فیكرییه‌وه شیاوی خوێندنه‌وه و وه‌رگێڕان و تێڕامان بێت. مێژووی شیعری كوردی له عه‌لی به‌رده‌شانییه‌وه ده‌ستپێناكات. به‌ڵكو له نالی و مه‌وله‌وی و سالمه‌وه ده‌ستپێده‌كات. مێژووی ڕۆمانی چیرۆكی كوردی هاوتا نییه له‌گه‌ڵ مێژووی حیكایه‌تی گوێئاگردان، به‌ڵكو مێژووی چیرۆكی كوردی له‌وكاته‌وه ده‌ستپێده‌كات، كه چیرۆكی هونه‌ریی به بونیادێكی فیكریی قووڵه‌وه ده‌نووسرێت و خوێنه‌ر به‌ری ده‌كه‌وێت. مێژووی رۆمانی كوردی ئه‌وكاته ده‌ستپێده‌كات، كه له‌ده‌ست حیكایه‌تی گوێئاگردان و زمانی سه‌رخه‌رمان ڕزگار ده‌كرێت و وه‌كو هونه‌رێكی مۆدێرن ئاماده‌یی خۆی پیشان ده‌دات. بۆیه هه‌موو ئه‌و مێژووه‌ی بۆ شیعر و ئه‌ده‌بی كوردی نووسراوه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر به وردی لێیان بكۆڵینه‌وه، مێژووی ساخته‌ن. مێژوویه‌كن ته‌نها له‌پێناو ڕیزكردنی ژماره‌ی شاعیر و كێبه‌ركێكردن له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی زۆرترین شیعرنووس، نه‌ك بنه‌مای نووسینه‌وه‌ی مێژووه‌كه بنه‌مایه‌كی هونه‌ری شیعر و گرنگیدانی ئه‌و مێژوونووسانه بێت به هونه‌ری شیعر و دیاریكردنی به‌های هونه‌رییان .
هەڕاجكردنی نووسین و شیعر
نووسین یه‌كێكه له‌و كرده و چالاكیانه‌ی مرۆڤ به ویستی خۆی ئه‌نجامی ده‌دات و نووسه‌ران و شاعیران به ویستی خۆیان ده‌نووسن و زوڵم و زۆریان له‌سه‌ر نییه. ئازادی نووسین، یه‌كێكه له ئازادییه سروشتییه‌كان و مرۆڤ ده‌كرێت شیعر بنووسێت و ده‌كرێت ده‌ستبه‌رداری بێت. ئه‌مه زۆر ئاساییه. به‌ڵام له هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌كدا بنووسانێك هه‌ن، كه ژیانی خۆیان بۆ نووسین ته‌رخان ده‌كه‌ن و به‌مه‌ش هه‌وڵی قووڵبوونه‌وه له‌م هونه‌ره‌دا ده‌ده‌ن. هه‌م له لایه‌نی ته‌كنیكی نووسین و هه‌م له ڕووی بونیادی فیكرییه‌وه. به‌ڵام به هه‌زاران بنووسی دیكه‌ش هه‌ن، كه به هۆكاری رێكه‌وت بوونه‌ته نووسه‌ر و به‌هۆی رووداوێكه‌وه (ئیتر سۆزداری بێت یان شتی دیكه) ده‌ستیان داوه‌ته قه‌ڵه‌م و بوونه‌ته بنووس. بۆیه ناكرێت له‌كاتی نووسینه‌وه‌ی مێژووی ئه‌ده‌بدا دوو ئه‌م جۆره له بنووس تێكه‌ڵ بكرێن و وه‌كویه‌ك ئاماژه‌یان بۆ بكرێت و به‌هه‌مان قه‌باره و پێگه‌وه بخرێنه نێو په‌رتووكی مێژووی ئه‌ده‌به‌وه .
ئه‌گه‌ر كه‌مێك وردبینه‌وه له په‌رتووكه‌كانی مێژووی ئه‌ده‌ب چ ئه‌وه‌ی سه‌جادی بێت، یان ئه‌وه‌ی مارف خه‌زنه‌دار، یان ئه‌وه‌ی سدیق بۆره‌كه‌یی، ده‌بینین هیچ كام له‌م سێ مێژوونووسه جیاوازییان له‌نێوان ئه‌م دوو جۆره له بنووسدا نه‌كردووه. له ڕاستیدا ئه‌و بنووسانه‌ی ده‌چنه نێو مێژووی ئه‌ده‌به‌وه ته‌نها ئه‌وانه‌ن كه ژیانیان به وشه و قاڵبوونه‌وه له‌گه‌ڵ هونه‌ری نووسیندا به‌سه‌ر بردووه. نه‌ك ئه‌وه‌ی به سۆزه‌وه ده‌ستی بۆ پێنووس بردووه و هه‌سته‌كانی خۆی نووسیوه‌ته‌وه، چونکە ئەگەر ئەمە بنەما و پێوەر بێت، ڕەنگە بەشی هەرە زۆری ئەوانەی خوێندەوارن خاوەنی دەفتەرچەگەلێکی شیعریی و چیرۆک بن، بەڵام ئایا ئەوانە شاعیر و چیرۆکنووسن؟ هونه‌ری نووسین به‌ته‌نها پەیوەستی نووسینه‌وه‌ی هه‌سته‌كان نییه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا قاڵبوونه‌وه‌یه له ته‌كنیكی نووسین و تۆكمه‌كردنی وشه و ڕسته‌كانه به فیكر و هزراندن. هیچ نووسینێك ناتوانێت به‌رده‌وامی به ژیانی خۆی بدات، ئه‌گه‌ر له‌ڕووی هونه‌ریی و فیكرییه‌وه بونیادێكی تۆكمه‌ی نه‌بێت. گرنگی دۆنكیشۆن و مانه‌وه‌ی تا ئه‌م سه‌رده‌مه ته‌نها له حیكایه‌تی پاڵه‌وانه شكستخواردووه‌كه‌یدا نییه، به‌ڵكو گرنگیه‌كه‌ی هه‌م له هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ته‌كه‌دایه و هه‌م له‌و بونیاده فیكرییه به‌هێزه‌یه، كه نووسه‌ر گێڕانه‌وه‌كه‌ی له‌سه‌ر بونیاد ناوه. له‌گه‌ڵ دۆنكیشۆتدا به هه‌زاران تێكستی دیكه نووسراون هیچیان له مێژووی ئه‌ده‌بدا نه‌ماونه‌ته‌وه .
مێژووی ئه‌ده‌بی كوردیش به سه‌دان شاعیری تێدا ڕیزكراوه، كه به‌ته‌نها وشه‌ڕیزكه‌ر بوون، نه‌ك شاعیر، یان ده‌توانین بڵێین شیعرنووس بوون، نه‌ك شاعیر. وشه‌ڕیزكه‌ر و شیعرنووس ئه‌و جۆره‌ی بنووسن، كه هه‌ست و سۆزه‌كان پاڵیان پێوه ده‌نێت و هیچ بنه‌مایه‌كی هونه‌ریی و فیكریی له پشت تێكسته‌كانیانه‌وه نییه، ڕه‌نگه زۆرجار بنه‌مای هونه‌ریش په‌یڕه‌و بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه به‌فریایان نایه‌ت و نابێته قوتاركه‌ریان. وه‌لێ شاعیران ئه‌و مه‌خلوقه‌ن، كه توانای قووڵبوونه‌وه‌یان له هونه‌ری شیعردا هه‌یه و ده‌توانن وشه له بوویه‌كی بێ ڕۆحه‌وه بكه‌نه بوویه‌كی زیندووی بزاو. نالی و سالم و مه‌وله‌وی له چه‌شنی ئه‌و شاعیره بزێوانه‌ن، كه زیندوێتیان به وشه به‌خشیوه، لێ به دەیانی دیكه‌ی نێو كتێبه مێژووییه‌كه‌ی سه‌جادی و بۆره‌كه‌یی و خه‌زنه‌دار، نه‌ك نه‌یانتوانیوه ڕۆح به وشه ببه‌خشن، به‌ڵكو زۆر وشه‌ی ڕۆحداریشان بێ ڕۆح كردووه .
به كورتی ئه‌و جۆره‌ی تا ئێستا مێژووی ئه‌ده‌بی ئێمه نووسراوه‌ته‌وه مێژوویه‌كه، ساخته‌یه و هه‌وڵێكه بۆ هه‌ڕاجكردنی نووسین و شیعر، نه‌ك خزمه‌تكردن بێت به ڕه‌وتی شیعر و نووسینی كوردی .
قسەی كۆتایی
"چەمکی مێژووی ئەدەب بریتییە لە نووسینەوەی مێژووی پێشکەوتنی یان دیاریکردن و پۆلێن‌کردنی قۆناغە جیاوازەکانی ئەدەبی نەتەوەیەک، دواتریش دەبێتە هۆی نووسینەوەی بابەتێک لە مێژووی ئەدەبی جیهانی، چونکە یەکێک لە چەمکەکانی ئەدەبی جیهانی بریتییە لە کۆی ئەدەبی نووسراو یان سەرزارەکی میللەتە جیاوازەکانی جیهان." ئایا ئەو نووسەرانەی مێژووی ئەدەبی کوردی‌یان نووسیوەتەوە هەستیان بەو بەرپرسیارێتییە کردووە کە ئەوان بە نووسینەوەی مێژووی ئەدەبی نەتەوەکەیان بەشێک لە مێژووی ئەدەبی جیهان دەنووسنەوە؟ بۆیە دەبێت بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ نووسینەوەی ئەو مێژووەدا بکەن و بەچاوێکی تیژ و وردەکارانە هەنگاوەکانیان بنێن .
تزیفیتان تۆدۆرۆف سەبارەت بە نووسینەوەی مێژووی ئەدەب دەڵێت: "مێژووی ئەدەب بریتییە لە گۆڕانکاریی ئەدەبی، گەشەکردنی فۆڕمە ئەدەبییەکان." ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت مێژووی ئه‌ده‌ب بنووسینه‌وه ده‌بێت له‌و تێكستانه‌وه ده‌ستپێبكه‌ین كه به (مانا بادیۆییه‌كه‌ی) ڕووداوی نێو ئه‌ده‌بی ئێمەن. ئه‌گه‌ر ئه‌مه له‌به‌رچاو بگرین ڕه‌نگه له‌و سه‌دان به‌ناو نووسەر و شاعیره‌ی نێو په‌رتووكه مێژوویه‌كان هیچی ئه‌وتۆی نه‌مێنێته‌وه و ڕه‌نگه ژمارەیان زۆر زیاتر نەبێت له په‌نجه‌كانی هه‌ردوو ده‌ست. نووسین هونه‌ری خولقاندن و ئه‌فراندنی شتێكی نوێیه له نه‌بوونه‌وه، نه‌ك جوینه‌وه‌ی قسه‌ی ئه‌وانی دیكه و نووسینه‌وه‌ی هه‌سته ساتی و تیژتێپه‌ڕه‌كان. ئه‌ده‌بی ڕاسته‌قینه له‌و تێسكتانه‌وه ده‌ستپێده‌كات، كه ئێمه له‌به‌رده‌م خۆیان ڕاده‌گرن و تووشی ڕامانمان ده‌كه‌ن. ئه‌و تێكستانه‌ی هه‌ر جارێكی دیكه بیانخوێنێنه‌وه سه‌رسامیمان زیاتر ده‌كه‌ن و هه‌ر جارێ ڕوویه‌كی دیكه‌ی خۆیانمان پیشان ده‌ده‌ن .
مێژووی ئه‌ده‌ب ئه‌وكاته ده‌ستپێده‌كات، كه شاعیرێك شیعره‌كانی ده‌بێته ڕووداوێك له ئه‌ده‌ب و فیكری ئه‌و وڵاته‌دا. وه‌كو ئه‌وه‌ی شیعره‌كانی بۆدلێر كاریگه‌رییان له‌سه‌ر فه‌ره‌نسا و شاری پاریس و بۆ مۆدێرنکردنی ئەو وڵاتەدا به جێهێشت. وه‌كو ئه‌وه‌ی نالی دیاله‌تیكی سۆرانی له‌م ناوچه‌یه‌دا له مردوویه‌وه زیندوو كرده‌وه. یان ئه‌و نوێكردنه‌وه‌یه‌ی گۆران كه شیعری كوردی له‌ده‌ست عه‌روزی عه‌ره‌بی و كلاسیكیه‌ت ڕزگار كرد. به‌ڵام هه‌م نوێكردنه‌وه‌ی نالی كه‌م و كورت بوو هه‌م ئه‌وه‌ی گۆران، به‌و پێیه‌ی هیچ كامیان نوێكردنه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ری نه‌بوون و ته‌نها به‌شێك له نوێكردنه‌وه‌یان له هه‌ناویاندا هه‌ڵگرتبوو. ئه‌وه‌ی نالی كردی ته‌نها خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه، كه شیعری به‌م دیالیكتیكه نووسی و ئه‌مه په‌یامی سه‌ره‌كی ئه‌و بوو، نه‌ك دۆزینه‌وه و دامه‌زراندنی قوتابخانه‌یه‌كی شیعری كوردی كه جیاوازبێت له قوتابخانه‌ی شیعری عه‌ره‌بی و كێشه عه‌ره‌بییه‌كان. هاوکات ئه‌وه‌ی گۆرانیش كردی كه‌م و ناته‌واو بوو و ته‌نها نوێكردنه‌وه بوو له زمان و فۆڕمی شیعریدا، نه‌ك نوێكردنه‌وه‌ش بێت له فیكر و دونیابینی‌دا .
واته ئه‌گه‌ر مێژووی ئه‌ده‌بی ئێمه له نالی و گۆرانیشه‌وه ده‌ستپێبكات، ئه‌وا هێشتا مێژوویه‌كی كه‌موكورته، نه‌ك له عه‌لی به‌رده‌شانی و عه‌لی حه‌ریرییه‌وه ده‌ست پێ بكات و بە مێژوویەکی تەواویشی بزانین. ئه‌گه‌ر له عه‌لی به‌رده‌شانی و عه‌لی حه‌ریریه‌وه ده‌ست پێ بكات ئه‌وه مێژوو نییه، به‌ڵكو ڕیزكردنی ناوی بنووسانی كورده، نه‌ك مێژووی ئه‌ده‌ب و شیعری كوردی. بۆیە گرنگە بە چاوێکی دیکە لەو مێژووە بڕوانین و بە دیدێکی نوێگەرانەوە هەوڵی نووسینەوەی مێژوویەکی ڕاستەقینەی شیعر و ئەدەبی کوردی بدەین .
بۆ نووسینی ئەم وتارە سوود لە کتێبی "ئەدەبی جیهانی"، نووسینی: د. هیمداد حوسێن و سەنگەر نازم، چاپی ناوەندی ئاوێر 2020 وەرگرتووە .
ئەیلولی 2020