چەند موشەکێک ئاڕاستەی بنکەیەکی سەربازی تورکیا لە هەرێم کران

  2021-04-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پاش هێرشە موشەکییەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، لە قەزای شێخان چەند موشەکێک ئاڕاستەی بنکەیەکی سەربازی تورکیا کران.

دژە تیرۆری پارتی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، چوار موشەک ئاڕاستەی سەربازگەی زلیکان لە ناحیەی بەعشیقە لە باکوری نەینەوا کراون کە هێزەکانی تورکیا لەخۆدەگرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی موشەکەکان، کچێکی تەمەن 12 ساڵان لە گوندێکی نزیک ئەو سەربازگەیە برینداربووە.

ئەوەش دوای ئەوەدێت کە کاتژمێر 9:45 خولەکی ئەمشەو موشەکێک ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کرا و دواتر وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دەنگی تەقینەوەیەک لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بیستراوە.

راشیگەیاند، دەزگا پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بەدواداچوون و لیکۆڵینەوە بکەن و دواتر هۆکاری تەقینەوەکە و دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکە بڵاودەکەنەوە.



ڕیکلام