زمان

  2021-04-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەحمەدی مەلا

سەد ساڵێک دەبێ، گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە مەڕ تێگەیشتمان بۆ کایەکانی زمان رووی داوە. تا ئەو دەمە، بەڵکو ئێستاشی لەگەڵ بێ، هەن وا بیر دەکەنەوە کە زمان دراوێکە و بەخشراوە بە مرۆڤەکان،  یا دیارییەکە هەندێجار ئاسمانەکان پێشکەشی میللەتانیان کردووە، ئەوەمان لە بیر دەچێت کە زۆر جار دەسەڵات بەجۆرێک زەمینەسازیی بۆ رۆڵی زمانی کردووە و بەرگێکی ئەستووری ئایدیۆلۆژی لەبەرکردووە، لە هەردوو باریشدا زمان وەکو چەک بەکارهاتووە. دواجار، زمان چەکە و مرۆڤ تەنها و تەنها لە رێگەی زمانەکەیەوە دەناسرێتەوە. زمان واتە دەسەڵات .

با سێ نموونە بهێنینەوە : زمانی عەرەبی، لاتینی و فەڕەنسی .

لە دەوری زمانی عەرەبییدا هەر لە دوای ئەوەی دیاردەی قورئان سەریهەڵدا، پرۆسەی بە ئەفسانەکردنی ئەم زمانە کەوتە گەڕ. زمانی عەرەبی بوو بەو مەکینە زەبەلاحەی کە لە رێگەی بەم ئەفسانەبوونەوە و دەچێتە قۆناغی زێڕینی خۆییەوە و لە زەمانی مەئموندا دەگاتە چلوپۆپەی، دواتر هەم دەبێتە زمانی ئاسمان، هەم دەبێتە زمانی عەرزیییەکان لە ئیمپراتۆرییەتێکی پانوپۆڕدا کە لە زەریای سپییەوە تاکو ئەتلەنتیک دەتەنێتەوە. ئەگەر لە سەرەتادا تەنها زمانی عەرەب بوو بێ، دواتر لە رێگەی ئاینەوە دەترنجێتە نێو زمانی عیبادەت و بە بێ ئەوەی میللەتە غەیرە عەرەبەکان هەستی پێ بکەن، دەبێتە بەشێک لە زمانی ئەوانیش. بۆ ئێمەی کورد، تاکو کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەمیش، وردتر تا سەرەتای سەدەی بیستەم زمانی مەعریفەی ئێمە بووە. منداڵە جوتیارێک بۆ ئەوەی فێرە خوێندنەوە و نووسین بێ، دەبوو بچێتە حوجرە و خۆی فێرە عەرەبی بکات و هەندەش نەبات بچێتە نێو ئەو زەریا قووڵەوە کە پێستێکی دیکەی پێ بەخشیوە و لە زمانی دایکی خۆی دووری خستۆتەوە، زمانەکەی خۆی بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ یا زمانی ئاخاوتن بەکاربردووە، بەڵام دەبوو بە عەرەبی بیر بکاتەوە. تاکو ئێستا زۆرێک لە مامۆستا ئاینییەکان ئایەتێک یا فەرموودەیەک بڵێن، سەرەتا بە عەرەبی دەیڵێن دواتر تەرجەمەی دەکەن. چونکە، وایان راهێناین کە زمانی عەرەبی لە چاو زمانی کوردی، زمانی باڵادەست بێ، زمانی خودا بێ، ئەمە وا دەکات کە دواتر ببێ بە زمانی تێکڕای زانستەکانی ئەو سەردەمە. مرۆڤی ئێمە تووشی تەغریب دەبێ بەرامبەر بە زمانەکەی خۆی : بانگی خودا هەر بە عەرەبی دەدرێ، نوێژ هەر بە عەرەبی دەکرێ، قورئان هەر بە عەرەبی دەخوێندرێتەوە وەک ئەوەی زمانەکەی خۆی تەنها بۆ لاڵانەوە و فوغان بشێت. ئەم دۆخە زمانەوانییەی کە کورد تێیکەوت، دۆخێکی سروشتی نەبووە، بەڵکو بە زەبری ئایدیۆلۆژییەک بەرپا بوو کە تاکو ئێستا کاریگەریی لەسەر دەروونی ئێمەدا جێهێشتووە. ئەو لەشکرەی کە خرایە گەڕ و رەوت بۆ گرنگییپێدان بە زمانی عەرەبی، لەشکرێکی ماددی پتەو بوو، خەرجێکی ماددی و مەعنەوی بۆ تەرخان کرا. قاسەکەی مەئمون لەو رێیە خەرج کرا، بە کێشی کتێبێکی وەرگێردراو خاوەنەکەی زێری وەردەگرت. بەڵام، هەمان زمان، ئەمڕۆ لە سەدەی بیستویەکەمدا هەمان کاریگەریی لە دنیادا نەماوە، نە زمانی زانستە، نە زمانی سەنتەرە گەورەکانی لێکۆڵینەوە لەبەرچاوەکانی دنیایە. زمانێکە خاوەن مێژووییەکی دوورودرێژ لە ئێستایەکی مەنگدا .

زمانی لاتینی لە زۆر رووەوە لە ستاتووی زمانی عەرەبی دەکات. لە سەدەی چوارەمی زاینیی بە دواوە، رۆما بە دەستی کۆنستەنتین، تەبەنی ئاینی مەسیحی دەکات، ئیدی ئینجیلەکان تەرجەمەی لاتینی دەکرێن و کڵێسای رۆمای کاتولیک دەبێتە کەعبەی دنیای مەسیحیی رۆژئاوا و قوستەنتینییەش دەبێتە پایتەختی جیهانی مەسیحی لە رۆژهەڵات...بە درێژایی چاخەکانی ناوەند ئەم زمانە هەژموونی خۆی بەسەر تێکڕای دەزگاکان دەسەپێنێ : پەروەردە، ئاین، لەشکر، دیپلۆماسی هتد. کوڕە جوتیارێکی فەڕەنسی بۆ ئەوەی دەستی بگات بە خوێندن دەبوو خۆی فێرە زمانی لاتینی بکات، چونکە نووسین و خوێندنەوە لە رۆژئاوای مەسیحی تەنها بەو زمانە بوو : نوێژ و پاڕانەوەکان، گوتارەکانی یەکشەمموان، وەعز و تەهلیلە ئاینییەکان دەبوو بە زمانی لاتینی بێ، ئەمەو وێڕای خوێندنەوە ئینجلیل و تەفسیرەکانی ئینجیل. زمانە لۆکاڵییەکان وەکو فەڕەنسی و ئیتالی و ئیسپانی، زمانی نەخوێندەوار و جوتیار و پاڵە هەژارەکان بوون. کڵێسا لە رێگەی زمانی لاتینییەوە تەواویی مەعریفەی قۆرخ کردبوو. زانین ئەو دەسەڵاتە بوو لە لە سنووقەکانی کڵێسا هەڵدەگیرا و دەشاردرایەوە. ئەم دۆخە هەزار ساڵی خایاند. زمانی لاتینی مرد، لەبەر رووناکی ئەم زمانە چەندین زمانی دیکە لەدایکبوون و گەشەیان کرد و ئێستا زمانی زیندووی دنیان .

نموونەی سێیەم : زمانی فەڕەنسی .

ئەم زمانە لە ژێر سێبەری زمانی لاتینیدا هەڵسایەوە، گۆرانییەکانی ژێست کە وەک بەیت و داستانەکانی ئێمە، لەسەدەی یانزە بە دواوە ئاوڕی جیدیی لێ دەدرێنەوە و تۆمار دەکرێن. وەک بڵێی، زمانەکان لە ژێر خۆڵەمێشدا، خۆڵەمێشی گۆرانییەکاندا سەرهەڵدەدەنەوە. ئەم هەستە نوێیە لە نێو فەڕەنسییزماناندا دروست دەبێت و هێدی هێدی قۆناغەکانی بەشاربوون و ئاڵوگۆڕی بازرگانی وا دەکەن کە ئەم زمانە بترنجێتە نێو کڵێساکان و لە قۆناغی رێنێسانسدا ئیدی شوێنی لاتینی جێلەق بکات و بیەوێ خۆی بسەپێنی و ببێ بە شوناسی نەتەوەی فەڕەنسا. ئەم بە شوناسبوونە بە تەواویی لە شۆڕشی فەڕەنسیی بەدواوە جێی و پێگەی خۆی قایم دەکات و وردە وردە زمانی فەڕەنسی هەموو کایەکانی ژیان دادەپۆشێ. تەنانەت دێکارت ( سەدەی حەڤدە) کاتێک کتێبە بە ناوبانگەکەی " گوتار سەبارەت بە مێتۆد" دەنووسێ بە زمانی لاتینی دەینووسێ. بە واتایەکی دیکە، زمانی فەڕەنسی هەزار ساڵی ویست تاکو ببێ بەو زمانەی کە ئیدی دواتر سارتەر و کامۆ و سێلین و بۆدلێر و کامۆ گوزارشتی ئەدەبی و فەلسەفیی خۆیانیان پێ بنووسنەوە .

زمانەکەی خۆمان :

کوردی وەکو زمانی فەڕەنسیی وایە، لە پاڵ هەژموونێکی ئایدیۆلۆژیی باڵادەست لەدایکدەبێتەوە. تەمەنی هۆشیاریی ئێمە سەبارەت بە زمانەکەمان ٢٠٠ ساڵێکە یا زیاترە، راستە لە سەدەی حەڤدە، خانی ئاوڕێکی جیدیی لەم زمانە دەداتەوە، بەڵام مێژووی ئێمە، بە پینەی بێدەنگی داپۆشراوە وەکو گاستۆن پاریس دەڵێ کاتێک قسە لەسەر سەدەکانی ناوەندی فەڕەنسا دەکات. چونکە هەژموونی زمانەکانی دەوروبەر لە سایەی دەسەڵاتخوازییەکی بێوێنەوە هەمیشە ویستووێتی زمانە لۆکاڵەکان تەحجیم و بەرتەسک بکاتەوە. گەشەسەندنی هەموو زمانێک لە دنیادا پێویستی بە سیاسەتی زمانەوانیی هەیە، پێویستی بە دروستکردن و دامەزراندنی پێگەی ماددی هەیە. هیچ زمانێک کورت ناهێنێ تاکو بوار بە قسەکەرانی نەدا گوزارشت لە خۆیان بکەن، چونکە داهێنانی زمان بۆ گوزارشتکردنە، هیچ میللەتێک نییە زمانێکی ناکامڵ بئافرێنێ بۆ ئەوەی بە نوقسانی گوزارشت لە خۆی بکات، بەڵام رۆڵی ئایدیۆلۆژیای باڵادەست، ئاینی سەپێنراو لە رێگەی زمانێکی دیارییکراوە وایکردووە کە زمانەکانی دیکە نەتوانن بە تەواویی گەشە بکەن .

زمان دنیایەکی تەواو نەبووە، وەکو ئەڵماس وایە تاکو بیسڕیتەوە ئەوەندەی دیکە بریقە دەداتەوە .

ئۆتۆکۆتۆنە ئوسترالییەکان تەنها تاکو ژمارەی ٣ یان هەبوو، چونکە پێویستییان بە ژمارە نەبووە بۆ بەڕێوەبردنی ژیانیان، نەک قودرەتیان زکماکییان نەبووبێ تاکو ملیۆن بژمێرن...



ڕیکلام