لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردوو پارێزگاری هەولێر بۆ ژیان دەدوێت

  2021-04-15  | 
 دیار حسێن
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، رووداوەکانی شەوی رابردوو پێمان دەڵێت، هەندێک بۆشایی ئەمنیی هەیە کە تەنها بە هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی دەتوانرێت ئەو بۆشاییە پڕبکرێتەوە.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، هێرشەکانی شەوی رابردوو بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنکەیەکی سەربازی تورکیا لە باشیک، پێمان دەڵێت هەندێک بۆشایی ئەمنی هەیە کە تەنها بەهەماهەنگی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا، دەتوانرێت ئەو بۆشاییە پڕبکرێتەوە و هێزە ئەمنییەکان باشتر ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و پارێزگاری لە سەلامەتی هاوڵاتیان بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە کێشەی ئەو سنورانەی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە، لە چوارچێوەی دەستوردا چارەسەر بکرێن.

پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند، "هیوادارین ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێبکرێت و پێشمەرگەش بگەڕێتەوە بۆ ئەو سنورانە بۆئەوەی ئاسایشی ناوچەکە بپارێزن".

کاتژمێر 9:45 خولەکی شەوی رابردوو هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و پاش چەند خولەکێک لەو هێرشە، چوار موشەک ئاڕاستەی بنکەیەکی سەربازی تورکیا لە باشیک کران .

دواتر وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای لێکۆڵینەوە و بەداواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هۆکاری تەقینەوەی ئەمشەوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لە ئەنجامدا دەرکەوت کە هێرشەکە بەڕێگەی درۆنی TNTکراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لە ناو فڕۆکەخانە ".

ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنها زیانی ماددی بەر باڵاخانەیەک کەوتووە .

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و شوینی هاتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە.



ڕیکلام