جەمیل بایک: کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامداوە

  2021-04-15  | 
جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، لەئاستی ناوخۆ ناوبەناو لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، دەشڵێت، هیچ پەیوندییەکی رێکخراویان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتدا نییە .

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی پەیمانگای لێکۆڵینەوەی "ریسپۆنسیبڵ ستەیت کرافت"، جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، ڕەنگە کۆبونەوەکانیان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا، کە لە ڕێگەی چەند نێوەندگیرێکەوە ئەنجامدراون، بۆ ئەوە بوبێت کە بۆچونیان وەربگیردرێت .

دەشڵێت، "ئێمە نامەمان بۆ هەموو سەرکردەکانی ئەمریکا ناردووە، هەروەها لە ڕێگەی چەند نێوەندگیرێکەوە، هەندێک لە یەکەکانمان کۆبونەوەیان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا هەبووە لەئاستی ناوخۆدا . "

جەمیل بایک زانیاری وردی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە نەدرکاندووە، بەڵام رایگەیاندووە،  "ڕەنگە هێزەکانی ئەمریکا ویستبێتیان لەبارەی ڕای ئێمەوە بزانن ."

لەبارەی پەیوەندی نێوان پەکەکە و هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان، بایک ئاماژەی بەوەکردووە، هەردولا لە رۆژئاوا و شنگال پەیام بۆ یەکدی دەنێرن و چەندین شەڕڤانیان چوونەتە ڕیزەکانی هەسەدە و دەیانەوێت لەدژی تورکیا و چەکدارانی داعش بجەنگن .

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕەتیکردووەتەوە کە هیچ پەیوەندییەکی ڕیکخراوەییان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە هەبێت، دەشڵێت ئەو شەڕڤانانەی کە لەنێو پەکەکەوە چوونەتە نێو ڕیزەکانی هەسەدە، شەڕ دەکەن بۆ پاراستنی خەڵکەکەیان و ئازادی ئەو خاکەی کە تێیدا لەدایکبوون.

دووپاتیشیکردووەتەوە، "ئەگەر ئەمریکا سیاسەتەکانی لە بەرژەوەندی چارەسەرکردنی کێشەی کورد و بەدیموکراتیکردن بێت، ئێمە هەرگیز ڕەتیناکەینەوە ."

بەوتەی ئەو بەرپرسەی کەجەکە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا دەزانێت کە ئەوان گەورەترین کۆششیان داوە لە دژی چەکدارانی داعش .

جەمیل بایك ڕاشیگەیاندووە کە پەکەکە ئامادەیە لە ڕێگەی گفتوگۆوە بگاتە پرۆسەی چارەسەری بە مەرجێک ببێتە هۆی بەدیموکراتیکردنی هەموو تورکیا، بەڵام بەوتەی ناوبراو، تورکیا تەنیا دەیەوێت گەلی کورد ڕووبەڕووی جینۆساید بکاتەوە.



ڕیکلام