بۆ رێگریکردن لە هەوڵەکانی پارتی سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنەکان، یەکێتی لەدژی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، داوایەک ئاڕاستەی دادگای فیدڕاڵی دەکات.
دوای ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ماوەبەسەرچوووی هەرێم بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە دادگای فدراڵی سکاڵای یاسایی لەسەر سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆمار کرد، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆکی لیستی یەکێتی لە هەولێر، داوایەکی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی دادگای باڵای فیداڵی کردووە، لەبەرژەوەندی کۆمیسیۆن و ئەنجامدانی هەڵبژادن لە وادەی خۆیدا.
لە داواکەی شاڵاو کۆسرەت رەسوڵدا ئەوە روونکراوەتەوە کە پێشکەشکردنی داواکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێچەوانەی دەقی ماددەی (١٩/دووەم)ی یاسای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارە ٣١ی ساڵی ٢٠١٩ی هەموارکراوە کە تێیدا هاتووە: (لە بابەتەکانی پەیوەست بە کاروباری هەڵبژاردن، جگە لە بەردەم دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان، ، نابێت لە هیچ شوێنێکی دیکە تانە لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران بدرێت).
ئەوەش خراوەتەڕوو، کاتی تۆمارکردنی داواکە پێچەوانەی دەقی ماددەی (٢٣)ی پەیڕوی ناوخۆی دادگایە کە تیایدا هاتووە: (دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ لە دیاری کردنی رۆژی هەڵبژاردن، ناتوانرێت تانە لە هیچ یاسایەکی هەڵبژاردن یان دەقێکی هەڵبژاردن بدرێت، داواکەی بارزانیش لە کاتێکدایە تەنها یەک مانگ ماوە بۆ رۆژی هەڵبژاردن کە بە مەرسومێکی هەرێمی دیاریکراوە، جگە لەوەش رێکارەکارەکانی کۆمیسیۆن و پەیڕەوەکانی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن پشتیان بە یاسای هەڵبژاردنەکانی کارپێکراوی هەرێمی کوردستان و بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە ٨٣ و هاوتاکانی لە ١٣١ و ١٨٥/ فیدراڵی/ ٢٠٢٣ بەستووە.
لە داواکەی یەکێتیدا ئەوەش هاتووە، راگرتن یان ھەڵپەساردنی کارەکانی کۆمیسیۆن لەم کاتە ھەستیارەدا کە ماوەیەکی زۆر کەم ماوە بۆ رۆژی دەنگدان و کۆمیسیۆن گرێبەستەکانی تایبەت بە ھەڵبژاردنەکەی تەواو کردووە، لەوانە چاپکردنی فۆرمەکانی دەنگدان و گرێبەستی پرۆگرامی ئامێرەکانی دەنگدان، دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی ملیۆنان دۆلار و شەڵەژان بۆ کارەکانی کۆمیسیۆن دروست دەکات، لەلایەکی دیکەشەوە ھەوڵ و ماندووبوونەکانی حزب و کاندیدەکان بەفیڕۆ دەکات، جگە لەو زیانانەی بە گەڵی کوردستان دەکەون لە پێکنەھێنانی حکومەتێکی هەڵبژاێردراو.