دیدیكی شاعیری کورد (دڵشاد عەبدوڵڵا) سەبارەت بە نەتەوە

  2021-04-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

بە کورتی، ئەگەر نەتەوە ویژدان و زمان و خۆشەویستی ئینسان و شوێن بێ، بەڵێ. بەڵام بیروباوەڕی سیاسی، نەخێر. لەبەر هۆیەکی زۆر سادە. ئەویش ئەمەیە: حیزبە کوردییەکان لە چلەکانەوە ئەو مۆدیلە فاشیلەی کوردایەتییەیان هێناوەتە ناوەوە کە جگە لە جەهالەت و دوا کەوتوویی و لەتکردنی مرۆڤی کورد و دوا بەرهەمیشی ژنکوژییە، هیچی تری بەرهەم نەهێناوە. دەبێ لێی ڕزگار بین .

بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی خەیاڵی ئەوان کۆمەڵگەی کوردستان یەک پێکهاتە نییە، فرە پێکهاتەیە. کورد لە ئێران جۆرێکە و لە شوێنەکانی تر جیاوازە. لەوێ کلتوور و کەلەپوور و لادێ ماوە، لە عیراق بۆتە خۆڵەمێش. جگە لەمە، لە کوردستاندا نەتەوەی تریش هەن، تورکمان، ئاشووری، کلدان، ئەرمەن. تا ئێستا کورد وەکو کەمینە، یان پێکهاتە ناویان دێنێ. ئەوە کلتووری پڕ غرووری حیزبەکانە کە ئامادە نییە وەکو نەتەوە قبووڵیان بکا .

بۆیە من شەرم دەکەم بڵێم، هەڵگری ئەو جۆرە بیرکردنەوەیەم . وەکی دی شانازی بە زمانی خۆم دەکەم؛ ئەگەرچی زۆر موعاناتیشم هەیە بەدەستییەوە. شانازی بە دۆڵ و کێو و بەرد و ئاوی وڵاتەکەم دەکەم؛ کە وایکردووە تاراوگە هەلنەبژێرم و ئەو هەموو ساڵانە بەو هەموو نەهامەتییەوە لێرە بژیم .

 ڕەنگە شتێک لە چانسیشی تێدابێ کە ناچار نەبووبم بڕۆم و نیشتمان لە دووتوێی پەڕەی دڵ هەڵگرم وەک هاوڕێکانم لە تاراوگە .... خۆشەویستی ئەو شتە سادە و ڕاستگۆیانەی سروشت لام گەورەترە لە قاڵبە سوواوەکانی بیروباوەری بەرتەسکی کوردایەتی دروستی کردوون.



ڕیکلام