سەما لە سەردەمی بازاڕدا

  2021-05-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەردار عەزیز

لە شەقامی سەهۆڵەکە کچ و کوڕێکی لاو لە بەردەم کۆمەڵێک گەنجدا بە مۆدێلێکی ڕۆژئاوایی سەما دەکەن. ئەگەر ئێمە لە سەردەمی چاودێرییدا نەژیاینایە، سەردەمی کامیرا و گەیاندن و پاشان بە کاڵاکردن و بە بازاڕکردنی، ئەوا ئەگەری زۆربوو ئەو روداۆکە تەنها لە ئەو پانتاییەدا بمایەتەوە و تەشەنەی نەکردایە. وەک شوشانە زوبۆف بە ووردی لە کتێبی سەرمایەداری چاودیریدا بۆمان باس دەکات، ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە بەوپەڕی ووردی چاودێری دەکرێین و پاشان ئەو چاودێرییە دەخرێتە خزمەتی بازاڕەوە .

کاتێک دیمەنەکە تەشەنەی کرد خێرا کۆمەڵگا و بەرەکانی سەنگەریان لە یەکگرت. بۆ ئاسانکاری دوو بەرە ئاماژە پێدەدەین، بەرەی ئیسلامی، کە جیاوازە لە موسوڵمانان، لە گەڵ بەرەی عەلمانی کە ناوێکە بۆ ئاماژەپێدراوێکی لێڵ. ئەم پۆلێنکارییە بە هیچ شیوەیەک لە ئاستی زانستی و کۆمەڵناسیدا تەواونیە بەڵام بۆ مەبەستی ئاسانکاری بەکاری دەبەین .

ئەم دوو بەرەیە هەریەکە و خیتاب و چەمک و خەم و فیکری خۆی هەیە. بەڵام ئێمە لێرەدا کەمێک ئاڵتۆسێرییانە بیردەکەینەوە، کە دەڵێت لە پشت هەموو ململانێیەکی فیکرییەوە، ململانێیەکی سیاسی بونی هەیە. بە قسەی ئاڵتۆسێر، ئامانج سیاسەتە نەک فیکر، فیکر خزمەتکار و داردەستی سیاسەتە. لەم روانگەیەوە ئەوەی دەوترێت، ئەوەی دەردەبڕدرێت، ئەوەی مشتومڕی لە سەر دەکرێت، لە ئەنجامدا ئامانجەکەی بەدەستهێنانی دەسەڵاتە بە شێوازە جیاوازەکانی. دەسەڵات وەک کورسی، داهات، پێگە، پۆست، ناوبانگ، نوێنەرایەتیکردن، بوون بە دەمڕاست، قسەکەر و زۆر شێوازی تر .

چەمکی عەلمانی یان بەرەی عەلمانی بەرە لاوازەکەیە. هۆکارەکانی ئەم لاوازییە زۆرن. نەبونی پاشخانی مەعریفی لە نێو جەماوەردا، نەبونی بیرمەندی تایبەت و قوڵ بە ئەو بوارە، نەبونی سەرچاوەی بەردەست لەو بوارەدا. لە هەمانکاتدا نامۆبون و نارونی ئەم چەمک و دونیابینی عەلمانی، نەک لە کوردستان بەڵکو تەنانەت لە ڕۆژئاواش .

ئیسلامییەکان، کە ئیسلامی سیاسیین، ئێستا بوەتە بەشێک لە ڕۆژەڤیان، کە هەر ڕوداوێکی بچکۆلە لە هەرکوێیەک ڕوبدات ئەوا بستێکی بە قەرز نادەن و بەو پەڕی توانایانەوە دەیقۆزنەوە. ئەم قۆزتنەوەیە بە هەڵە لە لایەن بەرەی عەلمانییەوە لێکدەدرێتەوە. (دیارە خۆی بە گشتی هەڵەیە بەرەیەک یان کەسێک عەلمانی بێت، بەڵکو دەکرێت کەسێک یان بەرەیەک بڕوای بە عەلمانیەت هەبێت، چونکە لە توانای کەس و بەرەدانیە کە عەلمانی بێت. عەلمانی بون تەنها لە توانای دەوڵەتدایە).  بەرەی عەلمانی کوردی وەها خۆی پۆلێن دەکات کە پێشکەوتوە، لە پێشەوەیە. ئەم دیدە زۆر مارکسیانەیە و هەتا ئاستێکی زۆریش ڕەگەزپەرستیانەیە. پۆلێنکردنی کۆمەڵگا بۆ پێشکەوتوو و دواکەوتوو،  بەمانای ئەوە دێت کە زەمەن لە سەر هێڵێک دەڕوات لە دواکەوتووییەوە بۆ یوتوپیا، یان ئەوپەڕی باشیی. ئەم تێگەیشتنە بۆ زەمەن قەیراناوییە. دیارە چەمکی عەلمانی خۆی چەمکێکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پۆلێنکاری زەمەنەوە هەیە.  سێکویلاریس یانی زەمەنی دونیایی لە بەرامبەر زەمەنی نادونیایی یان ئەودونیایی یان زەمەنی ناکۆتا. دیارە کاتناسی بوارێکی قسە لە سەر نەکراوە لە دونیای ئێمەدا بە تایبەتی ئێستا کاتی مرۆیی لە ژێر پرسیاری گەورەدایە لە بەرامبەر کاتەکانی تر، وەک کاتی سروشتی یان کاتی قوڵ، بەڵام لەم سەرئێشەیە بە دوورتان دەگرم لێرەدا .

ئەم پۆلێنکارییە مارکسییە بەشێکە لە ئەو پرۆسەی لە مرۆڤخستنە، کە بنەمای کۆمەڵێک زۆر لە جینۆسایدی داڕشتوە لە دونیادا. بەم پێیە قەیرانی عەلمانی کوردی لە سەرەتادا ئەوەیە کە زەمەنی خۆی ناناسێت، لە سەردەمی خۆیدا ناژی، شەڕەکانی شەڕی خۆی نیە .

ئەوەی لە هەموو تراژیدیترە، ئەوەیە کە عەلمانی کوردی بەرهەمی ئیسلامی سیاسی کوردییە لە ئێستادا. عەلمانی بە دەرپۆقاندنی وەک بەرەیەک و ناونانی وەک بێدین، لە لایەن ئیسلامییەکانەوە، بۆ ئەوەیە ئەو دوژمنە پێویستە بەرهەمبهێنن کە بەشێکی ئێجگار سەرەکییە لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی گشتدا. بەبێ بونی عەلمانی وەک بەربەری، ناتوانرێت ئەم کارە بکرێت.  لێرەدا دەقە شیعرێکی شاعیری گەورەی یونانی کۆنستەنتین کاڤافی کە ناوی لە چاوەڕوانی بەربەرییەکاندایە، شایانی خوێندنەوەیە .

ئەوەی جێگای سەرنجە بێتوانایی بەرەی عەلمانییەکانە لە بە ئاگابون لە ئەوەی کە چۆن کۆنسیوم دەکرێن لە لایەن ئیسلامییەکانەوە، چۆن دەکرێن بە ئەو بەربەرەییەی کە پێویستە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئەوان بەرجەستە بێت. عەلمانییەکان نەک هەر بێئاگان، بەڵکو لە باوشی ئیسلامییەکاندا سەما دەکەن کاتێک بە زمانێکی ناکۆمەڵایەتی و دۆگمایانە دیدی خۆیان دەردەبڕن، کە ئەو جۆرە دەربڕینەیە کە ئیسلامییەکان دەیانەوێت. کاتێک لە فەیسبوک نوسیم لەم سەمایەدا  “عەلمانییەکان” لە باوەشی ئیسلامییەکاندان، بۆ هەندێک مایەی ناڕەزایی بوو. هەستمکرد بڕێکی زۆری مۆرەکردن لە دەربڕینەکە لە ڕەهەندی ماسکیولینیتی دەربڕینەکەوەیە، ئەوەی لە باوەشە، مێینەیە. ئەوەی لە باوەش دەگرێت نێرینیەیە. هێشتا زمانی سیکسی ئێمە زمانی جەنگی پیاوە بە سەر جەستەی مێینەدا، نەک زمانی خۆشەویستی. زمانی خۆشەویستی کوردی، جگە لە ئەوە کە زمانێکی نەخۆشە، بەڵام لە سەروی هەمویەوە زمانێکی نێرینیەیە کە پەیوەندی لە گەڵ ئەویتری مێینەدا جۆرێکە لە زاڵبون، ئازاردان، لاقەکردن. بۆیە عەلمانیش هەر لە هەناو زمانی دینیدایە.  نەک زمانی مرۆیی .

گەمەی ئیسلامییەکان چییە؟ ئەگەر چەند چەمکێک لە خیتابی ئیسلامییەکان هەڵاوێریین، بە ڕونی چەند مەبەستێکمان بۆ ڕون دەبێتەوە. ئیسلامییەکان باس لە ئادابی گشتی دەکەن، باس لە هەستوسۆزی زۆرینە دەکەن، باس لە پیرۆزییەکانی موسوڵمانان دەکەن. لە ڕێگای ئەم چەمکانەوە، ئیسلامییەکان کە کەمینەیەکی کەمی دونیای ئێمەن، دەیانەوێت ببن بە نوێنەری موسوڵمانان کە زۆرینەی دونیای ئێمەن. دەیانەوێت خۆیان وەک پاریزەری هەست و سۆز و پیرۆزییەکان و ئادابی گشتی لە قەڵەم بدەن. ئەم پێگەیە خواستێکی ئاینی نیە، بە جێگەیاندنی داوایەکی خودانیە، بەڵکو خواستێکی سیاسییە. ئەم خواستە سیاسییە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە گشتێک هەیە، کە موسوڵمانانن، ئەم گشتە لە بەردەم مەترسیدایە، لە لایەن عەلمانییەکانەوە، کە وەک بەربەرییەکانی ناو کایەی دەسەڵاتەکان دەبینرێن، لە سەردەمی ڕۆمانەوە، هەتا ئەمرۆ، ئیسلامییەکان دەیانەوێت زۆرینە لەم ئەم گورگانە بپارێزن. دیارە چەمکی بەربەریی و گورگ چەمکی تا سەر ئیسقان فەلسەفین. گورگ ئاماژەیە بۆ بونی مەترسی و پێویست بونی شوان بۆ مەڕەکان. ئەوەی میشێل فۆکۆ لە پاستەریزیمدا کاری لە سەر دەکات .

ئیسلامییەکان لەم گەمەیەدا براوەن. چونکە زۆرینە دەترسن. ئەوەی ئەم ترسەی قوڵکردوەتەوە خێزانە. گەر لە دەربڕینی خەڵكی بنوارێت هەمیشە تارمایی خێزان لە دربڕینەکانیاندا ئامادەیە. خێزان چیە و چ جۆرە پانتاییەکە، جێگای مشتومڕی زۆرە لە بواری ئاین و فیکر و فەلسەفە و بوارەکانی تردا. حەزدەکەم لە داهاتودا قسەیەکی لەسەر بکەم، بە تایبەتی لە چوارچێوەی ئەمڕۆ ئەمریکادا، کە خێزان و چۆنێتی خێزان و پەیوەندی خێزان و دەسەڵات بوەتە کایەیەکی سیاسی زەق. بە کورتی لە کتێبەکەی ئینجلسەوە، خێزانی پیرۆز، چەپ دیدێکی ڕەخنەیی هەیە بۆ خێزان. لە  بەرامبەردا پارێزەرەکان خێزان وەها دەبینن کە پانتاییەکە دەبێت دەوڵەت لێی دووربێت. ئەم دوو بەرەیە لە دونیادا لە کات و زەمەنی جیاوازدا بە جۆری جیاواز بەرجەستەبوە. دونیای ئێمە بە ئاگایی و بێئاگایی لە سەر هەمان ئاواز دەخوێنێت. گەر تەماشای کۆی کارەکانی شێرزاد حەسەن بکەیت هەموو ناڵینە بە دەست باوکێکەوە، کە دیکتاتۆرانە لە سەروی هەرەمی خێزانەوەیە .

ئایا ئەو سەمایە لە سەردەمی کامیرادا بەشێکە لە ئازادی؟ هەتا عەلمانییەکان بیکەن بە پرسی خۆیان. بەڕای من نەخێر. یەکێک لە قەیرانە میتۆدۆلۆجییەکانی عەلمانییەکان ئەوەیە کە ڕوداو و چەمک  لە یەکتر ناکەنەوە. نازانن چۆن لە ڕوداوەوە بڕۆن بۆ تیورە و لە تیورەوە بێنەوە بۆ ڕوداو. هەموو سەمایەک بەشێک نیە لە سەمای ئایدیال، بەڵکو دەکرێت کردارێکی پرۆڤۆکەتیڤ بیت، کردارێکی ورژێنەر، لە پێناوی کارو کاسبیدا. یان لە پێناو تیلەیەکدا لە سەردەمی بازاڕدا. تیلە بوارێکی ترە کە ئێمە بەردەوام پیادەی دەکەین و هەتا ئێستا بۆ چرکەیەکیش لە سەری کڕ نەبوویین. تیلە، بە تایبەتی لە فەلسەفەی فەرەنسیدا بوارێکی چڕە. لە سارتەرەوە هەتا لاکان. بەڵام با فەرەنسییەکان لە ئەولاوە بوەستن، چونکە بیری فەرەنسی لە هەرزەیی و هەڵەشەییدا پانتاییەکی زۆری دونیای هەرزەکاری مەعریفی ئێمەی پێکهێناوە. سەما لە سەردەمی بازاڕدا ڕەنگە بۆ تیلەکەیەک بێت لە پەیجێک، یوتوبێک، ئەو تیلەیەش سپۆنسەرەکەی بازاڕبێت. یانی بەرهەمهێنانەوەی لە پانتایی بازاڕدا، بە ئەو فێڵەی کە ئەمە لەش و لارێکی جوانە، ورە بیبینە و لە گەڵیشیدا ئەم کاڵایانە ببینە. سەمای سەردەمی بازاڕ، چ بازاڕی کاڵا و سەرمایەداری، چ بازاڕی سیاسەت و دەسەڵات، دەربڕین نیە لە ئازادی. ئازادی چەمکێکی ئێجگار ئاڵۆزە کە بەرجەستەبونی هەمیشە سنورداربوە لە پێناو ئازادنەبوندا. ئازادی هەمیشە یانی نایەکسانی، بێبەریی بون .

هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کە دەبێت ئێمە بە ئەم هەموو ئەکتەرە موزەیەفە فریو نەخۆین .

ساتی سیاسی ئێمە، ساتی گەیشتی دیموکراسییە بە مانا فراوانەکەی. ئەگەر پرۆسەی بە دیموکراسی بونی ئێمە، کۆمەڵگا ئێمە پەرتبکات بۆ بەرەی دژ بەیەک، لە فۆرمی شوناسدا خۆیان ڕێکبخەن، ئەوا ئێمە نابین بە خاوەن دیموکراسی. ڕێکخستنی شوناسی یان ناسنامەیی ئەو جۆرە ڕێکخستنەیە کە هاتنە دەرەوە لێی ئەستەمە. جۆرێکە لە تیرەگەرێتی. دیموکراسی بەرجەستە نابێت کاتێک بەرژەوەندی و دیدە جیاوازەکان خۆیان وەک ناسنامە بەرجەستە بکەن و لە ململانێیەکی ئەزەلیدابن لە گەڵ دەرەوەی خۆیان. لێرەدا دانوستان و لەیەکگەیشتن و بەرژەوەندی گشتی و سازش و زۆر خەسڵەتی تر نایەنە بون کە پێویستن بۆ بەرجەستەبونی حوکمڕانی.



ڕیکلام