لە پەراوێزی چیرۆکی گیراوەکانی بادینانەوە

  2021-05-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کورد و عەرەب چەند جیاوازن، دەبێت هەرێم و بەغداش هێندە جیاواز بن!

ئیبراهیم سادق

چیرۆکی کورد، چیرۆکی جیاوازییەکانە. ئەگەر چیرۆکی باشووری کوردستان، هەمان چیرۆکی بەغدا و ئەنقەرە و تاران بێت، کەواتە، دووبارەبوونەوەیەکی بێزارکەر و ڕەزاقورس و بێمانا دەبێت. سەرکەوتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بە جیاوازییەکی بونیادی لەو پێتەختانە دەست پێدەکات، کە دەیانەوێت باشوور چیرۆکێکی جیاواز نەبێت، بۆ ئەوەی چیرۆکێکی سەرکەوتوو نەبێت .

چیرۆکی تورکیا، چیرۆکی جینۆساید و داگیرکاری و زیندانێکی گەورەی هەزاران ڕۆژنامەنوس و سیاسی و ڕۆشنبیری ئەو وڵاتەیە بەکورد و تورکەوە. چیرۆکی عێراق، چیرۆکێکی شکستخواردووی سیاسی و کۆمەڵایەتییە، چیرۆکی جینۆساید و شەڕ و ئاژاوە و میلیشیاکانە، چیرۆکی ئێران و سوریاش هەروەتر. ئەی چیرۆکی باشوور چی دەبێت؟

چیرۆکی باشوور بەوەوە جوانە کە بەهەشتێکی ئارامی هەموو کەمە نەتەوە و ئاینەکانە. هەروەها بەوەشەوە جوان دەبێت کە چیرۆکی عیشق و جیاوازی و سیاسەت و ئۆپۆزسیۆن و خەبات و بەرخودان و سەماکردن و نوێژکردن بێت. چیرۆکی بەختەوەری و شانازی و سەرکەوتنی هەموو هاوڵاتییان بێت بەبێ جیاوازی. چیرۆکی هەموو ئەو خەڵکانە بێت کە لەدەست ڕژێمەکانی ناوچەکە، لەجیاتی پەنا بۆ ئەوروپا ببەن، پەنا بۆ هەرێمی کوردستان بێنن و داڵدە بدرێن .

چیڕۆکی هەرێم بەوەوە جوان و سەرکەوتوو دەبێت، خۆشگوزەرانی هاوڵاتییان خەمی سیاسەت و ئیدارە بێت. زەمینەسازکردن بۆ ئازادییەکان و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ بێت. چیرۆکی بیناکردنی شوناس و متمانەبەخۆبوون و عیشق و ئازادی و شکۆمەنندی بێت .

چیرۆکی هەرێم دەبێت بەوە دەست پێبکات، کورد چەند جیاوازە لە عەرەب، لە تورك و لەفارس، دەبێت هەرێمەکەشی هێندە جیاواز بێت لەو هەرێمانەی عەرەب و تورك و فارس. لەبنەڕەتیشدا کەنەمانویستووە ببین بە عێراقی و ئێرانی و تورکی، چونکە ویستوومانە جیاواز بین، وەکو ئەوەی کە جیاوازین. بەڵام جیاوازبوون دەبێت چیرۆکێکی سەرکەوتووی لەپشتەوە بێت. دەبێت چیرۆکێك بێت بەکۆمەڵێك ئەکتەری سەرکەوتوو، بەجیاوازییەکان، بەدابینکردنی مافەکان، بەجەختکردنەوە لەسەر ئامانجە بەرز و پیرۆزەکان، بە جیاکردنەوە و سەربەخۆیی دادگاکان و گەرموگوڕی پەرلەمان و لێهاتوویی و لێزانی دەزگای ڕاپەڕاندن، نەك خۆخەریكکردن بە خۆخواردنەوە و ململانێی نەزۆك و خوێن و شەرمەزاری و سەرکوتکردنی ئازادییەکان و هەڵبەستنی چیرۆکی دووبارە و شەڕی لاوەکی و شەرمهێنەر .

لێرەدا، چونکە، ستراتیژییەتی جیاوازبوون لەئارادا نیە، چونکە چیرۆکەکان دووبارەن، هەم خەڵك بێزار بووە و دەبێت و ئەمری واقیع قبوڵ ناکات، هەمیش قونسوڵخانەکان نیگەران دەبن، وەکو ئەوەی کە دوێنێ و ئەمڕۆ زۆربەیان نیگەرانی خۆیان کرد بە دەستپێکی چیرۆکێکی بێزارکەر و دووبارە .



ڕیکلام